ترەمپ: سعودیە بەرهەمهێنانی نەوت زیاددەكات

جیهان

30/06/2018‌ 480 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، داوای لە شا سەلمان، شای سعودیە كردووە بەرهەمهێنانی نەوت زیادبكات، ئەویش داواكەی پەسەندكردووە.

دۆناڵد ترەمپ لە تویتەری خۆی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ شەممە پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ شا سەلمان، شای شعودیە ئەنجامداوە، شا پەسەندی داواكەی كردووە لە بارەی زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ئەوەی جێگەی نەوتی هەریەكە لە وڵاتانی ئێران و ڤەنزوێلا بگرێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە، رەنگە عەرەبەستانی سعودیە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت زیادبكات لە رۆژێكدا.

ترەمپ هۆكاری ئەو داوایەی لە شا سەلمان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە كە ئێستا نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهاندا بەرزبووەتەوەو دەیەوێت لەو رێگەیەوە نرخەكەی دابەزێت.

لە ئێستادا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەیەوێت گوشار بكەنەسەر وڵاتانی هاوپەیمانانیان لە ئەوروپاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تاوەكو پشتیوانی گەمارۆكانیان بكەن بۆسەر ئێران، كە دوای كشانەوەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی بەسەریدا سەپاند.
ە.م