چیرۆكی هەڵبژاردنی ناوە نوێیەكەی "مەریەم" لەلایەن نێچیرڤان بارزانی

کوردستان

22/06/2018‌ 12733 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەیاد كاكەیی پارێزەری مەریەم، كە دواتر پاش پشكنیكەی ناوەكەی گۆڕا بۆ هاوناز، بەڵام بەپێی بڕیارێكی دادگا ناسنامەكەی لێوەرگیرایەوە، لەنوێترین پێشهاتیشدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناوێكی نوێ بۆ مەریەم‌و دایك‌و باوكی دادەنێت و بەم زووانە بەو ناوە نوێیەوە دەبێتە خاوەنی ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی نوێی عێراقی.

ئەیاد كاكەیی پارێزەری دۆسییەی (مەریەم هەڵەبجەیی) لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا لەبارەی چارەنووسی مەریەم هەڵەبجەیی لەپاش بڕیاری دادگا بۆ لێسەندنەوەی ناسنامە و بەڵگەنامە فەرمییەكان، وتی: "لەلایەن نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە پەیوەندیم پێوەكرا، كە وەك پارێزەرێك چ ڕێیەك هەیە بۆ پێدانی ناسنامە بە (مەریەم)، منیش ڕێ و شوێنەكانم بۆ دیاریكردن تەنیا ناوی مریەم و خانەوادەكەیم بە بەتاڵی بەجێهێشت."

پارێزەرە تایبەتییە خۆبەخشەكەی مەریەم هەڵەبجەیی باسی لەوەكرد، هەفتەی ڕابردوو سەرۆكی حكومەتی هەرێم مەریەمی بانگكردووە بۆ چاوپێكەوتن لەیەكەم بینینیدا بە ناوی ( ژیان) بانگی كردووە، دواتر پێی وتووە، لەمەودوا ناوی تۆ (ژیان) دەبێت بەپێی ناسنامە نوێیەكەت، ناوی باوكیشت، كامەران دەبێت ،چونكە ئیتر ناخۆشی بۆ تۆ كۆتایی هات ژیانت كامەران دەبێت، هەروەها حەزدەكەم ناوی دواترت (هەورامی) بێت، چونكە خۆت خەڵكی ئە ناوچانەی با مۆركی ئەو ناوچەیەت پێوەبێت، هەروەها ناوی دایكیشت (كوردستان) دەبێت، چونكە كوردستان نیشتمان‌و دایكی هەموومانە، ناوی باوكی دایكیشت (دارا) دەبێت، چونكە ناوێكی كوردییە و لەناو كورددا دیارە.

ئەیاد كاكەیی وتیشی: "ئێستا مامەڵە یاساییەكان بۆ پێدانی ناسنامە دەستیپكردووەو لای وەزیری ناوخۆیە، كە فرمانێك دەربكات بۆ تۆماركردنی مەریەم‌و پێدانی ناسنامە بەو ناوە نوێیەی سەرۆكی حكومەتی هرێمی كوردستان ناوی لێنا، بەو پێیەش ناوە نوێیەكەی مەریەم دەبێتە ( ژیان كامەران هەورامی)".

لەدوای (٢٧) ساڵ دابڕان لەخێزان‌و نیشتمانەكەی، لەمانگی ئابی ساڵی (٢٠١٥) یەكێك لەكچە هەڵەبجەییە ونبووەكان لەوڵاتی ئێران بەناوی (مەریەم باروتچیان) گەڕایەوە شاری هەڵەبجە، بەبپێی پشكنینی ( DNA ) یش لەمەراسیمێكی گەورەی پڕ گریانی شادی مەریەم بەناوی ( هاوناز) وەك كچی خێزانك ناسێنرا، كە كچی ئەو خێزانە بەناوی (هاوناز) لە كاتی كارەساتی هەڵەبجە ون ببوو، بەڵام ڕۆژی(١٠-٤-٢٠١٨) دادگای باری كەسێتی لەسلێمانی بڕیاری دا مەریەم (هاوناز) نییە و ناسنامە و بەڵگەنامە فەرمییە عێراقییەكانی لێسەندرایەوە.

پارێزەرەكەی (مەریەم هەڵەبجەیی) باسی لەوەكرد بەنیازن سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو سەنتەرە تۆماربكەن، كە پشكنینە هەڵەكەیان بۆ مەریەم كردو جارێكی تر بوونە هۆكاری ونكردنەوەی مەریەم.

هەروەها وتیشی: "ئێستا مەریم بڕوای بەهیچ پشكنین و شتێك نەماوە، دوای لێسەندنەوەی ناسنامەكەشی زۆر كاری لێكردو خەمی زیاتر خوارد، چونكە جارێكی تر ونكرایەوە، بەڵام ئێستا چاوەڕێی ناسنامەیەكی نوێیە، بەناوێكی نوێیە (ژیان)".

هـ ـ ح