(ئایلان)ی كوردی.. فیلمەكەی جوبرائیل لەئیتاڵیا یەكەم بوو

هەمەڕەنگ

03/07/2018‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فیلمی (ئایلان)ی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر، كە بەسپۆنسەری زانكۆی نۆلج بەرهەمهێنراوە، لەفێستیڤاڵێكی سینەمایی نێونەتەوەیی لەوڵاتی ئیتاڵیا، خەڵاتی باشترین فیلمی پێبەخشرا. 

دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر لەبارەی وەرگرتنی ئەو خەڵاتەوە وتی " فیلمی (ئەیلان) لەفێستیڤاڵی تراك سینەماتۆگرافی نێونەتەوەیی خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵەكەی پێبەخشرا". 

جوبرائیل ئەبوبەكر وتیشی "فێستیڤاڵەكە لەرۆژانی 26 تا 30ی حوزەیرانی 2018  لەوڵاتی ئیتاڵیا بەڕێوە چوو". 

لەبارەی چیرۆكی فیلمەكەوە دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر وتی "چیرۆكی فیلمەكە باس لە ئەیلان كوردی دەكات كە لەسوریا شەڕ دەستپێدەكات لەگەڵ خێزانەكەی رێگەی تاراوگە دەگرنە بەر و بەرەو توركیا بەڕێدەكەون، بەڵام لەوێ‌ بەر لەوەی بگەن بەكەناری ئارامی شەپۆلەكانی دەریا دەیكاتە قوربانی". 

فیلمی سینەمایی (ئەیلان) لەلایەن جوبرائیل ئەبوبەكر كاری دەرهێنانی بۆ كراوە و ئومێد رۆژ كاری مۆسیقای فیلمەكەی جێبەجێكردووە و هەروەها ئالان رۆژبەیانی كاری گرافیك و دیزاینی فیلمەكەی جێبەجێ‌ كردوە. 
 
دواهەمین فیلمی سینەمایی دەرهێنەر جوبرائیل ئەبوبەكر  فیلمێك بوو بەناوی (بێدەنگی ئاسمان) كە لەكەمتر لە ساڵێكدا لە 54 فێستیڤاڵی سینەمایی جیهانیدا بەشداری كرد‌و چەندین خەڵاتی بەدەستهێنا.

جوبرائیل ئەبوبەكر رەحمان لەدایكبوی ساڵی 1983ی شاری هەولێرە، لەساڵی 2001ەوە دەستیداوەتە كاری سینەمایی و لەنزیكەی 40 كورتە فیلمدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لە 13 فیلمی سینەمایی درێژیشدا یاریدەدەری وێنەگر بوە و لەساڵی 2010ەوە كاری دەرهێنانی سینەمایی دەكات.

هـ ـ ح