قەبارەی بازرگانی هەرێم لەگەڵ توركیا ١٢ ملیارو لەگەڵ ئێرانیش 8 ملیار دۆلارە

کوردستان

09/07/2018‌ 763 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی ھەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا ١٢ ملیار دۆلار و ئێران هەشت ملیار دۆلار دەبێت.

نەوزاد ئەدھەم بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لەوەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە ھەفپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ لەبارەی رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، باشتر بووە و بەرەو گەشەكردن دەچێت، بەشێوەیەك "رەوشی بازرگانی لە ھەرێمی كوردستان ئەمساڵ بە بەراورد بە پار ساڵ ٢٠١٧ باشترە، ھەرێمی كوردستان وەكو سەنتەرێكی بازرگانییە بۆ گشت عێراق".

نەوزاد ئەدھەم راشیگەیاند "بەنموونە ئەگەر تەماشای ھاوردەكردنی ئۆتۆمبیل بكەین و بەراوردێك لە نێوان ساڵی ٢٠١٦ و ٢٠١٧ بكەین دەبینین، كە بەڕێژەی سەد لەسەد رێژەكە زیادی كردووە، لەڕاستییدا ئەو ئۆتۆمبیلانە ھەمووی لە ھەرێمی كوردستان نامێنێتەوەو دەچێتە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لەوێ بازاڕەكە زیاتر و باشترە".

ناوبراو هەروەها رایگەیاند "ھەرێمی كوردستان دۆخێكی ئابووری و دارایی سەختی ھەیە، بەڵام باری ئابووری خەڵكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە چەند ساڵی رابردوو واتە لە ٢٠١٤ تا ئەمساڵ باشترە لە دۆخی دارایی خەڵك لە ھەرێمی كوردستان، چونكە حكوومەتی عێراق پشكی ھەرێمی كوردستان بە شێوەی رێكوپێك نانێرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەكان دەست پێبكەنەوە كە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە بەھەزاران پڕۆژە ھەیە و راوەستاون".

ھەرچی پەیوەندی بە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا و ئێرانەوە ھەیە، نەوزاد ئەدھەم  رایگەیاند "ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا گەشەی بەخۆوە بینیوە و پێشبینی دەكەین، كە لە ئەمساڵدا ئەو ئاڵوگۆڕە بگاتە نزیك بە ١٢ ملیار دۆلار، ئەم ئاڵوگۆڕە بازرگانییەش تەنھا بۆ ھەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو رێژەی ٧٥ لەسەدی ئەو كاڵایانەی لە توركیاوە دێنە نێو ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات و تەنھا رێژەی ٢٥ لەسەدی ئەو كاڵایانە لە سنووری ئیبراھیم خەلیلەوە بۆ ھەرێمی كوردستان و دانیشتوانەكەیەتی، ئەم رێژەیە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و ھەرێمی كوردستانیش ھەمان رێژەیە".

هـ ـ ح