جەنگی بازرگانی نێوان ئەمەریكا و چین دەستیپێكرد
ئەمەریكا بە بەهای34 ملیار دۆلار باج لەسەر كاڵای چینی زیاددەكات

جیهان

06/07/2018‌ 740 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كە سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر وڵاتی چیندا ئامادەكردبوو، خستیە بواری جێبەجێكردنەوە، بەوەش جەنگی بازرگانیی نێوان ئەو دوو وەڵاتە دەستیپێكرد.

واشنتۆن لەسەدا 25ی باجی گومرگی خستە سەر هاوردەی چین، كە بڕەكەی 34 ملیار دۆلارە، ئەو سەپاندنەش، ئەمڕۆ هەینی كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و 818 بەرهەمی چینی كەوتنە ژێر باری باجی گومەرگی ئەمەریكا.

ئەو كەلوپەلانەی باجەكە دەیانگرێتەوە پێكهاتوون لە ئۆتۆمبێل، پارچەكانی فڕۆكە و هارد دیسكی كۆمپیوتەر و چەندین بەرهەمی دیكەی چینی بەشێكن لەوانە، بەڵام بەرهەمەكانی مۆبایل و تەلەفزیۆنی چینی باجیان لەسەر دانەندراوە.

لەگەڵ سەپاندنی باجی گومرگی ئەمەریكا بەسەر بەرهەمە چینییەكان، هەمان ڕۆژ دەوڵەتی چین ڕێژەیەكی نوێی باجی لەسەر ئەو بەرهەمانە دانا، كە لە ئەمەریكاوە هاوردەی چین دەكرێن. 

دەوڵەتی چین باجی زیادەی گومرگی خستە سەر 545 بەرهەمی ئەمەریكی، بەرهەمەكانی كشتوكاڵی وەك سۆیا كە بازاڕی چین زۆر پێیەوە گرێدراوە، بەرهەمەكانی سێكتەری ئۆتۆمبێل و هەندێك بەرهەمی دەریایی ئەمەریكی باجی زیادەی گومرگیان خراوەتە سەر.

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی چین، دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاندبوو، چین ڕێگە بە هەڕەشە و چاوترساندن نادات.

ئەو ڕێوشوێنانەی كە ئەمەریكا گرتوویەتییە بەر، كاریگەری لەسەر هاوردەی چینی بە بڕی 50 ملیار دۆلار دەكات.

هاوكات دۆناڵد، ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەككرتووەكانی ئەمەریكا رایگەیاند، بە بیانووی "دزینی بیرۆكە، موڵك و تەكنەلۆژیا" بڕیاری زیادكردنی باجیان لەسەر كەلوپەلەكانی وڵاتی چین داناوە.

بەڵام پەكین-یش دەیەوێت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەكانی خۆی كاریگەری لە هاوردەی ئەمەریكا كە بڕەكەی 50 ملیار دۆلارە بكات.

ه.م