مەتەڵەكە ئاشكرانابێت
پەتای‌ تەقینەوە لەكۆگای‌ چەكەكەكانی‌ كوردستانی‌ داوە

کوردستان

13/07/2018‌ 4036 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەماوەی‌ ئەمساڵدا بەشێوەیەكی‌ گوماناوی‌ شەش كۆگای‌ گەورەی‌ هەڵگرتنی‌ چەك لەكوردستان تەقینەوە، سەیر لەوەدایە چواردانەیان تەنیا لەماوەی‌ هەفتەیەكدا یەك بەدوا یەك تەقینەوە.

پلەی‌ گەرماو نەگونجاوی‌ شوێن‌و شێوازی‌ هەڵگرتنی‌ چەك‌و تەقەمەنییەكان، كە پاساوی‌ رەسمی‌ تەقینەوەی‌ ئەو كۆگای‌ چەكانە بوون، رێی‌نەدا گومانەكان لەسەر ئەو رووداوانە ساردببنەوە، بەردەوامیش لەگەڵ دووبارە بوونەوەیان گومانەكانیش زیاتر دەبوون.

كاتژمێر 4:30 خولەكی بەرەبەیانی 30ی حوزەیرانی 2018 لەناوچەی بەحركەی‌ سنوری‌ هەولێر كۆگایەكی چەك‌و تەقەمەنی تەقیەوەو سێ رۆژ دواتریش لە 3ی  تەمووزدا لەناوچەی تاسڵوجەی پارێزگای سلێمانی كۆگایەتی تری‌ سەر بە یەكەی 70ی پێشمەرگەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان تەقییەوە.

هێشتا پرسیارەكانی‌ سەر هۆكاری‌ دووبارەبوونەوەی‌ ئەو تەقینەوانە وەڵامنەدرابوونەوە كاتێك بۆ رۆژی‌ 3ی‌ تەمووز سێهەم كۆگای‌ چەك‌و تەقەمەنی (لەشكری رۆژ) لەپارێزگای دهۆك تەقییەوە.

پەتای‌ تەقینەوەی‌ كۆگای‌ چەك ئیدارەی‌ راپەڕینی‌ سنوری‌ سلێمانیشی گرتەوە كاتێك شەوی (5)ی‌ تەمووز هاوڵاتیانی‌ سنوری‌ ناحیەی چوارقوڕنە بەدەنگی‌ تەقینەوەی‌ كۆگایەكی تری‌ چەك‌و تەقەمەنی خەبەریان بووەوە.

بەستنەوەی‌ تەنز ئامێزی‌ تەقینەوەی‌ یەكێك لەكۆگاكان بە یادی‌ لەدایكبوونی‌ بەرپرسێكی‌ سەربازیی‌ پێشمەرگەوە لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئاماژە بوون بۆ نەمانی‌ متمانەی‌ رای‌ گشتی‌‌و ئەو پاساوانەی‌ كە لەكاتی‌ تەقینەوەی‌ ئەو كۆگایانە لەلایەن بەرپرسانی‌ ئەمنیەوە رادەگەیەندران.

جەبار یاوەر ئەمینداری‌ گشتی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە بە "نیقاش"ی‌ وت "زۆربەی‌ ئەو كۆگایانەی‌ تەقیونەتەوە سەر بەوەزارەتی‌ پێشمەرگە نین، بەڵكو سەر بەفەرماندەی‌ زێرەڤانی‌ وەزارەتی‌ ناوخۆ یان هێزەكانی‌ پێشمەرگەی‌ یەكێتی‌‌و پارتین، وەزارەی‌ پێشمەرگە سێ كۆگای‌ سەرەكی‌ چەكی‌ هەیە لەهەولێر‌و سلێمانی‌‌و دهۆك كە لەژێر رێنمایی‌‌و چاوێری‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژ بە داعشدان‌و مەرجەكانی كۆگایان تێدایە".

جەبار یاوەر هۆكاری‌ تەقینەوەی‌ كۆگاكانی‌ سەرەتای‌ ئەم مانگە دەگەڕێنێتەوە بۆ نە گونجاوی‌ شوێنی‌ هەڵگرتنیان‌و بەرزبوونەوەی‌ پلەی‌ گەرما.

ئەو دەڵێت "ئەم كۆگایانەی‌ تەقیونەتەوە چەكەكانی‌ لەژێر جەمەلۆنێكی‌ ئاساییدا بوون‌و سیفاتی‌ كۆگایان تێدانییە، كەلوپەلەكان‌و گولەو تەقەمەنی‌ بەیەكەوە هەڵگیراون كە ماددەی‌ دینامیتی‌ تیابووەو لەبەرزبوونەوەی‌ پلەی‌ گەرمادا دەتەقێتەوە".

لەگەڵ هەموو گومانەكان بۆ رووداوەكانی‌ە ئەم دواییە، بەڵام تەقینەوەی‌ كۆگاكانی‌ چەك لەهەرێمی‌ كوردستان نوێ نییەو پێشینەی‌ هەبووە.

لەمانگی‌ ئابی‌ ساڵی‌ رابردوودا كۆگایەكی‌ چەك‌و تەقەمەنی‌ بەدووری‌ چەند سەد مەترێك لەبینای‌ وەزارەتی ناوخۆ لەهەولێر تەقیەوەو شەوی‌ 26ی‌ هەمان مانگیش كۆگایەكی‌ تر لەنزیك فڕۆكەخانەی هەولێر تەقییەوە.

تائێستا ئەوەی‌ هەیە ئۆباڵی‌ تەقینەوەی‌ كۆگاكان دەخرێتە ملی‌ پلەی‌ گەرماو نەگونجاوی‌ شوێن‌و شێوازی‌ هەڵگرتنی‌ چەكەكان.

فەریق روكن خۆرشید سەلیم دوسكی، شارەزایی‌ كاروباری‌ سەربازیی‌ بە" نیقاش"ی‌ وت "هۆكاری‌ تەقینەوەكان هەمەجۆری‌ چەك‌و كەلوپەلە سەربازییەكانە كە بەیەكەوە هەڵگیراون‌و هیچ مەرجێكیان تێدا نییەو پێویستە كۆگای‌ چەك لەژێر زەوی‌ بێت‌و خۆَڵی‌ تائاستی‌ سێ مەتر لەسەر كۆبكرێتەوەو فێنك كەرەوەی‌ هەبێت‌و جۆری‌ چەك‌و تەقەمەنیەكان جیا بكرێنەوە ئەوە جگە لەوەی‌ كۆنی‌ چەكەكان‌و پلەی‌ گەرما كاریگەریی‌ هەیە لەسەر تەقینەوەیان".

بەڵام ئەو هۆكارە بۆ تەقینەوەی‌ كۆگاكان نەیتوانیوە باوەڕ بەو كەسانە بهێنێت كە بەرپرسی بەشێك لەكۆگاكانن.

جەعفەر شێخ مستەفا، بەرپرسی‌ یەكەی‌ 70ی‌ هێزەكانی‌ پێشمەرگە كە كۆگا تەقیوەكەی‌ سلێمانی‌ سەر بەهێزەكەی‌  ئەو بووە بە "نیقاش"ی‌ وت "باوەڕمان بەوە نییە تەقینەوەی‌ كۆگاكەی‌ یەكەی‌ 70 لەسلێمانی‌ شۆرتی‌ كارەبا یاخود بەهۆی‌ پلەی‌ گەرماوە بووبێت، بەڵام ناشزانین هۆكارەكەی‌ چی‌ بووە، ئەوە سپێردراوە بەلیژنەیەك".

ترس لەگومانەكان لەلای بەرپرسی هێزەكانی‌ 70  لەوە گەورەترە كە لەنێو خەڵكدا هەیە، جەعفەر شێخ مستەفا وتی‌ "بەهۆی‌ ئەوەی‌ گومانەكان تەنیا لەناوخۆی‌ هەرێم نییەو لەدەرەوەشە، بۆیە ئەڵمانیاو ئەمریكا ئاگادار كراونەتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لەتەقینەوەی‌ كۆگاكەی‌ سلێمانی".

پەلكێشكردنی‌ هاوپەیمانی‌ نێودەوڵەتی‌ دژ بە داعش بۆ ناو رەوتی‌ لێكۆڵینەوەكان لەپاش ئەوەهات كە یەكێك لەگومانەكان ئەوە بوو كە تەقاندنەوەی‌ ئەو كۆگایانە بەمەبەست بووبێت بۆ شاردنەوەی‌ ئەو چەكە ونبووانەی‌ ئەو هاوپەكانێتیە بە هێزە ئەمنیەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ داوە لەكاتی‌ شەڕی‌ دژ بەداعشدا لە نێوان ساڵی‌ 2014 بۆ 2017.

بەڵام لیوا ئەحمەد كۆیی بەرپرسی‌ یەكەی‌ پاسەوانی‌ لە فەرماندەی‌ گشتی‌ زێرەڤانی ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو چەكانەی‌ لەكۆگاكاندا تەقیونەتەوە هی‌ سوپای‌ حزبی بەعس‌و پاشماوەی چەكە دەستبەسەرداگیراوەكانی چەكدارانی داعش بوون.

كۆیی بە "نیقاش"ی وت "ئەو چەكانە بۆیە تەقیونەتەوە، چونكە بەشێوەیەكی‌ زانستی‌ هەڵنەگیراون‌و لەسەر یەك داندراون‌و بەشێكیشیان دروستكراوی‌ دەستی‌ چەكدارانی‌ داعش بوون‌و  بەهۆی گەرماوە تەقیونەتەوەو مەرجیان تێدا نەبوو".

پەرلەمانی‌ كوردستان كە باڵاترین دەسەڵاتی‌ چاودێریكردنە لەهەرێمی‌ كوردستان داوای‌ ئەنجامی‌ لێكۆڵینەوەی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەكەن لەسەر تەقینەوەی‌ كۆگاكان. 

شیلان جەعفەر، سەرۆكی‌ لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لەپەرلەمانی‌ كوردستان بە" نیقاش"ی‌ وت " نوێنەری‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگەمان بانگهێشتی‌ پەرلەمان كرد، ئەوان وتیان لیژنەمان پێكهێناوەو پرسیاریشمان لێكردن بەوەی‌ چۆن لەیەك هەفتەداو لەشەویشدا كۆگاكان دەتەقنەوەو ئەوانیش وتیان لێكۆڵینەوە دەكەین‌و ئاگادارتان دەكەینەوە".

پێدەچێت ئەو چاوەڕوانیەی‌ پەرلەمانیش بۆ دەرەنجامی‌ لێكۆڵینەوەكان لەسەر تەقینەوەی‌ ئەو كۆگایانەی‌ چەك‌و تەقەمەنی‌ نەیانگەیەنێتە ئەوەی‌ وەڵامی‌ ئەو پرسیارانەیان دەست بكەوێت كە لەنێو رای‌ گشتیدا دروستبوون لەسەر ئەو روداوانە سەرەڕای‌ ئەوەی‌ پەرلەمان نوێنەرایەتیان دەكات.  

ئەیوب عەبدولا، سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان بە"نیقاش"ی وت "وەك لیژنە نوسراومان ئاڕاستەی وەزارەتی پێشمەرگە كردووەو داوامان كردووە راپۆرتی تەقینەوەكانی ئەمساڵ‌و هەردوو كۆگاكەی ساڵی رابردوو بۆ لیژنەكەمان بنێرن، بەڵام تاوەكو ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".

وتیشی‌ "هیچ بەدواداچوون بۆ تەقینەوەكانی ساڵی رابردوو نەكراوە، بەهۆی ئەوەی ئەو كاتە پەرلەمان پەكخرابوو".

لەگەڵ ئەوەی‌ لەماوەی‌ رابردوودا لیژنەی‌ لێكۆڵینەوە بۆ تەقینەوەكانی‌ پێشوش پێكهێنرا، بەڵام دەرەنجامەكانی‌ رانەگەیەندراون بۆ رای‌ گشتی‌ كە پێدەچێت ئەو پرسە بخرێتە چوارچێوەی‌ دۆسیە هەستیارە سەربازییەكانەوە.

ئەمنیداری‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە دەڵێت "ئەگەر ئەنجامی‌ لیژنەكانیش تەواو بێت لەسەر ئەو تەقینەوانە ئاشكرایناكەین چ جۆرە چەكێك بووە تەقیوەتەوە، ئەوە نهێنی‌ سەربازییە".

لەپاڵ گومانی‌ سەر هۆكاری‌ تەقینەوەی‌ كۆگاكان شەڕێكی‌ تری‌ سەر ئەو رووداوە، بێ خاوەنی‌ كۆگاكانە لەنێوان وەزارەتی‌ پێشمەگەو ناوخۆدا كە هیچیان خۆیان ناكەن بە خاوەنی‌.

لەكاتێكدا ئەمینداری‌ گشتی‌ وەزارەتی‌ پێشمەرگە ئاماژە بەوەدەكات كە ئەو كۆگایانەی‌ تەقیونەتەوە سەر بەوان نین وەزارەتی‌ ناوخۆ پێچەوانەكەی‌ لا راستە.

سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم بۆ "نیقاش" وتی‌ "هیچ كۆگایەكی وەزارەتی ناوخۆ نەقیونەونەتەوەو سەرجەم كۆگاكان هی وەزارەتی پێشمەرگەن".