ڤیدیۆ..فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری دەربارەی شەڕڤانە بیانییەکانی یەپەگە بڵاوکرایەوە

کوردستان

05/07/2018‌ 2135 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فلیمێکی دیۆکۆمێنتاری بەناوی "دانیشتن باش نییە" دەربارەی شەڕڤانە بیانییەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، بڵاوکرایەوە".

لە فیلمی "دانیشتن باش نییە"دا ژیانی دوو بەرەی ڕاست و چەپی شەڕڤانە بیانییەکانی ئامادەبوو لە شۆڕشی ڕۆژئاوا وێنەگیراوە، فیلمەکە زیاتر ململانێیەکە لەنێوان ئەو دوو ئادیۆلۆژییە جیاوازەدا کە هەر کامە و مەبەست و ئامانجی تایبەتی خۆیان هەیە بۆ بەشداربوون لەو شۆڕشەدا.

دەرهێنەر لەو دۆکیومینتارییەدا جۆردەن ماتسۆن، کۆنەسەربازی ئەمریکیی و گروپێک لە شەڕڤانە چەپە ئەڵمانی و تورکەکانی هەڵبژاردووە، دوو دەستە بە دوو ئایدیۆلۆژیای تەواو جیاوازەوە، کە شان بە شانی شەڕڤانە کورد و عەرەبەکان بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوا شەڕدەکەن و  تێدەکۆشن.

جۆردەن ماتسۆن، یەکێکە لەو شەڕڤانە بیانییانە هەر لە سەرەتاوە بە چالاکییەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا توانی ببێتە هۆی ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا زیاتر بە ڕایگشتی جیهانی بناسرێت، ئەوەش وایکرد شەڕڤانی بیانیی زیاتر ڕووبکەنە ڕۆژئاوای کوردستان.

لە فیلمەکەدا گروپێک لە شەڕڤانانی تورک و ئەڵمانی دەبینین، کە تەنیا بەمەبەستی شەڕی دژی داعش لە ڕۆژئاوا نین، بەڵکو پێیان وایە ئامادەبوونیان لەو شۆڕشەدا پاڵنەرێکە بۆ یەکگرتوویی بەرەی جیهانیی چەپ.

ئاخین  و ئەرنیستۆ دوو لەو شەڕڤانانە چەپانەن کە عومرانی وێنەی گرتوون و بەدرێژەی فیلمەکەی دواندوونی.

پرسیاری سەرەکیی فیلمی دانیشتن باش نییە، ئەوەیە کە بۆچی ئەو شەڕڤانە بیانییانە چوونەتە ڕۆژئاوا، وەڵامی ئەو پرسیارەش لە زاری شەڕڤانەکانەوە نەک وەڵامێکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو تا دەچێت زیاتر ئاڵۆز دەبێتەوە و پەرەدۆکسی زیاتری لێدەکەوێتەوە.

ماوەی دۆکیۆمینتارییەکە ٥٠ خولەکە و لە دوو خولی جیادا لە ساڵەکانی ٢٠١٥ و ٢٠١٧ دا وێنە گیراوە. ئەمەش تەواوی فیلمەکەیە:

هـ ـ ر