وەزارەتی دارایی: ناتوانرێت مووچەی ناوخۆو پەروەردە و پێشمەرگە پێكەوە دابەشبكرێن

کوردستان

03/07/2018‌ 1777 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی رایگەیاند، زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و پەروەردەیە، ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت، چونكە هەردوو بڕە پارەكە بەیەكەوە ناگاتە دەستیان.

وەزارەتی دارایی رونكردنەوەیەكی لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە، لەسەرەتای راگەیاندنی سیستەمی نوێی دابەشكردنی مووچە ئەوە راگەیاندرا كە بنەمایی ئەم سیستەمە لە سەر دوو بڕە پارەیە، ئەوانیش 378 ملیار دیناری داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ 317 ملیار دینارەیە كە بەغداد دەینێرێت.

ئاماژەی بەوەشكردووە، مانگانە مووچە لەكاتی خۆی دابەشدەكرێت بە دوو لیست،  لە لیستی دووەم لەگەڵ گەیشتنی بڕە پارەكەی بەغدا یەكەم وەزارەت، وەزارەتی پەروەردە دەبێت.

وەزارەتی دارایی هەروەها دەڵێت، زۆرترین بڕی مووچە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ و پەروەردەیە، ناتوانرێت لەیەك لیست هەمووی پێكەوە بدرێت، چونكە هەردوو بڕە پارەكە بەیەكەوە ناگاتە دەستیان

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ساڵی 2014 دا حكومەتی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانی كوردستان بڕیاریاندا لە دابەشكردنی مووچە مانگانە یەكەم وەزارەت لە ریزبەند وەزارەتی پێشمەرگە بێت.

ئەو راگەیەندراوەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت كە ئەمڕۆ وەزارەتەكە لیستی نوێی مووچەی بڵاوكردەوەو وەزارەتی پێشمەرگە یەكەم وەزارەت دەبێت كە مووچە وەردەگرێت، بەڵام وەزارەتی وادەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی پەروەردەو ناوخۆی تێدا نییە.
ه.م