چیرۆكە شاراوەكەی‌ پشت بێخمە
ئەو بەنداوەی‌ نەیتوانی‌ تینوێتی‌ عێراق‌و كوردستان بشكێنێت

sharpress.net

7222 جار خوێندراوه‌ته‌وه

07/07/2018‌

شارپرێس: نیقاش
مەترسی‌ كەمئاویی لەعێراق جارێكی‌ دیكە برینی‌ دروستنەكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمەی‌ كولاندەوە، ئەو گرێكوێرەیەی‌ هێشتا سەرەداوەكانی‌ ئاشكرا نیین.

زیاتر لەشەست ساڵە پرۆژەی‌ بەنداوی‌ بێخمە (60 كیلۆمەتر لەباكوری‌ رۆژهەڵاتی‌ هەولێر) چاوەڕێی‌ ئەوەیە خۆر ببینێت، عێراق لەو ماوەیەدا سیستمی‌ پادشایی‌و دەسەڵاتی‌ حزبی بەعس‌و قۆناغی‌ دوای‌ روخانی‌ ئەو رژێمەشی تێپەراند بەبێ ئەوەی‌ بتوانێت ئەو رێگاچارەیە بۆ گلدانەوەی‌ ئاو بكات كردار .

ناكۆكی‌ سیاسی نێوان بەغداو هەولێرو مەترسی لەدەستدانی‌ چەند گوندێكی‌ سنوری‌ بارزان ئەو پڕۆژەیەی‌ لەباربرد، هەرچەندە هەرێم‌و بەغدا لەوپەڕی‌ پێویستیدان بەگلدانەوەی‌ ئاو لەكاتێكدا دراوسێكانیان شەڕی‌ وشكردنەوەیان لەگەڵدا دەكەن.

لەگەڵ گرتنەوەی‌ ئاوی‌ فورات لەلایەن توركیاو كەمكردنەوەی‌ ئاوی‌ زێی‌ بچوك لەلایەن ئێرانەوە لەمانگی‌ رابردوودا بۆ جارێكی‌ تر عێراق‌و هەرێمی‌ كوردستان كەوتنەوە بەر نەشتەری‌ مەترسی وشكەساڵی‌‌و بێ ئاوی‌.

لێدانی‌ زەنگی‌ ئاگاداركردنەوەی‌ هەموو كەمئاویەك چیرۆكی‌ بەنداوی‌ بێخمە دەگێڕێتەوە سەرەتای‌ دۆسیەكە، پرۆژەیەك تائێستا بەتەواونەكراوی‌ ماوەتەوە.

لەپادشاوە بۆ مالیكی‌
لەساڵی‌ 1937 دیراسەی‌ پرۆژەكە كراوەو شەست‌و پێنج ساڵ لەمەوبەرو لەساڵی‌ 1953 دا كە ئەو كات سیستمی‌ پادشایی لەعێراق دەسەڵاتدابووە نەخشەی‌ پڕۆژەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی‌ ئەمەریكییەوە كێشراوە كە ئامانج لێی‌ گلدانەوەی‌ ئاو بووە لەسەر روباری‌ زێی‌ گەورە كە لەتوركیاوە دەچێتە سنوری‌ هەرێمی‌ كوردستانەوەو دواتر دەڕژێتە روباری‌ دیجلەوە.

لەساڵی‌ 1979داو لەسەرەتا دەسەڵاتی‌ حزبی بەعسدا كۆمپانیایەكی‌ ژاپۆنی‌ گۆڕانكاریی‌ لەنەخشەی‌ بەنداوی‌ بێخمەدا كرد‌و لەساڵی‌ 1986دا دوو كۆمپانیای‌  توركی‌‌و یوگسلافیای‌ پێشوو دەستیان بەجێبەكێكردنی‌ پڕۆژەكە كرد تا ساڵی‌ 1991 كە بەهۆی‌ جەنگی‌ كەنداوی‌ دووهەمەوە پڕۆژەكە راگیرا هەرچەندە 34%ی‌ لێ جێبەجێكرا.

بۆشایی كەمئاوی‌ پڕدەكاتەوە
بەپێی‌ لێكۆڵینەوەیەك كە ماڵپەری‌ رەسمی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەساڵی‌ 2005 بڵاوكردووەتەوە بێخمە لەباری‌ دروستكرنیدا توانای‌ گلدانەوەی‌ 14 بۆ 17 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی‌ دەبوو بەقوڵایی 179 مەتر كە جگە لەگلدانەوەی‌ ئاو پاڵپشتی‌ ئاودانی‌ زیاتر لە 560 هێكتار زەوی‌ كشوكاڵی‌‌و بەرهەمهێنانی‌ 1500 مێگاوات كارەبا بووە .

ئەوە لەكاتێكدایە كە بەنداوەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەئێستادا توانای‌ گلدانەوەی‌ ئەو بڕە ئاوەیان نییە كە هەرێم پێویستێتی‌.

ئەكرەم محەمەد، بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ بەنداوو كۆگانی‌ ئاو لەوەزارەتی‌ كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ حكومەتی‌ هەرێم بە"نیقاش"ی‌ وت "بەهەر سێ بەنداوی‌ دوكان‌و دەربەندیخان‌و دهۆك توانای‌ گلدانەوەی‌ حەوت بۆ هەشت ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە لەكاتێكدا هەرێم پێویستی‌ بە 10  ملیار مەتر سێجا ئاوە".

وتیشی‌ "ئێمە پلانێكی ستراتیژیمان هەیە بۆ دروستكردنی 250 بەنداوی گەورەو مامناوەندو بچووك، بەڵام لەئیستادا 14 بەنداو تەواو بووە، ئەگەر بەمجۆرە هەنگاو بنێین لەساڵانی ئایندە روبەرووی گرفتی كەم ئاوی دەبینەوە".

گرێی‌ دوای‌ راپەڕین
پەككەوتنی‌ پڕۆژەی‌ بەربەستی‌ ئاوی‌ بێخمە لەدوای‌ ساڵی‌ 1991 گرێی‌ كێشەكەی‌ ئاڵۆزتر كرد كاتێك حكومەتی‌ عێراق دەستی‌ لەئیدارەدانی‌ شارەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان كشاندەوەو پڕۆژەكەش بە راگیراوی‌ مایەوە.

راگرتن تەنیا كێشەی‌ پڕۆژەكە نەبوو، بەڵكو فەوتانی‌ ئەو ئامێرانەش كە لەشوێنی‌ كاركردنیدا هەبوون بووە كێشە، چونكە بەپێی‌ قسەی‌ خەڵكی‌ ناوچەكە ئەوكات هەموو ئامێرەكان‌و تەنانەت شیش‌و كەرەستەی‌ بەنداوەكەش بەرێی‌ قاچاغ‌و بەئاگاداری‌ حیزبە فەرمانڕەواكانی‌ كوردستان بەئێران فرۆشران.

لەخولی‌ دووەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستاندا (2005 بۆ 2009) لەرێگەی‌ لیژنەیەكەوە كار لەسەر چارەنوسی بەنداوی‌ بێخمە كرا، بەڵام نە ئەنجامی‌ لێكۆڵینەوەكە دیار بوو نەتوانیشی‌ تەكانێك بە پڕۆژەكە بداتەوە.

جەمیل محەمەد كە لەو خولەدا بڕیاردەری‌ لیژنەی‌ كشتوكاڵ‌و ئاودێری‌ پەرلەمان بوو بە"نیقاش"ی وت "كارمان لەسەر ئەو بابەتە كرد، بەڵام نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێك". بەبێ ئەوەی‌ زانیاریی‌ زیاتر لەسەر ئەو بابەتە بدات.

پەیامنێری‌ "نیقاش" بەدواداچونی‌ بۆ دەرەنجامی‌ ئەو راپۆرتە كرد لەرێگەی‌ ئەندامانی‌ ئەم خولەی‌ لیژنەی‌ كشوكاڵی‌ پەرلەمانەوە، بەڵام وەڵامەكەوە ئەوەبوو كە راپۆرتی‌ لەوجۆرە لەلیژنەكەیان بوونی‌ نەماوە. 

لەدوای‌ خولی‌ دووەمی‌ پەرلەمانی‌ كوردستانەوە باسكردنی‌ هۆكاری‌ دروستنەكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمە شەرمنانەبووە كە ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی‌ كێشەكە ئەوەندە سادە نییە وەك هەر پڕۆژەیەكی‌ تر.

عەبدولڕەحمان عەلی‌، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ‌و ئاودێری پەرلەمانی كوردستان بە"نیقاش"ی‌ وت "لەلیژنەكەماندا تەنیا یەكجار گفتوگۆ لەسەر بەنداوی‌ بێخمەكراوەو خۆشم بەدواداچوونم كردو ئەویش لە وەڵامدا وتراوە كە بابەتەكە سیاسیە بۆیە تاوەكو ئێستا ئاوها ماوەتەوە".

گرێكە لەكوێیدایە؟
دووبارە دەستپێكردنەوەی‌ دانوستانی‌ نێوان بەرپرسانی‌ حكومەتی‌ ناوەندی‌‌و حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەساڵی‌ 2005دا  بۆ جێبەجێكردنی‌ پڕۆژەی‌ بەنداوی‌ بێخمە بەربەستی‌ نوێی‌ هاتە بەردەم كە ئەمجارە پەیوەندی‌ بەبێ پارەییەوە نەبوو بەو پێیەی‌ نوری‌ مالیكی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ ئەو كاتەی‌ عێراق ئامادەیی دەربڕی پێنج ملیار دۆلار بۆ جێبەجێكردنی‌ پڕۆژەكە لەبوجەی‌ عێراق خەرج بكات.   

بەڵام ئەمجارەش بەهۆی‌ ناكۆكی‌ نێوان بەغداو هەولێرەوە لەسەر هەندێك وردەكاریی‌ پڕۆژەكە نەتوانرا بەنداوی‌ بێخمە بەو وێستگەیە بگەێنێت كە پێویست بوو پێش چەندین ساڵ پێی‌ بگات بۆ پاشەكەوتكردنی‌ ئاو.

مەحمود رەزا، ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراق بە"نیقاش"ی‌ وت "بەدواداچونمان ئەو بڕە پارەیە كرد كە لەسەردەمی‌ حكومەتی‌ مالیكیدا تەرخانكرا بوو بۆ بێخمەو دەركەوت كە وەزارەتی‌ سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ عێراق گفتوگۆی‌ لەگەڵ هەرێم كردووەو چەند جارێك پلانی‌ دروستكردنی‌ گۆڕاوە، بەڵام هەرێم هەر رازی‌ نەبووە دروست بكرێت".

ناكۆكی‌ نێوان هەرێم و ناوەند سەبارەت بە پڕۆژەكە بە روكەش پەیوەندی‌ بە قەبارەی‌ بەنداوەكەو بەرزی‌ ئاوە گلدراوەكەیەوە هەبووە. 

زافر عەبدوڵا راوێژكاری‌ وەزارەتی‌ سەرچاوەكانی‌ ئاوی‌ حكومەتی‌ عێراقی‌ بە"نیقاش"ی وت "ئەو كاتە كێشەی‌ دروستنەكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمە لەلای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بوو، چونكە ئەوان ناڕازی بوون‌و شرۆڤەی‌ سیاسیان بۆ كرد، چەند پێشنیارێكی جێگرەوەشیان كرد كە لەرووی‌ هونەرییەوە سودمەند نەبوو لەوانە دابەزاندنی‌ ئاستی‌ بەرزی‌ ئاوی‌ بەنداوەكەو قەبارەی‌ ئەمبارەكەی‌".

وتیشی‌"روباری‌ زێی‌ گەورە تاكە روباری‌ سنوری‌ عێراقە كە بەنداوی‌ گەورەی‌ لەسەر نییە بۆیە بەنداوی‌ بێخمە لەباری‌ دروستكردنیدا سودمەند دەبوو بۆ كاتی‌ پێویستی‌‌و ئیدارەدانی‌ ئاو لەعێراق".

بەڕێوەبەری گشتی بەنداوو كۆگانی ئاو لەوەزارەتی كشتوكاڵ‌و سەرچاوەكانی ئاوی‌ حكومەتی هەرێمیش دەڵێت "سەركردایەتی سیاسی كورد رازی نەبوون بەدروستكردنی بەنداوی‌ بێخمە هەرچەندە بەغدا سێ جێگرەوەی‌ پێشكەش كرد".

لەماوەی‌ دوو هەفتەدا پەیامنێری‌ "نیقاش" لەرێگەی‌ تەلەفۆن‌و كورتەنامەی‌ مۆبایلەوە پەیوەندی‌ بەسەفین دزەیی وتەبێژی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەوە كرد تا لە بارەی‌ ئەو كێشەیەوە پرسیاری‌ لێبكات، بەڵام وەڵامی‌ نەدایەوە.

بەپێی‌ لێكۆڵینەوەكانی‌ "نیقاش" سەرنەگرتنی‌ پرۆسەی‌ دروستكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمە لەساڵی‌ 2005دا پەیوەندی‌ بەنقومبوونی‌ ژمارەیەك گوندی‌ ئەو سنورەوە هەبووە كە بەشێكیان ناوچەی‌ بارزانە، ئەو شوێنەی‌ پێگەی‌ سەرەكی‌ سەركردەكانی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە كە هاوكات بەشێكی‌ كاریگەریی‌ دەسەڵاتی‌ هەرێمی‌ كوردستانیشن .

كاروان كەریم خان، بەڕێوەبەری ناحیەی خەلیفان كە بەنداوی بێخمە دەكەوێتە سنوری ئیداری ناحیەكەی ئەو بە"نیقاش"ی وت" بەدروستكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمە 54 گوند دەكەونە ژێر ئاوەوە".

ئەوكات لەسنوری‌ جێبەجێكردنی‌ پڕۆژەی‌ بەنداوی‌ بێخمە هەڵمەتی‌ ئیمزا كۆكردنەوە بۆ رێگری‌ لەدروستكردنی‌ دەستپێكرا كە بووە پاساوێك بۆ هەرێمی‌ كوردستان بۆ راگرتنی‌.

حەسۆ  محەمەد ئەمین (52 ساڵ) دانیشتوی گوندی (دۆڵە تێچوو)ە كە یەكێكە بووە لەو گوندانەی‌ وەك باس دەكرێت لەباری‌ دروستكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمەدا ژێر ئاو دەكەوێت بە"نیقاش"ی‌ وت "بەنداوی‌ بێخمە كێشەی گەورەی بۆ ئێمە دروست دەكردو ئاوارە دەبووین‌و زەوییەكانمان ژێر ئاو دەكەوتن، بۆیە ئیمزامان كۆكردەوە كە ئەو بەنداوە بوەستێنرێت یان بەم شێوەیە گەورەیە نەبێت‌و بچوك بكرێتەوە".

گرێی‌ دروستنەكردنی‌ بەنداوی‌ بێخمە تا ورد بێتەوە ئاڵۆزتر دەبێت‌و هۆكاری‌ سیاسی پاڵنەرێكی‌ تر بووە بۆ لەباربردنی‌ پڕۆژەكە.   

عەباس غەزالی، ئەندامی پەرلەمانی‌ كوردستان لەفراكسیۆنی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كە خەڵكی‌ ئەو سنورەیە كە بڕیار بوو بەنداوی‌ بێخمەی‌ لێ دروست بكرێت بە"نیقاش"ی وت "ئەو بەنداوە لەسەرەتادا هیچ كێشەیەكی‌ نەبوو كە دروستبكرێت، بەڵام دواتر بەسیاسی كرا بۆ ئەوەی ناوچەی بارزان بەتەواوی‌ بخەنە ژێر ئاو، هەروەها گوندی بارزانیش دەبوایە چۆلبكرێت".

غەزالی وتیشی‌ "لە ساڵی 2005 كە پارەی بۆ تەرخانكرا مەسعود بارزانی كێشەی نەبوو بەپێی ئەو پلانەی راوێژكاری بیانی بۆ بەنداوەكەیان دانابوو، بەڵام كە زانرا بۆ مەرامی سیاسیە بۆیە بارزانی‌و خەڵكی ناوچەكەش رێگریان كردو خەڵكی ناوچەكە واژۆیان كۆكردەوە دژ بەدروستكردنی".

قورسی كردنەوەی‌ قوفڵی‌ كێشەی‌ بەنداوی‌ بێخمە لەئێستادا كە هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزی‌ پەیوەندی‌ نێوان بەغداو هەولێر كارێكی‌ وایكردووە حكومەتی‌ عێراقیش ئومێدێكی‌ زۆری‌ پێ نەمێنێت‌و  پشتی‌ تێبكات هەرچەندە كەمئاوی‌ تەنگی‌ پێ هەڵچنیوە.

راوێژكارەكەی‌ وەزارەتی‌ سەرچاوەكانی‌ ئاو حكومەتی‌ عێراقی‌ دەڵێت "ئێستا هیچ ئومێدێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی‌ گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم بۆ زیندوو كردنەوەی‌ پرۆِژەی‌ بەنداوی‌ بێخمە، بۆیە پشتمان بە بەنداوی‌ سەرسار بەستووە بۆ گلدانەوەی‌ ئاو".








ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved