راپۆرتەكانی كونسڵی توركیا هۆكارە بۆ بەردەوامی گەمارۆكانی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی

کوردستان

02/07/2018‌ 1224 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی پێدانی ڕاپۆرتی سیاسی بەكونسڵی توركیا لەسەر بارودۆخی سلێمانی بەرزكردنەوەی ئەو ڕاپۆرتانە بۆ حكومەتی وڵاتەكەی، ئەنقەرە سورە لەسەر بڕیاری گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی.

لەدواین لێدوانیدا ئەندازیار تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند "بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەمارۆخستنە سەر فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەلایەن توركیاوە چەند جارێك لەگەڵ كونسڵی توركیا كۆبوومەتەوە، بەڵام هەڵبەت وەك دەزانرێت كونسڵی توركیا نوێنەری ئەو وڵاتەیە لەناوچەكە بارودۆخ وێنەی ئەم ناوچەیە دەگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا هەندێك ڕاپۆرتی نادروست لەسەر ئەم ناوچەیە هەیە ئەویش دەیگوازێتەوە بۆ حكومەتی توركیا".

تاهیر عەبدوڵڵا راشیگەیاند "من چەندین جار باسم كردووە، كە هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە پێویستیان بەخزمەتگوزاری هەیە، ئەگەر هەر گروپێكی سیاسی لەم ناوچەیە هەبێت حكومەتی توركیا ناتوانێت بەگەمارۆخستنە سەر هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات چەندین هاوڵاتی‌و كۆمپانیای توركیا هەن لەم دەڤەرە كاردەكەن داخستنی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی كاری لەوانیش كردووە، بەڵام بەداخەوە كونسڵی توركیا تەنیا گەیەنەری ئەو ڕاپۆرتانەیە و بڕیارەكەش لەحكومەتی توركیاوە دەردەچێت."

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لەبارەی ئەو ڕاپۆرتانەوە ڕوونكردنەوەیداو رایگەیاند "حكومەتی توركیا لەسەر چەندین ئاست ئەو بابەتانە وەردەگرێت و كاردانەوەی هەیە لەسوریا و ناوچەكە هەڵبەت هەندێك لایەن هەیە لەم دەڤەرە ڕەنگە هەندێك ڕاپۆرت لەسەر هەندێك گروپی سیاسی بڵاوبكاتەوە، كە كاریگەری هەیە لەسەر ئەم ناوچەیەو ئێمە بەگشتی ئەوەنابینین گروپێك هەبێت زیانی هەبێت بۆ توركیا و كاربكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی توركیا ئەو لایەن و گروپانەی لەم دەڤەرە هەن ئەوانەن، كە لەكوردستانی سوریا و توركیا و ئێران هەن، لەم دەڤەرە هەمان ئەو گروپانە لەباكووری ئێران و سوریاش هەن، بەڵام من لەوە تێناگەم دانانی گەمارۆ لەلەیەن توركیاوە لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی چ مانایەكی هەیە؟ لەكاتێكدا فڕۆكەخانە دەزگایەكی سیاسی نییە، بەڵكو خزمەتگوزارییە بۆ هەموو هاووڵاتیان."

ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا جەختی لەوەكردەوە، بەپێچەوانەوە لەم دەڤەرە هاووڵاتیان و حكومەتی خۆجێی و هەموو لایەك كار بۆ ئەوە دەكەن بەرژەوەندییەكانی وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت توركیا بپارێزن."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی كێن ئەو كەس و لایەنانەی بەوتەی خۆت ڕاپۆرتی نادروست لەسەر سلێمانی دەدەن توركیا؟ ئەندازیار تاهیر عەبدوڵا وتی: "من لەسیاسەتدا كارناكەم و پۆستەكەی من دوورە لەسیاسەت، بەڵكو پۆستێكی خزمەتگوزاریە بۆ هەمووان بێ جیاوازی، بەڵام من وای بۆ دەچم ڕاپۆرتی نادروست و نابەجێ بدرێت بەكونسڵی توركیا لەكاتێكدا وەك وتم من لەسیاسەتدا كارناكەم بەڵام وای نابینم هیچ شتێك لەم دەڤەرەدا هەبێت زیانی بۆ توركیا هەبێت، ئەویش ئەوە بگەیەنێتە حكومەتی توركیا باوەڕم نیە حكومەتی توركیا لەسەر هەندێك شتی ئاسایی ئەمە بكات لەكاتێكدا ئەم ناوچەیە بۆ پەیوەندییەكانی هەرێم و توركیا گرنگە ."

پێشتر لەدوای بڕیاری حكومەتی عێراقی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی سەر فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتییە شارستانییەكان لەمانگی سێی ئەمساڵ ، بیناڵی یەڵدرم سەرۆك وەزیرانی توركیا لەبەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندنی وڵاتەكەی  رایگەیاند "لەدوای ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان وڵاتەكەی بڕیاری داخستنی ئاسمانی وڵاتەكەی بەڕووی فڕۆكەكانی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی داوە، بەڵام لەمڕۆوە ئەو گەشتانە بۆ فڕۆكەخانەی هەولێر دەست پێدەكاتەوە."

یەڵدرم راشیگەیاند "بڕیاری كردنەوەی ئاسمانی وڵاتەكەی بەتەنیا بۆ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرە و سلێمانی ناگرێتەوە ."

هەروەها چەندجارێكی دیكە بەرپرسانی حكومەتی توركیا باسیان لەوەكردووە چەند گروپێك لەناو سلێمانیدا هەن هاوكاری چەكدارە كوردە سەرهەڵدراوەكانی دژ بەحكومەتی توركی دەكەن.

لەدوای ڕیفراندۆمی (٢٥)ی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو لەهەرێمی كوردستان،حكومەتی عیراقی بڕیاری داخستنی ئاسمانی هەرێمی كوردستانی بەڕووی گەشتە شارستانیە نێودەوڵەتیەكان دا،بەڵام لەدوای نزیكەی شەش مانگ، لەمانگی(٣)ی ئەمساڵ، بەبڕیاری حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەمارۆی سەر ئاسمانی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیە شارستانیەكان هەڵگیرا.

هـ ـ ح