شارپرێس:
بانكێكی ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند، له‌پاش ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه، نرخی نه‌وت ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته 120 دۆلار.
ئه‌مریكا بڕیاریداوه له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵه‌وه هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران ڕابگرێت، ئه‌وه‌ش دڵه‌ڕاوكێی له‌باره‌ی نرخی نه‌وته‌وه دروستكردووه، چونكه ئه‌و وڵاته له‌ئێستادا نزیكه‌ی دوو ملیۆن و 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێكدا هه‌نارده ده‌كات.
بانكی "ئه‌مریكا مێرل لینچ" هۆشداریداوه له‌وه‌ی نرخی نه‌وت بۆ زیاتر له 120 دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه، ڕاسته‌وخۆ له‌دوای ڕاگرتنی هه‌نارده‌و فرۆشتنی نه‌وتی ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له‌مانگی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ.
دامه‌زراوه‌ی "مۆرگان ستانلی" ئه‌مریكی به‌هه‌مانشێوه پێشبینی بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی نرخی نه‌وت كردوه، به‌ڵام ئه‌و دامه‌زراوه‌یه پێی وایه له‌چه‌ند مانگی داهاتوودا سه‌ره‌تا نرخی نه‌وت بۆ سه‌روو 85 دۆلار به‌رز ده‌بێته‌وه، له‌ساڵی داهاتووشدا نرخی نه‌وت بۆ سه‌روو 100 دۆلار به‌رزده‌بێته‌وه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه دوێنێ سێشه‌ممه مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا سوربوونی وڵاته‌كه‌ی بۆ ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران ده‌ربڕی‌و ڕایگه‌یاند، "تا ئێران به‌هۆش خۆی نه‌یه‌ته‌وه، ئابوری ئه‌و وڵاته چاكنابێته‌وه".
چاودێران وایده‌بینن سعودییه له‌سه‌ر داواكاری سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆشایی هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئێران له‌بازاڕه‌كانی جیهاندا پڕده‌كاته‌وه، به‌ڵام توانای ئه‌و ته‌نیا زیادكردنی یه‌ك ملیۆن به‌رمیلی تره بۆ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ڕۆژانه‌ی.
ڕ . ج