ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژادنەكە هەیە
دەست بەئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكرێت

عیراق

23/06/2018‌ 1994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەست بەئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان دەكات، كە ئەوەش ئەگەری هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی لێدەكرێت.

كۆسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، كە ئێستا لەلایەن لیژنەیەكی دادوەری بەرێوەدەبرێت، رۆژی هەینی رایگەیاند، كە لەئەمڕۆ شەممەوە دەست بەئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.

كۆمسیۆن راشیگەیاند، لەرۆژی شەممەوە سەرجەم لقەكانی كۆمسیۆن دەست بەدەوامی فەرمی خۆیان دەكەن‌و ئەركەكانی خۆیان رادەپەڕێنن بۆ ئەژماركردنەوەی دەنگەكان.

بڕیارەكەی كۆمسیۆن لەكاتێكدایە، رۆژی پێنج شەممە، دادگای فیدراڵی عێراق هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكانی عێراقی بەدەستووریی زانی‌و رایگەیاند، ئەژماركردنەوەی دەنگانی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەدەست یاساییە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 12ی ئایاری رابردوو بەرێوەچوو، كە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە بەئەلیكترۆنی ئەژماركراوەو بەشێك لەلایەنەكان رازی نین بەو ئەژمارەو داوای ئەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكەن.

بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، ئەگەر بێت‌و ساختەكاری لەهەڵبژاردن كرابوو، ئەوەش بەئەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست، ئەوە لیژنە دادوەرییەكە دەتوانن بڕیار لەهەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، لەناوچەیەك، یان لەهەموو عێراق بدەن.

هـ ـ ح