جەژنیش لایەنەكانی‌ ئاشتنەكردەوە
ناكۆكی‌ هێزە سیاسییەكانی‌ هەرێمی كوردستان بەبۆنەیەكی‌ دیكە سپێردرا

عیراق

22/06/2018‌ 1523 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
ناكۆكی‌ توندی‌ نێوان لایەنە سیاسیەكانی‌ كوردستان كۆتایی‌ بەو نەریتە هێنا كە لەجەژن‌و بۆنەكاندا پەیامیان بۆ یەكتر دەنارد‌، ئەمجارە هەریەكەیان بەكۆمەڵێك نیگەرانییەوە لەماڵی‌ خۆیان جەژنیان كرد.

ساڵانی‌ رابردوو، لەگەڵ بونی‌ ناكۆكی‌ سیاسی‌‌و بۆچونی‌ جیاواز لایەنە سیاسیەكان جەژنە پیرۆزەیان لەیەكتر دەكرد‌و لەرێگەیەوە داوای‌ سازان‌و یەكدەنگیان دەكرد، بەڵام ناكۆكیەكانی‌ ئەمجارە بەهۆی‌ هەڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایارەوە گەیشتنە لوتكە وایكرد لایەنە ناڕازییەكان_گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌‌و یەكگرتوو_ دڵیان لەیەكێتی‌‌و پارتی‌ زیاتر بئێشێت‌و جەژنیش نەتوانێت ناكۆكیەكانیان بەرەو هێوربونەوە بەرێت.

ماوەی‌ چوار ساڵە پرۆسەی‌ سیاسی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان لەقەیرانێكەوە دەچێت بۆ قەیرانێكی‌ دیكە، پەیوەندی‌ ئاڵۆزی‌ نێوان گۆڕان‌و پارتی‌ لەسەر پرسی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم‌و داخستنی‌ پەرلەمان دانەمركابۆوە پرسی‌ ریفراندۆمی‌ هاتە سەر ئەمش هێندەی‌ دیكە خوێی‌ كرد بە برینی‌ ناكۆكی نێوان لایەنەكاندا‌و ڕووداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەریش ناكۆكی‌ لەنێوان دوو پارتە فەرمانڕەواكەدا گەیاندە لوتكە، پارتی‌ یەكێتی‌ بە "خیانەتكار" تۆمەتباركرد‌و بەشێك لەیەكێتیش پارتیان بەسەرچاوەی‌ "لەدەستدانی‌" كەركوك ناوبرد.

نوێترین پرسیش كە بازنەی‌ ناڕەزایی‌و ناكۆكیەكانی‌ فراوانكرد، هەڵبژاردنی‌ 12ی‌ ئایاری‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عێراق بوو، كە گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو، یەكێتی‌‌و پارتی‌ بەئەنجامدانی‌ ساختەكاری‌ تۆمەتباردەكەن‌و ئەوەش وایكردوە ئامادەنەبن هیچ دانیشتن‌و كۆبونەوەیەك لەگەڵ ئەو دوو لایەنەدا بكەن.

ساڵانی‌ رابردوو سەرەڕای‌ هەموو ناكۆكییە سیاسییەكان، وەك جۆرێك لەموجامەلە هێزە سیاسییەكان لەجەژندا پەیامیان بۆ یەك دەنارد، بەڵام ئەمساڵ لەجەژنی‌ رەمەزاندا (هەینی‌ رابردوو یەكەم رۆژی‌ بوو) هێزەكان گوێیان لەو نەریتە خەواند.

ماردین ئیبراهیم، ماستەر لەفەلسەفەی‌ سیاسی‌‌و مامۆستای‌ زانكۆی‌ جیهان لە سلێمانی‌، بە "نیقاش"ی‌ وت "پەیوەندی‌ نێوان پارتی‌‌و یەكێتی‌‌و گۆڕان پەیوەندیەكی‌ خراپ‌و گرژە". وتیشی‌ "ئەمجارە ناكۆكی‌‌و گرژییەكە لەپرسی‌ هەڵبژاردندا زیاتر بوو، پارتی‌‌و یەكێتی‌ ویستیان بەتەواوەتی‌ هێزە نەیارەكان لاواز بكەن‌و ئۆپۆزسیۆنێكی‌ لاواز هەبێت لەبەرئەوە شتێكی‌ چاوەڕوانكراوە ئەو پەیوەندیانە بەرەو گرژی‌ بڕۆن‌و موجامەلەكردنی‌ یەكتر كۆتایی‌ بێت".

بزوتنەوەی‌ گۆڕان دیارترین لایەنی‌ ناڕازییە‌و بەتەواوەتی‌ لەیەكێتی‌‌و پارتی‌ نیگەرانە، بزوتنەوەكە پەیامی‌ پیرۆزبایی‌ جەژنی‌ بەتایبەت بۆ هیچ لایەنێك نەناردوە. لەپەیامەكەیدا هاتووە "هیوادارین هاتنی ئەم جەژنە سەرەتای قۆناغێكی نوێ بێت بۆ گەلەكەمان، كە هەموان لە سایەی حكومڕانیەكی دادپەروەرانەدا هەست بەئارامی‌و ئاسودەیی بكەین. لەمڕوەوە وەك هەمیشە بزوتنەوەی گۆڕان دەستی هاوكاری‌و تەبایی بۆ هەر لایەن‌و پرۆژەیەكی دیموكراسیانە درێژ دەكات كە لە خزمەتی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان‌و پێكەوە ژیان بێت".

بەرهەم ساڵح، سەرۆكی‌ قەوارەی‌ هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ لە پەیامێكدا كە لەتویتەری خۆی بڵاویكردووەتەوە نوسیوویەتی، "بەرێزگرتن لە ئیرادەی گەل و پاراستنی دەنگی هاوڵاتیان بۆ راستكردنەوەی رێبازی وڵات‌و كۆتاییهێنان بەگێژاویی قەیرانەكان، كاتی ئەوە هاتووە عێراقییەكان بەئاشتی‌و ژیانێكی پڕ شكۆ بژین".

عەلی‌ باپیر ئەمیری‌ كۆمەڵی‌ ئیسلامیش لەپەیامێكدا لەتەفزیۆنی‌ فەرمی‌ حزبەكەی‌، لەپەیامێكدا بەبۆنەی‌ جەژنەوە لەخودا پاڕایەوە كە دەروی‌ خێر لەخەڵكی‌ كوردستان‌و عێراق بكاتەوە لەم دۆخە دەربازیان بێت.

سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، لەمیانەی بەشداری لە مەراسیمی نوێژی جەژن لە شاری سلێمانی رایگەیاند، "دەبێت لەم بۆنەدا لەگەڵ میللەتەكەمان‌و لەگەڵ خوداش ئاشت بینەوەو كاراكتەرە سیاسەكان‌و هێزە باڵادەستەكان دان بەهەڵەكانیان بنێن‌و ژیان بەم جۆرە بەڕێ ناكرێ‌و میللەتی ئێمە شایستەی ژیانی باشترە".

پەیامی‌ لایەنەكان زیاتر مەتاتیە‌و ئاڕاستەی‌ لایەنێكی‌ دیاریكراو نەكراوە‌و جیاوازە لە پەیامی‌ ساڵانی‌ رابردو كە تێیدا دوای‌ جەژنیان وەك وادەیەك بۆ چارەسەری‌ كێشەكان دیاریدەكرد.

ئیسماعیل نامیق، ئەندامی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌ بزوتنەوەی‌ گۆڕان، بە"نیقاش"ی‌ وت "ناوماڵی‌ كورد زۆر پەرت‌و پەرشوبڵاوە، ئەو كێشە سیاسیانەی‌ كە هەن‌و دەستگرتنی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌ بەسەر دەسەڵاتدا‌و هیچ مرونەت نەكردنێك بۆ لایەنەكان‌و خۆ بەگەورەزانین‌و خۆ بەخاوەن زانینی‌ كوردستان‌و بەبچوك سەیركردنی‌ لایەنەكانی‌ دیكە‌و وەرنەگرتنی‌ بۆچونەكانیان‌و ئیدارەدانێكی‌ خراپ ئەمە وایكردوە نێوانی‌ لایەنە سیاسیەكان لەوپەڕی‌ خراپیدابێت".

ئیسماعیل نامیق، دەڵێت دید‌و تێڕوانی‌ ئێمە بۆ سیستمی‌ سیاسی‌‌و دەستاودەستی‌ دەسەڵات‌و هێزی‌ پێشمەرگە‌و سیستمی‌ ئابوری‌ جیاوازە لە دید‌و تێڕوانینی‌ یەكێتی‌‌و پارتی‌، ئەو یەكڕیزییەی‌ ئەوان داوای‌ دەكەن ئەوەیە كە ئەوەی‌ ئەوان ویستیان لایەنەكان جێبەجێی‌ بكەن. وتیشی‌ "لەبەرئەوە بۆنە نەتەوەیی‌‌و نیشتمانیەكانیش نەتوانن جارێكی‌ دیكە یەكڕیزی‌ لەناو ماڵی‌ كورددا بهێننەدی‌‌و لایەنەكان پەیامی‌ ئاشتەوایی‌ بۆ یەكتربنێرن".

پەیوەندییەكانی‌ گۆڕان لەئێستادا لەگەڵ یەكێتی‌ لەوپەڕی‌ ئاڵۆزیدایە هەرچەندە پێشتر رێككەوتنێكی‌ سیاسی‌ لەنێوانیاندا هەبوو، بەڵام نەك رێككەوتنەكە جێبەجێنەكرا، بەڵكو پەیوەندییەكانیان بە ئاستێك گەیشتوە چەند مانگێك هیچ دیدار‌و كۆبونەوەیەك لەنێوانیاندا نەكرێت‌و لە جەژنیشدا سەردانی‌ یەكتریان نەكرد‌و خراپی‌ پەیوەندییەكانی‌ نێوانیشیان بە ئاشكرا هەستی‌ پێكرا، كاتێك عادل موراد سكرتێری‌ ئەنجومەنی‌ ناوەندی‌ یەكێتی‌‌و یەكێك لەدامەزرێنەرانی‌ ئەو حزبە كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و گۆڕان بەشداری‌ پرسەكەیان نەكرد، پاساوی‌ گۆڕان بۆ بەشدارینەكردن لەپرسەكەدا بۆ "ئەنجامدانی‌ ساختەكاری‌"‌و "هێرشكردنە" سەر مەكۆی‌ سەرەكیان بوو لە سلێمانی‌ لەشەوی‌ 12ی‌ ئایاردا.

ئەندامەكەی‌ جڤاتی‌ نیشتمانی‌، لەوبڕوایەدایە یەكێتی‌ ویستویەتی‌ كودەتا بەسەر گۆڕاندا بكات، "دەی‌ هێزێك بیەوێت كودەتات بەسەردا بكات حەتمەن پەیوەندییەكانت لەگەڵی‌ خراپ دەبن‌و بەڵێ‌ ئێمە ئێستا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی‌ لەوپەڕی‌ خراپیدایە". ئیسماعیل نامیق وای‌ وت.

یەكێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان وەك لایەنێكی‌ سەرەكی‌ ناكۆكیەكان هەژماردەكرێت، چەند بەرپرسێكی‌ ئەم هێزە لەجەژندا پەیامی‌ پیرۆزباییان بڵاوكردەوە بەڵام دیسان ئەمانیش پەیامی‌ سیاسی‌ تێدا نەبوو، تەنها دووبارەكردنەوەی‌ چەند دەستەواژەیەك بوو كە ساڵانێك سەرجەم لایەنە سیاسیەكان دووبارەیان دەكەنەوە ئەویش هیواخواستن بەوەی‌ جەژن ببێتە هۆی‌ ئاشتەوایی‌‌و یەكخستنی‌ ناو ماڵی‌ كورد.

دیارترینیان جەژنە پیرۆزەی‌ قوباد تاڵەبانی‌ كوڕی‌ جەلال تاڵەبانی‌‌و جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێم بوو، كەتێیدا هیوای‌ خواستوە ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر وخۆشی بۆ هەمولایەك وڕۆژی هەموو بەرۆژووان و نزاكانیان قبوڵ بێت لای پەروردگار.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌، پێیوایە كێشەكان ئەوەندە قوڵبونەتەوە‌و دژایەتیكردن ئەوەندە زۆر بووە، خەریكە بابەتی‌ هاوبەش‌و بەرژەوەندی‌ هاوبەش لەبیر دەكرێت.

ئارێز عەبدوڵا، بە "نیقاش"ی‌ وت "ناكۆكی‌‌و ململانێی‌ سیاسی‌ شتێكی‌ ئاساییە، بەڵام ناكرێت بگەنە ئاستێك بەرژەوەندی‌‌و بابەتی‌ هاوبەش لەبیربكرێن، ئەگەر ئەوە بكرێت هەركەسێك بەڕێگەكدا دەڕوات ئەو كاتە هەموو لایەكمان زیان دەكەین، ناكۆكیەكان وایكردوە بەتەنها بیر لە خاڵە جیاوازەكان بكرێتەوە نەك خاڵی‌ هاوبەش".

لەبارەی‌ ئاسایبونەوەی‌ پەیوەندیەكانی‌ حزبەكەی‌ لەگەڵ پەیوەندی‌ ئێمە‌و گۆڕان هەڵكشان‌و داكشان هەیە هەندێكجار باش دەبێت‌و هەندێكجار خراپ بەڵام لەكۆتاییدا لەگەڵ گۆڕان ئەتوانین لێكتێگەیشتنی‌ هاوبەشمان هەبێت.

یەكێتی‌ لە دوای‌ ڕووداوەكانی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەری‌ 2017ەوە پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ پارتی‌ بەتایبەت لە كەركوك گرژیان تێكەوت، بەڵام پرسی‌ هەڵبژاردن‌و چونە بەغدا هەردوو لایەنەكەی‌ لەیەكتر نزیك كردەوە، ئەم هێزە ئێستا پەیوەندییەكانی‌ لەگەڵ گۆڕان‌و هاوپەیمانی‌ بۆ دیموكراسی‌‌و دادپەروەری‌ بەسەرۆكایەتی‌ بەرهەم ساڵح لەوپەڕی‌ خراپیدایە‌و هیچ دیدار‌و كۆبونەوەیەك لەنێوانیاندا نیە.

چەند ساڵێكە لایەنە ناڕازییەكانی‌ لەپرۆسەی‌ حكومڕانی‌ لە هەرێمی‌ كوردستان، پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، بە خەتاباری‌ یەكەم لە كێشە‌و قەیرانەكان دەزانن، ساڵانی‌ رابردو ناكۆكی‌ توندی‌ ئەم هێزە لەگەڵ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ بوو، بەتایبەت لەپرسی‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمدا.

چەند ساڵێكیشە هیچ دیدار‌و پەیوەندییەكی‌ فەرمی‌ لەنێوان كەسی‌ یەكەمی‌ پارتی‌‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ ئەنجامنەدراوە‌و لەم جەژنەشدا پەیامیان بۆ یەكتر نەنارد.

مەسعود بارزانی، سەرۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، لەو پەیامەیدا بەبۆنەی‌ جەژنەوە بڵاویكردەوە هیچ ئاماژەیەكی‌ بەئاڕاستەی‌ نزیكبونەوەی‌ لایەنەكان تێدا نەبوو، ئەو "هاتنی جەژنی ڕەمەزانی لە هەموو مسوڵمانانی‌ كوردستان، لە هەر شوێنێكی جیهان بن، پیرۆز كردبوو".

بەپێچەوانەی‌ قسەی‌ بەرپرسەكانی‌ گۆڕان‌و یەكێتیەوە، بەرپرسێكی‌ پارتی‌ پەیوەندی‌ حزبەكەی‌ لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بەسروشتی‌ ناودەبات. محەمەد خورشید، ئەندامی‌ سەركردایەتی‌ پارتی‌، بە ن"نیقاش"ی‌ وت "ئێمە وەكو پارتی‌ پەیوەندییەكی‌ نا سروشتیمان لەگەڵ هیچ لایەنێكی‌ سیاسی‌ نیە، بەر لەجەژنیش سكرتێری‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ پارتی‌ وتی‌ كە لەپەیوەندییەكی‌ بەردەوامدان‌و لەدوای‌ جەژنیش هەوڵدەدەین كە سەرجەم لایەنەكان كۆبكەینەوە، ئەوەندەی‌ من ئاگاداربم زۆربەی‌ لایەنەكان بەتایبەت لەكەركوك لە جەژندا پیرۆزباییمان لەیەكتر كردوە، بەڵام بەهۆی‌ ئەو دۆخەی‌ هەیە ڕەنگە نەبوبێتە بابەتی‌ میدیاكان".

وتیشی‌ "بزوتنەوەی‌ گۆڕان هەر كاتێك پەیوەندییان لەگەڵ یەكێتی‌ خراپ بێت ناوی‌ پارتیشی‌ تێدەكەن، ئەوان ڕەنگە لەڕوانگەی‌ خۆیانەوە سەیری‌ بكەن‌و قسە بكەن، ئەوەندەی‌ من ئاگادارم قسە‌و پەیوەندی‌ لەنێوان گۆڕان‌و پارتی‌ هەیە".

بەرپرسەكەی‌ پارتی‌ ئاماژەی‌ بەوەكرد لەدوای‌ جەژن هەوڵدەدەن هەموو لایەنە سیاسیەكان كۆبونەوەیەك بكەن بۆ ئەوەی‌ لە بەغدا بە یەك كوتلەی‌ سیاسی‌ كاربكەن، "ئەشزانین بەهۆی‌ ئەو دۆخەی‌ لە سلێمانی‌ ڕوویداوە ڕەنگە هەندێك لایەن نەیانەوێت بێنە ناو ئەو كۆبونەوەیە".

خەڵكی‌ كوردستان چاویان لەوە بوو ئەم جەژنە ئاو بكات بەئاگری‌ ناكۆكی‌ لایەنە سیاسییەكاندا، بەڵام ئەو خواستە نەهاتە دی‌‌و بەقۆناغ‌و بۆنەیەكی‌ تر سپێردرا.