دادگای فیدڕاڵی عێراق دانیشتنێکی تایبەت بە پرسێکی ئابوری نێوان بەغداد و هەولێر دواخست

عیراق

27/06/2018‌ 671 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگاى فیدراڵى عێراق تاوتوێی سکاڵایەکى کرد بۆ ڕاگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێم بەشێوەى ڕاستەوخۆ و بێ ئەوەى بگەنە هیچ ئەنجامێک دانیشتنەکە جارێکیتر بۆ ١٤ى ئابى داهاتوو دواخرا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەیاس ساموک وتەبێژى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق ڕایگەیاند "لەکۆبونەوەکەدا سکاڵا وداواکاریەکەى وەزیرى نەوتى عێراق تاوتوێکرا لەسەر وەزیرى سامانە سروشتیەکانى هەرێم بەوەى پابەندى دەستور نەبووە بە ڕادەستکردنەوەى تەواوى نەوتى دەرهێنراوى هەرێم بە بەغدا".

ئەیاس ساموک ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە " بریکارى وەزارەتى سامانە سروشتیەکانى هەرێم کە ئامادەى دانیشتنەکە بووە ڕەتیکردۆتەوە کە نەوتى هەرێمى کوردستان ڕادەستى بەغدا بکاتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا بە ئاشکرا نەوت هەناردەى دەرەوەى عێراق دەکات بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند.

وتەبێژى دادگاى باڵاى فیدڕاڵى عێراق  ئەوەشی وتوە "دادگا دواى ڕەزامەندی لەسەر داواکاریەکانى سکاڵاکار پێویستى بەوەهەیە لایەنى تایبەتمەند بە بوارەکە ئامادەى دانیشتنەکە بن، بۆیە لە دانیشتنەکانى ڕابردودا داواى ئامادەبوونى هەریەکە لە سەرۆکى حکومەتى عێراق و سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم و وەزیرى دارایى عێراق کرد کە هەڵوێستەکانیان بەپێى دەستور یەکلایبکەنەوە".

وتەبێژەکە وتوشیەتی " لەو ڕوانگەیەوە دادگا بۆى دەرکەوتوە کە بابەتەکە پەیوەندى بە کێشەى نێوان  حکومەتى عێراق و هەرێمەوە هەیە بە پێى مادەى ٩٣ى دەستور کە چارەسەر نەکراوە و هەریەکە لە حکومەتى عێراق و وەزیرى دارایى عێراق وەڵامیان داونەتەوە، بەڵام سەرۆکى حکومەتى هەرێم وەڵامى دادگاى نەداوەتەوە".

ووتیشى دادگا بڕیاریدا بە ئامادەبوونى بریکارەکانى داواکار و داوا لێکراو بۆ یەکلایکردنەوەى ناکۆکیەکانى نێوان هەردولا بە پێى ئەوەى لە دەستوردا هاتوە و دانیشتنەکەشى بۆ ١٤ى ئابى داهاتوو هەڵگرت.

هـ ـ ر