وەزیری دارایی 400 ملیۆن دیناری بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخانكرد

کوردستان

06/07/2018‌ 662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری داریی و ئابووری هەرێمی كوردستان رایگەیاند، 400 ملیۆن دیناریان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تای خوێنبەربوون تەرخانكردووە.

رێباز حەملان، وەزیری داریی و ئابووری هەرێم بە رووداوی رایگەیاندووە، لە پێناو بڵاونەبوونەوەی زیاتری نەخۆشی تای خوێنبەربوون، بڕی 400 ملیۆن دیناریان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە دابینكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، "بڕی 400 ملیۆن دینارەكە بۆ كڕینی دەرمان و رشاندنی شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان دابینكردووە و ئەگەر پێویستیش بكات پارەی زیاتری بۆ تەرخان دەكەین".

هەفتەی رابردوو یەكەم حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆماركراو دواتریش وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، نەخۆشییەكە لە رێگەی ئاژەڵەوە بڵاودەبێتەوە.

نەخۆشیی تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی ڤایرۆسی گوازراوەیە، هۆكاری نەخۆشییەكە چەند ڤایرۆسێكی جیاوازە، كە هەندێكجار دەبێتە هۆی خوێنبەربوون لە ژێرپێست.

نەخۆشییەكە لە ڕێگەی مێشوولەیەكی تایبەت بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە دوای ئەوەی مێشوولەكە خوێنی مانگاكە دەمژێت، خوێنەكە دەخاتەوە جەستەی مرۆڤ و مەترسی لەسەری دروستدەكات.
ه.م