هاوپەیمانی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی دیموکراسی و یەكگرتوو بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەكراوەیی ماوەتەوە

عیراق

22/06/2018‌ 1781 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی شوان ڕابەر بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان پێكهێنانی هاوپەیمانی لەنێوان بزووتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵ، هاوپەیمانی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكێكە لەبژاردەكان.

شوان ڕابەر بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشــارپـرێـس-ی ڕاگەیاند، "تا ئێستا دروستكردنی هاوپەیمانی لەنێوان چوار لایەنە ناڕازییەكەدا پێكنەهاتووە، بەڵام ئەوە یەكێكە لەبژاردەكان، هەر بژاردەیەكیش خزمەت بەكوردستان بكات، پێویستە چوار لایەنەكە ئەنجامیبدەن".

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، هەر چوار لایەنە ناڕازییەكەی هەرێم چاوەڕێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردی پەرلەمانی عێراقن لەدوای دووبارە هەژماركردنەوەی، پاش ئەوە هەرلایەنەو بەئەندازەی ئەو قورساییەی هەیەتی بڕیاری گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكەی بەرانبەری دەدات.

 لەوبارەیەوە شوان ڕابەر-یش ئاماژەی بەهەمان چاوەڕوانی چوار لایەنەكەدا‌و ڕایگەیاند "لایەنە ناڕازییەكان چاوەڕێی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی عێراقن، كە ئاخۆ چ گۆڕانكارییەك دروستدەكات".

بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەپێویستی زانی بەدیلی یەكێتی‌و پارتی لەهەرێمی كوردستان دروستببێت، كە بەوتەی ئەو "ئەوە بەتەنیا بەهێزێك ، یان دووان نابێت، بەڵكو پێویستە چەند لایەنێك پێكەوە ئەو ئەركە ئەنجامبدەن".

شوان ڕابەر راشیگەیاند "لەبەر ئەوەی تا ئێستا هاوپەیمانی پێكنەهاتووە‌و كاتێكی كەمیش لەبەردەم تۆماركردنی هاوپەیمانی لەكۆمسیۆن ماوە، زەحمەتە بەم چەند ڕۆژە چوار لایەنەكە بتوانن هاوپەیمانی پێكبهێنن، بەڵام بۆ دوای هەڵبژاردنەكان بەكراوەیی دەمێنێتەوە".

بەرپرسەكەی كۆمەڵی ئیسلامی باسی لەوەشكرد، گەر چوار لایەنەكەی نەتوانن بەر لەهەڵبژاردن هاوپەیمانی پێكبهێنن، خۆ دەتوانن لەپاش هەڵبژاردنەكەی پەرلەمانی كوردستان هاوپەیمانی پێكبهێنن بۆ ئەوەی ببنە بەرەیەك لەبەرانبەر یەكێتی نیشتمانی‌و پارتی دیموكرات.

ئەمە لەكاتێكدایە، لە 12ی ئایاری رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، دوای هەڵبژاردنەكە ئەو چوار لایەنە جۆرێك لەنزیكایەتی لەنێوانیان دروست بووەو لەناخۆش فشاریان لەسەرە بۆ ئەوەی هاوپەیمانی دروست بكەن، بەهۆی ئەوەی گوایە لەو هەڵبژاردنە پارتی‌و یەكێتی "ساختەكاری"یان لێكردوون.

ڕ . ج

بەپەلە