بژاردەکانی رۆزنەفت بۆ ھەناردەکردنی غازی ھەرێمی کوردستان

کوردستان

26/06/2018‌ 786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمپانیای رۆزنەفتی سەربە دەوڵەتی ڕوسیا چەند بژاردەیەکی ھەیە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی ھەرێم بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا لە ڕێگای ئەو بۆرییەی بەنیازە دروستی بکات، بەڵام ھەر بژاردەیەک بەربەست و کێشەی خۆی ھەیە. 

 

رۆژی ٢٥ی ئایاری ئەمساڵ کۆمپانیای رۆزنەفت و حکومەتی ھەرێمی کوردستان   گرێبەستێکیان واژۆکرد بۆ  پەرەپێدانی سامانی غازی سروشتی و دروستکردنی بۆرییەکی گواستنەوەی غازی ھەرێم. 

ھێڵی بۆرییەکە لە توانایدایە زیاتر لە ٣٠ملیار پێی سێجا غازی سروشتی ھەناردەبکات، سەرەڕای دابینکردنی غاز بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی. 

ھەروەھا رۆزنەفت لە ٢٠ی نیسانی ئەمساڵدا  لە بەرامبەر بڕی ١.٨ ملیار دۆلاردا بۆرییە نەوتییەکانی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستانی بۆ تورکیا لە حکومەتی ھەرێم کڕیەوە.

لەگەڵ فراوانبوونی پێگەی کۆمپانیای رۆزنەفت لە ھەرێمی کوردستان، ئێستا پرسیاری گرنگ ئەوەیە بژاردەکانی کۆمپانیاکە بۆ ھەناردەکردنی غازی سروشتی ھەرێمی کوردستان چین، و چی بژاردەیەکیان لەبەرژەوەندی کۆمپانیاکە و تورکیا و ھەرێمی کوردستاندایە؟

بەپێی شرۆڤەیەکی ئینتەرفاکس ئینێرجی، رۆزنەفت چەند بژاردەیەکی ھەیە، بەڵام بەستنەوەی ئەو بۆرییەی غازییەی بەنیازە دروستی بکات، بە ھێڵی غازی سروشتی ترانس-ئەناتۆڵیان (تاناپ-TANAP) باشترین بژاردەیە بۆ ھەموو لایەک. 

ھێڵی تاناپ دەتوانێت بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ کۆمپانیای رۆزنەفت بڕەخسێنێت، لەبەرئەوەی دەتوانێت غاز بۆ کڕیارە ئەوروپییەکان دابین بکات.

بەڵام بەستنەوەی ھەردوو ھێڵ پێکەوە ڕەنگە ڕەزامەندی کۆمپانیاکانی پشت ئەو ھێڵەی بوێت، بەتایبەتی ئەگەر بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێن بۆ ئەوەی ھێڵەکە لە داھاتوودا بەدەر بێت لەیاساکانی دەستڕاگەیشتنی لایەنەکانی سێیەمی یەکێتی ئەوروپا(TPA). 

ئێستا رۆزنەفت کاردەکات لەسەر پلانێکی پەرەپێدانی یەکگرتووی بۆرییەک بۆ گواستنەوەی غازی بەرھەمھاتووی کێڵگەکانی ھەرێمی کوردستان. 

کۆمپانیای رۆزنەفت لەمانگی ئایاری ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو سەرنجڕاکێشی و کاریگەریی چەند بژاردەیەکی ھەناردەکردن بەھه‌ند وەردەگرێت، پێش ئەوەی پرۆپۆزەڵی کۆتایی خۆی بخاتەڕوو.

ھەندێک لەو بژاردانەی کە ئێستا ھەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت بریتیە لەوەی بۆرییە غازییەکەی رۆزنەفت بە سادەیی لەسنوری تورکیاوە بە ھێڵەکانی غازی ئەو وڵاتەوە بلکێنرێت و غازی سروشتی بۆ بەکارھێنانی ناوخۆیی ئەو وڵاتە دابین بکات.

بژاردەیەکی دیکە ئەوەیە بۆرییەک بەدرێژایی خاکی تورکیا دروستبکرێت تا لەو ڕێگایەوە غازی ھەرێم بۆ ئەوروپا ھەناردەبکرێت، یان ئەم بۆرییە بلکێندرێت بە ھێڵی (تاناپ)ەوە.
 
بەپێی ئەو یاسایانەی یەکێتی ئەوروپا، کۆمپانیاکانی خاوەنداری بۆرییەکانی گواستنەوەی غاز پێویستە غاز بۆ کۆمپانیاکانی غاز بەبێ جیاکاری دابین بکەن. 

ھێڵی تاناپ، کە غازی ئەزەربایجان بۆ ئەوروپا دەگوازێتەوە، ئێستا بەپێی یاساکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ دابینکردنی غاز کاردەکات. 

ئەگەر بۆرییەکە بە ھێڵی (تاناپ) ەوە ببەسترێتەوە، ئەوا دەتوانێت یارمەتی کۆمپانیای نەوتی نیشتیمانی ئازەربایجان بدات، و بەوەش مەرج و یاساکانی دەستڕاگەیشتنی لایەنەکانی سێیەمی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش ئەگەر بەسەر بۆریی غازی ھەرێمی کوردستاندا بچەسپێندرێت.  

ھەرچەندە کۆمسیۆنی ئەوروپا، دەتوانێت بڕیاربدات یاساکانی خۆی بەسەر ھێڵەکەی ھەرێمی کوردستاندا بسەپێنێت، بەڵام ڕەنگە پێگەی ھێڵی تاناپ بەھێزتربێت لەوەی بەدەربکرێت لەو یاسایانە ئەگەر بتوانێت دەریبخات کارئاسانی دەکات بۆ دابینکردنی غاز لە ھەرێمی کوردستانەوە. 

لەوبارەوە ڕێم کۆرتێوێگ، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگای کلێنگێندایل ڕایگەیاندووە " لەپێشبینی ئەوەدا پێکەوەبەستنی ھێڵەکانی تاناپ و کوردستان مانادارە."

بژاردە کراوەکان 

یان ئەوەتا رۆزنەفت غاز لە بەرھەمھێنەرانی کوردستان دەکڕێت و دواتر دەیفرۆشێتەوە، ئەوەش مانای وایە ھێڵی تاناپ سوودوەردەگرێت لەوەی رۆزنەفت وەکو دابینکارێکی غاز سوود لە ھێڵەکە وەرگرێت، یان غازەکە بەپێی چەند ڕێککەوتنێک بگوازێتەوە. 
 
یان ئەوەتا رۆزنەفت بۆرییەک بۆخۆی بەدرێژایی تورکیا دروستدەکات،و ناچێتە ژێر ڕکێفی یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە و بۆ فرۆشتنی غاز پشت بە مەرج و رێکەوتنی خۆی دەبەستێت. 

کاتجا یافیماڤا، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگای لێکۆڵینەوەی ووزەی ئۆکسفۆرد، ڕایگەیاندووە " ئەگەر رۆزنەفت رێککەوتن بکات لەگەڵ کڕیارە ئەوروپییەکان بۆ فرۆشتنی غاز لە سەر سنوری تورکیا-یەکێتی ئەوروپا، ئەوا پێویستە بەپێی سیستمی نێوخۆیی تورکیا کاربکات، و لەو سیستمەشدا یاساکانی یەکێتی ئەوروپا جێبەجێ ناکرێت."

ھەروەھا ڕایگەیاندووە"بەڵام ئەگەر لەگەڵ کڕیارانی ئەوروپی ڕێککەوتن بکات بۆ فرۆشتنی غاز لە یەکێک لە وێستگەکانی یەکێتی ئەوروپا، ئەوا پێویستە ئامادەکاری بکات بۆ گواستنەوەکەی، واتا بەپێی سیستمی گواستنەوەی غازی یەکێتی ئەورپا کاربکات." 

بەڵام ھەندێک لە وڵاتانی یەکێتی ئه‌وروپا نیگەرانن لەوەی زیاد لەپێویست پشت بە ڕووسیا ببەسترێت بۆ دابینکردنی غاز، و ڕەنگە بۆرییەکەی رۆز نەفت تەنھا بۆ ئەو ئەندامانەی یەکێتی ئەوروپا گونجاوبێت کە پێشتر دڵخۆشبوون ھێڵێکی دیکەی ڕووسیا غاز بۆ ئەوروپا دابینبکات.

سەرجەم ئەم بژاردانەی رۆزنەفت پشتدەبەستێت بە ھەڵوێستی تورکیا، و پەیوەندی ئاڵۆزی نێوان تورکیا و ھەرێمی کوردستان و ڕەنگە تورکیا دژی ڕاکێشانی ھەر بۆرییەک بێت بە ناو خاکەکەیدا.

تورکیا پەرۆشە سەرچاوەی غازی خۆی ھەمەجۆر بکات، و سەرچاوەکانی تورکیا لەلایەن ڕوسیاوە کۆنتڕۆڵکراون، بۆیە پێدەچێت تورکیا زیاتر لەگەڵ ئەوەبێت لەسەر سنورەکانی خۆی ڕاستەوخۆ غاز وەربگرێت، و لەوانەیە ئەمە گونجاوترین بژاردەبێت بۆ ھەندێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەوروپا کە لە ھەژموونی ھەڵکشاوی سیاسی و ئابووری ڕوسیا لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەترسن.

رۆزنەفت ڕایگەیاندووە بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ ھەرێمدا دیزانێکی سەرەتایی و ئەندازیاری بۆ بۆرییەکی غاز دروستدەکات، ئەوەش وەکو بەشێک لە پلانەکانی بۆ دروستکردنی پیشەسازییەکی یەکگرتووی کەرتی غاز لە ھەرێمی کوردستاندا. 

کۆمپانیاکە ئەوەشی ئاشکراکردووە کە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکەی پشتدەبەستێت بە ھاوبەشی و پەیداکردنی دارایی لەڕێگای پرۆژەکانی لایەنی سێیەمەوە. 

رۆزنەفت ڕایگەیاندووە کەھەتا کۆتایی ئەمساڵ بەنیازە بڕی ١٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا لە ھەرێمی کوردستان بەرھەم بھێنێت.

بەھێزبوونی پێگەی ڕووسیا لەھەرێم دەگەڕێتەوە بۆ دژایەتی نەکردنی ریفراندۆمەکەی ساڵی پاری ھەرێمی کوردستان، کە بەغدا و واشنتۆن و یەکێتی ئەوروپا و ئێران و تورکیا بە توندی ڕوبەڕوی وەستانەوە.  

بۆری غازی ھەرێم نەک ھەر غاز بۆ بەکارھێنانی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا و سەرجەم کارگە ناوخۆییەکانی ھەرێم دابین دەکات، بەڵکو لەچەند ساڵی داھاتوودا غازی ھەرێم بەبڕی پێویست بۆ بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپا ھەناردەدەکرێت.  

بەلام سەرجەم ئەم گرێبەستانە بەنایاسایی و بەبێ ئاگاداریی و ڕەمەزاندی پەرلەمانی کوردستان کراون. 

شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتیەکان، پێشتر راگەیاندبوو "حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی بۆریە نەوتییەکانی ھەرێم بە کۆمپانیای رۆز نەفتی رووسی ئاگاداری نەکردوونەتەوە".

شێرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشکردوە "پرسی نەوت و گاز لە ھەرێمی کوردستان چەند کەسێک نەبێت کە داخراوە بەسەریان ھیچ کەسێکی دیکە نازانیت بەکێ دەفرۆشرێت بە چەند دەفرۆشرێت داھاتەکەی چی لێدێت".


سەرچاوە: خەندان- دانا تەیب مەنمی