كۆشكی سپی: سعودیە رازی بووە بە زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت

جیهان

01/07/2018‌ 435 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆشكی سپی بڵاویكردەوە، شای سعودیە بە داواكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت رازی بووەو رایگەیاندووە، سعودیە لە توانایدا هەیە بەرهەمهێنانی نەوت بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا زیاد بكات.

كۆشكی سپی ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ترەمپ و شا سەلمان دوێنێ پەیوەندی تەلەفۆنیان ئەنجامداوەو بە شا سەلمانی وتووە، بازاڕی نەوتی خاو لە جیهاندا پێویستی بەخستنەڕووی نەوتی زیاترە، لە بەرامبەردا پاشای سعودیە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت ئەگەر پێویست بكات.

ئەوەش خراوەتەڕوو، شا سەلمان جەخیتكردووەتەوە كە وڵاتەكەی توانای زیادكردنی  بەرهەمهێنانی نەوتی هەیە رۆژانە بۆ دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا، بە وریایەوە بەكاریدەهێنێت بۆ راگرتنی هاوسەنگی بازاڕ كاتێك پێویست بكات".

22 ی مانگی 6ی ئەمساڵ نوێنەرانی ئۆپێك لە ڤیەننا ڕازیبوون بەزیادكردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی 700 هەزار بۆ یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
ه.م