وەزیری نەوتی عێراق: بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك، هەولێر و بەغداد لە گفتوگۆدان

عیراق

02/07/2018‌ 1369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جەبار لوعێبی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەغداد و هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە گفتوگۆكردندان بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی كەركوك بۆ بەندەری جەیهانی توركیا.

جەبار لوعێبی بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە، گفتوگۆكان بۆ هەناردەكردنی نەوتی خاوی پارێزگای كەركوك لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد دەستیپێكردووە.
 
ئاماژەی بەوەشكردووە، گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە بەشداری توركیا ئەنجامدەدرێن، دەشڵێت، رێككەوتنەكان كەوتوونەتەسەر ئەنجامی گفتوگۆكان.

بەوتەی وەزیری نەوتی عێراق لە ئێستا پارێزگای كەركوك رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێت و لە پاڵاوگەكانی ناوخۆی عێراقدا دەپاڵێورێت.

لە ئێستا بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و ئاڤانا و بای حەسەنی باکور و باشور لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێمی کوردستاندان، و کێڵگە نەوتییەکانی خەبازە و جمبور و بابەگوڕگوڕ لە ژێر دەسەڵاتی کۆمپانیای نەوتی باکوری حکومەتی عێراق-دان.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ لە فەیسبووكی خۆی بڵاویكردەوە، لە ئێستادا 223 هەزار بەرمیل نەوت بەرمدەهێندرێت و لە پاڵاوگەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەپاڵێورێن.


بەپێی وتەی عەلی حەمەساڵح 28 هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك رۆژانە لە پاڵاوگەی بازیان دەپاڵێورێت، و 30 هەزار بەرمیل دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی دۆرە، هەروەها 14 هەزار بەرمیلیش دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی گەیارەو پاڵاوگەیەكی دیكە.

ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەو نەوتەی لە كەركوك دەپاڵێورێت تەنها 56 هەزار بەرمیلی لە پاڵاوگەی كەركوك دەپاڵێورێت و هەموو ئەو نەوتە خاوەی دیكە كە بەرهەمدەهێندرێت لە پاڵاوگەكانی هەرێم دەپاڵێورێن و بەرهەمەكەشی رەوانەی بەغدا دەكرێت.
ە.م