كێ لەهەڵبژاردنەكانی توركیا براوە بوو؟

مەلەفی تایبەت

25/06/2018‌ 1164 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیكاری: ئاسۆ عەبدوللەتیف
ماناو مەغزای بەشداری سیاسی ھەڵبژاردن بۆ ھەدەپەو كوردانی باكور گرنگترە لەدەرئەنجامەكەی ئێستاو بڕینی بەربەستەكە ئەگەرچی بۆ خۆی تێپەراندنی بەندە دەستوورییەكە گرنگی خۆی ھەیە. 

تۆ پێشچاوی بخەن، ئەردۆغان ھات فیگەرێكی وەك دەمیرتاش‌و ھاورێكانی و دەیان سەرۆك شارەوانی زیندانیكرد تا بۆ ئەبەد لەجوڵەو چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و جڤاكی بخات، ئێستا فیگەرەكەی زیندان بوویە پارادایمێكی گرنگ مۆدێل و نەك لەجوڵە نەكەوت، بەڵكو بوویە سەركەوتووترین و چالاكترین و ئازاترین بكەری سیاسی و ٦٧ كورسی بردە ناو پەرلەمان. 

دەوڵەتی تاكرەو، كە ھەر خەریكی گرتن و زیندانیكردنە چیتر ناتوانێت بەردەوام بێت، ئەم مۆدێلەی ھەدەپە بەدەرەجەی یەك نمایشی ھێزی شاراوەی فیكریی‌و سیستمی بەرگرینامەكانی ئۆچ ئالانە لەئیمراڵی و تەرجومەی موفرەدات و كۆنسێبتەكانی مۆدێرنێتەی دیموكراسییە، ستراتیجێكە بۆ چەسپاندنی خۆسەری دیموكراسی و شكڵگرتنی باكور وەك قەوارەیەكی سەربەخۆ، ڕۆحێكی بەرەنگاری و تەحەددیەكی گەورەشە بۆ كوردانی باكور، ھەمان كات بردنەوەی دەمیرتاش ھەڵوەشاندنەوەی وەھمی زیندان و شیشی گرتوخانەو شكاندنی ترس و فۆبیای دەوڵەتی فاشیست و ئەرگەنەكۆنی دینی بوو، دەرخەری شتێك بوو بەناوی باوەڕ belief ی كوردانە بۆ ئامانجی باڵا، كەواتە ھەڵبژاردنەكانی ٢٤/٦/٢٠١٨، فۆرمەڵەی ھێزێكی كرد كە ھێزی زیندان و ترسە بەرەو شەقام.

 ئەردوغان ئەمجارە ئازاری پێگەشت و زۆرینەی رەھای لەدەستداو وەك جاران ناتوانێ بە تەنھا رەفتار بكات بەڵی گورگە بۆرەكانی لەگەڵەو پشك و دەسەڵاتیان دەوێت، ئێ #گورگن MHP، ئەگەر مەھەپەو ھاوپەیمانی كۆمار نەبوایە نەیدەتوانی بە ئاسانی بێتەوە بەسەرۆك چونكە ٢٤ كورسی لەدەسداو رێژەكەی ١٠ پلە ھاتە خوار، ئەمە سزادانی ناوخۆییە بۆ ئەو بارە لارو لاسەنگەی ئاكەپە دروستی كردوە بۆ توركیاو لیرەو ھەڵكشانە سەربازیەكانی، ئەم ھەڵبژاردنە ھێزی تری پێناساندین كە رەنگە نەخشەكە لە سوڵتان تێك بدەن لە ئایندەو چیتر رۆژئاواو قەندیل قیرتاو نەبێت بۆ زرێپۆشەكانی سوپاو دامەزراوە میلیتارییەكانی سوڵتان.