هۆكاری ئامادەنەبوونی ژنە سەرۆكەكەی كرواتیا لەیاری هەڵبژاردەكەی ئاشكراكرا

جیهان

12/07/2018‌ 12521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆڵیندا كیتاروفیچی سەرۆكی كرواتیا نەیتوانی لەیاری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەرانبەر هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئامادە بێت.

یاری هەڵبژاردەی كرواتیاو ئینگلتەرا شەوی رابردوو لەچوارچێوەی قۆناغی چوارگۆشەی زێڕینی یارییەكانی مۆندیالی 2018 بەرێوەچوو، كە لەو یارییە ژنە سەرۆكەكە نەیتوانی ئامادەبێت.

هۆكاری بەشدارینەكردنی كۆڵیندا كیتاروفیچ بۆ بەشداریكردنی لەكۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ دەگەڕێتەوە، كە لەبرۆكسلی بەلجیكا دوو رۆژە بەردەوامی هەیە.
 
كیتاروفیچ لەكاتی بەشداریكردنی لەلوتكەی ناتۆ پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوەو رایگەیاند، راستە ئامادەی یاریگا نابم، بەڵام دڵم لاتانەو هیوای بردنەوەی بۆ هەڵبژاردەی كرواتیا خواست.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لەیارییەكانی رابردووی هەڵبژاردەی كرواتیا لەمۆندیال كۆڵیندا كیتاروفیچ ئامادەیی لەیاریگا هەبوو، هانی هەڵبژاردەكەی دەدا.

كرواتییەكان سەرەڕای ئامادەنەبوونی سەرۆكەكەیان لەیاریگا، توانییان ئینگلیزەكان لەزەوی بدەن‌و خۆیان بگەیەننە یاری كۆتایی مۆندیال، كە یارییەكەیان بە دوو گۆڵ بەرانبەر بەگۆڵێك بردەوەو لەیاری كۆتایش بەرانبەر فەرەنسا یاری دەكەن.

هـ ـ ح