چۆپی فەتاح لەهەولێر براندێكی تایبەت جلوبەرگی كوردی دەكاتەوە

کوردستان

01/07/2018‌ 3176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەشاری هەولێر براندێك بۆ جلوبەرگی كوردی كرایەوە، كە مەبەست لێی دیزاینكردنی جلوبەرگی كوردییەو براندەكەش لە لایەن خانمە هونەرمەند چۆپی فەتاحەوە سەرپەرشتی دەكرێت ناوی "Chopy" هەڵگرتووە.

براندەكە چەندین جۆرە قوماشی لەلا دەست دەكەوێت، كە لەهەرێمی كوردستاندا یەك پارچەیان هەیە، كە شێوەیەكی زۆر جوان‌و تایبەتیان هەیە.

هونەرمەند چۆپی فەتاح خاوەنی براندەكە لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "ئەم شوێنەمان كردووەتەوە بۆ دیزاینكردنی جلوبەرگی كوردی، كە لە شاری هەولێر كردوومانەتەوە، كەیف خۆشم هەموومان لێرە كۆبووینەوەتەوە بۆ كردنەوەی ئەم براندە، چونكە خەونێكی من بوو، كە دیزاینی جلوبەرگی كوردی بكەم بۆ خانمانی كورد".

لەنێو ئەو شوێنەی براندەكەی لێیە چەندین كچ و كوڕ ئامادەبووبوون‌و وێنەیان لەگەڵ ئەو جلوبەرگانەدا دەگرت، كە خرابوونە روو، لێرە دەیان پارچەی جلوبەرگ، جانتا، تاج و شتی دیكەش هەبوون، كە لە دیزاینی دیزاینكارانی كوردن.

چۆپی فەتاح وتیشی: "دەمەوێت دڵی خانمانی كورد خۆش بكەم بە پێشكەشكردنی دیزاینی تایبەت بە جلوبەرگی كوردی، ئێمە لێرە لەم شوێنە چەندین قوشمان هەیە كە جمكییان نییە، واتە یەك پارچەن، هەروەها جلی بوكێنی و جلی ئاهەنگ و تاج و جانتا و شتی لەو بابەتانەمان هەیە، دەمانەوێت كەس لێرە نەچێتە دەرەوە و هەموو پێویستییەكانی بۆ دابین بكەین".

هـ ـ ح