هۆشداری لەپلانێكی حكومەتی عێراق لەبارەی نەوتی كەركوك دەدرێت

عیراق

01/07/2018‌ 1839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری كوردستان هۆشداریدا، لەپلانێكی حكومەتی عێراق بۆ هەناردەی نەوتی كەركوك.

عەلی حەمەساڵح، كە ئەندامی لیژنەی وزەو سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمانی كوردستان لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەمڕۆ یەك شەممە وتی: "حكومەتی عێراق بەرنامەی هەیە نەوتی كەركوك لەرێگەی بۆرییەوەو لەبەندەری بەسرە لەباشووری وڵاتەوە هەناردە بكات".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: "حكومەتی عێراق لەرێگەی بۆری نەوتی حەدیسە، نەوتی كەركوك رەوانەی بەسرە دەكات‌و دواتر رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكات، ئەوەش فەرامۆشكردنی بۆری نەوتی هەرێمی كوردستانە".

حكومەتی عێراق لەمانگی 10 ساڵی رابردووەوە دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك گرتووە، كە پێشتر كۆنتڕۆڵی لەژێر دەستی هەرێمی كوردستان بوو، بەرهەمەكەشی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرد.

عەلی حەمەساڵح ئەوەشی ئاشكراكرد، كە حكومەتی عێراق دەستی بە دەرهێنانی نەوت لەكێڵگە نەوتییەكانی هاڤانە لەكەركوك كردووەو رۆژانە 80 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت‌و بڕیارە بەم نزیكانەش بەرهەمهێنان لەكێڵگەكانی بای حەسەن دەستپێبكاتەوە.

هـ ـ ح