شاری پزیشكیی فاروق "لەئاستی نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا‌و ئەمریكادایە"‌و ئەم بەهارە دەكرێتەوە

sharpress.net

.

21745 جار خوێندراوه‌ته‌وه

2/23/2014 4:09:00 PM‌

راپۆرتی: شارپرێس  


لەبینایەكی مۆدێرندا كە دەكەوێتەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود لەشاری سلێمانی، شارێكی پزیشكیی دروستكراوە كە بەوتەی بەرپرسەكانی، لەئاستی نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئەوروپاو ئەمریكادایە‌و بەپێشكەوتووترین شێوازی سەردەم چارەسەری پزیشكیی پێشكەشی نەخۆش دەكەن.

 

هاوكات لەگەڵ هەبوونی بینایەكی مۆدێرندا، بەوتەی پزیشكەكان پێداویستی‌و ئامێرە پزیشكییەكانی شارەكە باشترینەكانی بازاڕی پزیشكین لەسەر ئاستی جیهان، پزیشكەكانیشان لەپسپۆڕیی خۆیاندا بەناوبانگن لەسەر ئاستی ناوەوە‌و دەرەوەی هەرێم، هاوكات شارە پزیشكییەكە لەلایەن تۆڕێكی بەڕێوەبردنی نەخۆشخانە بەناوبانگەكانی وڵاتی توركیاوە بەڕێوەدەبرێت، سەرباری ئەم ئاستە بەرزەی شارەكە، خۆیان دەڵێن"نرخمان جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ نرخی بازاڕ".


 (شاری پزیشكیی فاروق Faruk Medical City) (F.M.C) (لەلایەن كەرتی تایبەتە‌وە دروستكراوەو سەرمایەداری ناسراوی كوردستان فاروقی مەلا مستەفا خاوەنیەتی‌و زۆربەی زەویی پڕۆژەكە بەموڵكی هی خۆیەتی.


لەسەر ڕووبەری 70 هەزار مەتر چوارگۆشە زەویی،  بینای شارە پزیشكییەكە دروستكراوە كە 10 هەزار مەتر چوارگۆشەیە‌و نزیكەی 60 هەزار مەتر چوارگۆشەش تەرخانكراوە بۆ باخ‌و سەوزایی‌و پاركی وەستانی ئۆتۆمبێل.

بینای شارە پزیشكییەكە هەشت قاتە كە 210 قەرەوێڵەی تێدایە، 120 قەرەوێڵەیان تاك تاكن‌و هەر نەخۆشێك جگەلە(مرافقێك) لەژوورێكدا كەسی دیكەی لەگەڵدا نابێت، هاوكات (سویت)ی دوو ژوری‌و سێ ژورییان هەیە لەگەڵ (Exclusive) كەپێی دەوترێت سەرۆكایەتی، 90 قەرەوێڵەكەی دیكەی شارە پزیشكییەكە دابەشكراون بەسەر 7 هۆڵدا كە چوار جۆر(ئینعاش)ن ‌و تیایاندا راستەوخۆ چاودێریی نەخۆش دەكرێت.


هاوكات شارەكە 47 كلینیكی راوێژكاری پزیشكیی تێدایە كە لەپسپۆڕییە جیاوازەكانی زانستی پزیشكی پێكهاتوون‌و تیایاندا پزیشكەكان نەخۆش دەبینن، ئەمە سەرباری هەبوونی 13 هۆڵی نەشتەرگەریی  كەهەموو جۆرە نەشتەرگەرییەكیان تێدا ئەنجامدەدرێت‌و 9 هۆڵیان زۆر گەورەن.


بەوتەی رزگار لەتیف، بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستكردنی شاری پزیشكیی فاروق، بۆیەكەمجارە لەسەرئاستی عێراق بینایەك بەوكوالێتییە بەرزە دروستبكرێت بۆنەخۆشخانە"سەرجەم موادەكانی دروستكردنی بیناكە لەدەرەوەی وڵاتەوە هێندراون، كوالێتییەكەی لەئاستی بینا پێشكەوتووەكانی ئەوروپادایە".


بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستكردنی شارەكە ئاماژەبەوەشدەكات بایەخی تەواویان بەنەخۆش داوەو پێداویستەییەكانی پشوودانیان بۆ دابینكردوون"هۆڵی چاوەڕوانیی نەخۆش پێداویستی پشوودانی تێدایە‌و سەرباری تەرخانكردنی روبەرێكی فراوانی زەویی پڕۆژەكە بۆ باخ‌و سەوزایی هاوكات لەسەربانی قاتی یەكەمی پرۆژەكە باخچەی سەر سەقفمان هەیە".


رزگار لەتیف، ئەوەشدەخاتەڕوو كە شارەكەیان هۆڵێكی گەورەی كۆبوونەوەی  160 كورسیی تێدایە لەگەڵ سێ هۆڵی كۆبوونەوەی 60 كورسیی‌و هۆڵێكی بچوكی كۆبوونەوە بۆ 50 كورسی، سەرجەم هۆڵەكان سیستمی دەنگ‌و ڕەنگی تێدایە‌و بەستراونەتەوە بەهۆڵەكانی نەشتەرگەرییەوە"واتە دەتوانرێت ئامادەبووانی هۆڵەكان ڕاستەوخۆ نەشتەرگەرییەكان ببینن، سەرجەم هۆڵەكانی كۆبوونەوە‌و نەشتەرگەریش بەستراونەتەوە بەمانگە دەستكردەكانەوە‌و لەدەرەوەی وڵات پزیشك دەتوانێت راستەوخۆ نەشتەرگەرییەكان ببینێت‌و قسەی لەسەر بكات".


شارەكە كار بەسیستمی (ئێروماتیك) دەكات بۆگواستنەوەی نموونەی پشكنینی نەخۆش‌و (ئەوراق)ەكانی، ئەم سیستمە لەماوەی چەند چركەیەكدا نموونەی پشكنین‌و (ئەوراق)ی نەخۆش دەگوازێتەوە بۆهەرشوێنێك بتەوێت لەناو بینای شارە پزیشكییەكە"بۆنموونە دەتوانێت بە 4 چركە نمونەی پشكنینەكان لەقاتی سێی ئەمسەری بیناكە ببات بۆقاتی 5ی ئەوسەری بیناكە" بەڕێوەبەری پڕۆژەی دروستكردنی شارەكە وادەڵێت.


فاروقی مەلامستەفا: 100% بۆخزمەتی سلێمانی‌و كوردستانەو قازانجی لەسەر هەڵناگرم

خاوەنی شارە پزیشكییەكە باسلەوەدەكات ئەو بۆدەستخستنی قازانج ئەوپڕۆژەیەی ئەنجامەنەداوەو ئومێد دەكات پڕۆژەكەی خزمەتێكی باشی شاری سلێمانی‌و كوردستان بكات.


فاروقی مەلامستەفا، خاوەنی شارە پزیشكییەكە دەڵێت"ئەم نەخۆشخانەیە 100% بۆخزمەتی سلێمانی‌و كوردستان ئەنجامدراوەو قازانجی لەسەر هەڵناگرم".


فاروقی مەلامستەفا، ڕاشیدەگەیەنێت لەسەرەتادا چەند ساڵێك پڕۆژەكەی لەزەرەردا دەبێت"دواتریش كە قازانج دەكات لەخۆیدا سەرف دەكرێتەوەو هیچی لێ هەڵناگرم".


خاوەنی شارەپزیشكییەكە ئومێدی ئەوەدەخوازێت پڕۆژەكەی خزمەتێكی بەرچاوی باری ئابوری‌و تەندروستی شاری سلێمانی‌و هەرێمی كوردستان بكات.

" سەرجەم ئامێرەكانمان بەرزترین جۆرن لەسەر ئاستی جیهان"

بەرپرسی بەشی پزیشكیی لەشاری پزیشكیی فاروق (F.M.C) باسلە تایبەتمەندییە پزیشكییەكانی شارەكەیان دەكات‌و بەوتەی ئەو سەرجەم ئامێرەكانی شارەكەیان بەرزترین جۆرن لەسەر ئاستی جیهان.


د.فریا پریادی، بەرپرسی بەشی پزیشكیی لەشاری پزیشكیی فاروق، كە ساڵانێكی زۆرە لەدەرەوەی وڵات پزیشكی پسپۆڕ بووە، ئەوەدەخاتەڕوو كە زانستی پزیشكیی زۆر پێشكەوتووە"بەڵام بەداخەوە خەڵك لەم ناوچەیە سوودیان لێنەبینیوە، ئێمە لەم شارە پزیشكییە پێشكەشیان دەكەین، لەجیاتی ئەوەی خەڵك بچێتەدەرەوەی وڵات بۆچارەسەر، ئێمە چارەسەرەكەمان بۆ هێناونەتە ناوەوەی وڵات، بەگشتی ئەم نەخۆشخانەیە لەئاستی نەخۆشخانە پێشكەوتووەكانی ئەوروپا‌و ئەمریكادایە".


لەم شارە كە نەخۆش دەچێتەلای پزیشك بەشێوەیەكی گەرم پێشوازی لێدەكرێت‌و لەبارەی نەخۆشییەكەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ دەكرێت" ئامێرمان نییە كەبەرزترین جۆرنەبێت لەسەر ئاستی جیهان، كەم لەوئامێرانە بەكارهاتوون لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هۆڵی عەمەلیاتەكانمان تائێستا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستنەكراون بەوتایبەتمەندییانە، دەزگاكانمان پێشكەوتووترینی بازاڕی پزیشكین لەسەرئاستی جیهان"د.فریا پریادی وادەڵێت.


بەرپرسی بەشی پزیشكیی شارەكە جەختلەوەشدەكاتەوە ئەوان بەخۆشحاڵییەوە سوود لەتوانای پزیشكە پسپۆڕو لێهاتووەكانی كوردستان وەردەگرن، سەرباری ئەوەی چەندین پزیشكی پسپۆڕی بەتوانا لەدەرەوەی وڵاتەوە دەهێنن بۆ شارەكەیان.


هاوكات شارە پزیشكییەكە هەلیكۆپتەری تایبەت بەخۆی هەیە كە بەكاردەهێنرێت بۆڕوداوی كتوپڕی تایبەت.

شێواز‌و ئاستی پشكنینی نەخۆش

بەرپرسی بەشی پزیشكیی شارەكە باسلە پێشكەوتویی شارەكەیان‌و پێشكەشكردنی دواین پێشكەوتنەكانی زانستی پزیشكی دەكات بەنەخۆش، هاوكات چۆنێتی پشكنینی نەخۆش بۆدیاریكردنی نەخۆشییەكەی رووندەكاتەوە.


بەوتەی د.فریا پریادی، نەخۆشخانەی شارە پزیشكییەكەیان گشتییە‌و هەمووبەشەكانی پزیشكیی تێدایە"ئامێرەكانی پشكنینی خوێن لەشارەكەمان لەعێراقدا بوونی نییە، لەپشكنینی  ئاسایی خوێنەوە هەمانە هەتا پشكنینی جینات، پشكنینی خوێن لەم شارە بە بەرزترین شێوەدەكرێت لەسەر ئاستی جیهان".


دەشڵێت"دەزگاكانی تیشك لەشارە پزیشكییەكە (MRI، CT ، ئەشیعەی ئاسایی‌و سۆنەر) پێشكەوتووترین‌و باشترین جۆرن لەسەر ئاستی جیهان".


بەرپرسی بەشی پزیشكیی شارەكە ئەوەدەخاتەڕوو، ئەوان لەژێرتێستی سیستمی (J.C.I) دان، كە بڕوانامەیەكی باوەڕپێكراوە‌و جێی متمانەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی"بەپێی ئەوسیستمە نابێت پزیشك كەمتر لە 15 خولەك لەگەڵ نەخۆشەكەیدا گفتوگۆبكات‌و بەهیچ جۆرێك نابێت لەیەك كاتدا زیاتر لەنەخۆشێك لای پزیشك بێت".


سیستمی (J.C.I) هی كۆمەڵێك نەخۆشخانەی تایبەتن لەئەمریكا، كەبەرزترین شێوازی پراكتیككردنی زانستی پزیشكی پەیڕەودەكەن، شاری پزیشكیی فاروق لەژێر تێستی (J.C.I) دایە‌و هەوڵی بەدەسهێنانی بڕوانامەكەیان دەدات، كە بەوتەی د.فریا پریادی بەدەستهێنانی (J.C.I) تاقیكردنەوەیەك نییە ئەنجامی بدەیت‌و وەریبگریت، بەڵكو پێویستە ساڵێك ئەوشێوازی كاركردنەی ئەوان پراكتیك بكەیت پاشان بڕوانامەكەت پێدەدەن"ئەوكات وەك ئەوەوایە ئەم نەخۆشخانەیە یەكێك لەبەرزترین نەخۆشخانەكانی ئەمریكا‌و ئەوروپای غەربی بێت".


د.فریا، دەشڵێت"هاوكات ئێمە ISO-15189 مان وەرگرتووە بۆ تاقیگەكەمان، كە ئەمەش مۆرێكی نێودەوڵەتییە بۆبایەخدان بەدەزگاكان‌و هەڵسەنگاندنیان".

هەرنەخۆشێك بچێتە شارەكە فایلی تایبەتی بۆدەكرێتەوەو وردەكاریی نەخۆشیی‌و پشكنینەكانیی تێدا پارێزراودەبێت، ئەگەر ئەونەخۆشە لەكاتێكی دیكە بۆهەرنەخۆشییەك سەردانی شارەكە بكاتەوە، تەواوی فایلەكەی‌و نەخۆشییەكانی پێشتری لەبەردەستی پزیشكدا دەبێت.


شارەكە لەقۆناغی كۆتایی كردنەوەیدایە بەڕوی نەخۆشدا‌و بەوتەی بەرپرسی بەشی پزیشكیی شارەكە "ئەم بەهارە دەكرێتەوە بەڕووی نەخۆشدا".


د.فریا پریادی دڵنیایی ئەوەدەدات كە كارێك دەكەن هەموو هاوڵاتییەك بتوانێت لەشارەكەیان چارەسەر وەربگرێت، هەرچەند تائامادەكردنی ئەم راپۆرتە نرخی بینینی نەخۆش‌و پشكنینەكانیان دیارینەكردووە، بەڵام دەڵێت"جیاوازییەكی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ نرخی بازاڕی سلێمانی".


بەرپرسی بەشی پزیشكیی شاری پزیشكیی فاروق، ئەوەشدەخاتەڕوو لەداهاتوودا بەشێكی تایبەت دەكەنەوە بۆچارەسەركردنی نەخۆشیی شێرپەنجە، دەڵێت"لەڕۆژی هاتنی نەخۆشەوە بۆبەشی شێرپەنجە تا ماوەی 5 ساڵ لەژێر چاودێریی‌و چارەسەردادەبێت بەباشترین‌و پێشكەوتووترین شێواز، لەگفتوگۆداین لەگەڵ حكومەتی هەرێم‌و بەغداد كە ئەوان ئەركی چارەسەركردنی نەخۆشیی شێرپەنجە بگرنە ئەستۆ، لەبەرئەوەی تێچیوونی زۆرە‌و لەتوانای بەشێك لەهاوڵاتییاندا نییە".

بەڕێوەبردنی شارەكە

شاری پزیشكیی فاروق بەپێی گرێبەستێك لەلایەن تۆڕی Acibadem) )ەوە بەڕێوەدەبرێت، كە 18 لەگەورەترین‌و بەناوبانگترین نەخۆشخانەكانی وڵاتی توركیا ئەو تۆڕە بەڕێوەی دەبات.

حسێن گویگسەل، بەڕێوەبەری گشتی شاری پزیشكیی فاروق، كە ئەزموونی 10 ساڵ كاركردنی هەیە Acibadem) ) باسلەوەدەكات گرێبەستیان لەگەڵ شاری پزیشكیی فاروق هەیە بۆبەڕێوەبردنی شارەكەیان بۆماوەی 10 ساڵ، خەڵكی ئیداریی خۆیانیان هێناوە بۆبەڕێوەبردنی.


حسێن گویگسەل، دەڵێت"كاری یەكەممان ئەوەیە شارەزایی‌و زانیاری خۆمان بهێنین بۆئێرە بەمەبەستی وەرگرتنی (J.C.I)، كاری دووەمیشان ئەوەیە خەڵكی ئێرە فێردەكەین كەدوای ئێمە خۆیان نەخۆشخانەكە بەڕێوەببەن".


بەڕێوەبەری گشتی شاری پزیشكیی فاروق، باسلەوەشدەكات دەستیان بەكاركردن كردووە"سەرەتا خۆمانین، پاشان لەماوەی ئەم 10 ساڵەدا خەڵكی ئێرەدەهێنینە ناوەوەو خۆمان كەمدەبینەوە، تاوایلێدێت خەڵكی ئێرە خۆیان بەڕێوەیبەرن، هاوكات ئێمە بڕوانامەیان دەدەینێ‌و دواتریش پێدەچێت خەڵكی ئێرەش لەگەڵ خۆمان بەرینەوە‌و سودیان لێوەربگرین بۆبەڕێوەبردنی نەخۆشخانەكانی توركیا".

"دەرمانمان لەباشترینی باشترینەكانن"

شاری پزیشكیی فاروق، دەرمانخانەی تایبەت بەخۆی هەیەو بەرپرسی دەرمانخانەكە ئاماژەبەوەدەكات ئەوان دەرمانیان باشترین دەبێت لەناوباشترین جۆرەكانی دەرماندا‌و بەجۆرێك پلانیان داڕشتووە نەخۆش لەشارەكەیان دەرمانی لێنەبڕێت.


 د.سارا ئەحمەد، بەرپرسی بەشی دەرمانسازی شاری پزیشكیی فاروق، جەخت لەوەدەكاتەوە، سەرجەم دەرمانەكانیان باشترین براند(ماركە مسجلە)ن.
بەوتەی بەرپرسی بەشی دەرمانسازی شارەكە نەخۆش ئازادە دەرمان لەوێ دەكڕێت یان لەدەرەوە"بەڵام ئەمانەی ئێمە بشترینی باشترینەكانن، بەرنامەمان ئەوەیە هیچ كەموكورتیمان نەبێت لەڕووی دەرمانەوەو نرخیشمان ئەگەر لەبازاڕ كەمتر نەبێت زیاتر نابێت".


د.سارا، ئەوەشدەخاتەڕوو لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەكانی وەك(Pfizer,Novartis, Astra zenca ) پەیوەندییان هەیە بۆكڕینی دەرمان.


بەرپرسی بەشی دەرمانسازی شاری پزیشكیی فاروق، ئەوەڕووندەكاتەوە ئامانجیان خزمەتكردنە نەك قازانج"پاش ئەوەی نەخۆش دەچێتەدەرەوە لەنەخۆشخانەكە، چاودێریی دەكرێت لەڕووی بەكارهێنان‌و كاریگەریی ئەودەرمانانەوە كە پزیشك بۆی دیاریكردووە".

 

 

 






ads

زۆرترین خوێندراوە

ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved