چاوەڕوانی پەسەندكردنی ئەنجامەكانن
دانوستانی پێكهێنانی حكومەت دوژمنانی دوێنێ كۆدەكاتەوە

عیراق

14/07/2018‌ 1424 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر هەڵبژاردندا كوتلە سیاسییەكان نەیانتوانیوە یەك هەنگاو بەرەو پێكهێنانی حكومەتی نوێ بچنە پێشەوە، ئەمەش حزبە نەیارەكانی ناچار كردووە لەسەر یەك مێز دابنیشن.

پێدەچێت ئەو هاوپەیمانییانەی لەماوەی دوو مانگی رابردوودا بۆ پێكهێنانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمان راگەیەندران شكستیان هێنابێت لە بەدیهێنانی ئامانجەكانیان‌و ئەوەش وای لە حزبەكان كردبێت سەرلەنوێ چاو بە دانوستانەكاندا بخشێننەوە لەڕێی ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ نەیارەكانیان لەبری سووربوونیان لەسەر نزیكبوونەوە لەو دۆستانەیان كە دید‌و ئامانجی هاوبەشیان پێكەوە هەیە.

شەممەی رابردوو كۆبوونەوەیەك بەڕێوەچوو دەكرێت بە مێژوویی وەسف بكرێت كە دوژمنەكانی دوێنێی كۆكردبووەوە، چونكە وفدێكی هاوبەشی "هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆمار‌و هاوپەیمانی "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری لە هەولێر لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی "پارتی دیموكراتی كوردستان" كۆبووەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمان كە دەسەڵاتی هەڵبژاردنی سەرۆك وەزیران‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێی دەبێت.

چەند هەفتەیەك لەمەبەر ئەم سێ هێزە چووبوونە شەڕێكی میدیایی توندەوە كە بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی جیابوونەوە لە عێراق لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە لە ئەیلولی ساڵی رابردوو دەستیپێكرد‌و لەگەڵ چوونی هێزەكانی سوپای عێراق‌و "حەشدی شەعبی" بۆ ناو شاری كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكییەكان دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەگەر، زۆر توندتر بوو.

لەو كاتەوە بەرپرسانی "دەوڵەتی یاسا"‌و "فەتح"‌و كەناڵەكانی راگەیاندنی سەر بە هەردووكیان هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە بارزانی بە میلیشیا وەسف دەكەن‌و بارزانیش بە بەكرێگراو تۆمەتبار دەكەن، هاوكات بەرپرسانی "پارتی دیموكراتی كوردستان" هێزەكانی "حەشدی شەعبی" بە میلیشیا وەسف دەكەن‌و كەركوكیش بە داگیركراو لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی عێراقەوە لە قەڵەم دەدەن.

بەڵام قەیرانی پێكهێنانی حكومەت هەرسێ حزبەكەی ناچار كرد لەسەر یەك مێز دابنیشن‌و سنوورێك بۆ شەڕی میدیایی نێوانیان دابنێن‌و قۆناغێكی نوێ دەست پێبكەن، هەروەك ئەم دیدارە لەناكاوە بووە ئامانجی هەواڵە ساختەكانیش، چونكە بەڵگەنامەیك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە كە گوایە رێككەوتنی نێوان ئەو سێ لایەنەیە‌و بەدەق  باسی ئەوە دەكات كە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بدرێتە مەسعود بارزانی بەپشتیوانی مالیكی‌و عامری، لەبەرامبەریشدا "پارتی دیموكراتی كوردستان" پشتیوانی مالیكی بكات بۆ سەرۆكایەتی وەزیران،  بەڵام بەڵنامەكە راست نییە‌و بەرپرسانی هەرسێ لایەنەكە رەتیانكردەوە.

نەجیبە نەجیب ئەندامی "پارتی دیموكراتی كوردستان" بە "نیقاش"ی وت: "ئەو بەڵگەنامەیەی سەبارەت بە رێككەوتن لەگەڵ دەوڵەتی یاسا‌و فەتح بڵاوبووەتەوە، ناڕاستە، بەڵام كۆبوونەوەكە نزیكبوونەوەیەكی زۆری بۆچوونەكانی لێكەوتووەتەوە". هەروەها وتیشی: "پارتیمان داوای جێبەجێكردنی دەستوور‌و گەڕانەوەی پێشمەرگە دەكات لەچوارچێوەی هێزە عێراقییەكاندا بۆ شاری كەركوك‌و ناوچە جێناكۆكەكان لە سەڵاحەدین‌و دیالە‌و نەینەوا".

یەكشەممەی رابردوو كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجام درا كە بۆیەكەم جار حزبە سوننە نەیارەكانی كۆكردەوە، هاوپەیمانی "هێزە عێراقییەكان" كە جەمال كەربولی رێبەرایەتی دەكات‌و دوژمنی سەرسەختی "حزبی ئیسلامی"یە بەسەرۆكایەتی سەلیم جبوری، لەگەڵ هاوپەیمانی "قەراری عێراقی" بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجێفی، پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی یەكگرتوویان تاووتوێكرد كە رێبەرایەتی دانوستان لەگەڵ حزبە شیعە‌و كوردیەكان بكات.

تا چەند رۆژێك پێش ئێستاش ئەم لایەنانە یەكتریان تۆمەتباردەكرد سەبارەت بە ساختەكاری هەڵبژاردن لەپارێزگا سوننەكانی ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین‌و دیالە‌و بەدرێژایی چەند مانگی رابردوو چووبوونە شەڕێكی میدیاییەوە لەپێناو كێبڕكێكردن لەسەر پۆستە ئیدارییەكان لەو شارانەدا دوای ئەوەی ساڵی رابردوو توندڕەوانیان تێدا دەركرا.

لەوەتەی ئەنجامی هەڵبژاردن راگەیەندراوە هێزە سوننەكان هەوڵ دەدەن بچنە دانوستانی جیاوە لەگەڵ حزبە شیعە‌و كوردیەكان لەپێناو بەدەستهێنانی سوودی زیاتر لە حكومەتی داهاتوودا، بەڵام ئەو دانوستانە شكستی هێنا لە بەدیهێنانی ئامانجەكەی بەهۆی دیاریكراوی كورسییەكانی هەر حزبێك، بۆیە بیریان لەوە كردەوە پێكەوە هاوپەیمانی ببەستن بۆ یەكخستنی كورسییەكانیان تا لە دانوستانەكاندا كاریگەربن.

هاوپەیمانی "هێزە عێراقییەكان"‌و "وەتەنییە"‌و "قەراری عێراقی" دیارترین حزبە سوننە سەركەوتووەكانی هەڵبژاردنن‌و هەموویان نزیكەی (50) كورسییان بەدەستهێناوە‌و لەچاوەڕوانی ئەنجامی كۆتاییدان لەدوای كۆتاییهاتنی پرۆسەی ژماردن‌و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان.

محەمەد حەلبوسی سەركردە لە "هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان" سەبارەت بە كۆبوونەوەكە وتی: "تا ئێستا هیچ هاوپەیمانییەك لەنێوان كوتلە سوننەكاندا لەئارادا نییە، باسی راگەیاندنی هاوپەیمانیەكی پێشوەختیش پێش راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی دەكەوێت"، وتیشی: "كۆبوونەوەی هێزە سوننەكان بۆ گفتوگۆكردن بوو، تێیدا كۆمەڵێك دیدار لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە خرانەڕوو".

هەرچەندە ئەندامانی حزبە سوننەكان ئەوە رەتدەكەنەوە تائێستا رێككەوتنێكی رەسمییان لەنێواندا هەبێت، بەڵام لە راستیدا كۆبوونەوەكە گفتوگۆی لەبارەی پرسی گرنگەوە كرد‌و خاڵێكی وەرچەرخان بوو لە نێو حزبە سوننەكاندا كە دەمێكە بەدەست دابەشبوون‌و لەبەریەكهەڵوەشان دەناڵێنن‌و رێگریان لێدەكرێت كە كوتلەیەكی یەكگرتوو پێكبهێنن رەنگدانەوەی ویستی شارە سوننەكان بێت كە بەدەست وێرانكاری‌و بێكاری‌و كێشەی ئەمنی بەردەوامەوە دەناڵێنن.

بەرپرسێكی ئەمنی پایە بەرز كە داوایكرد ناوی ئاشكرا نەكرێت بە "نیقاش"ی وت: "ئەو پرسە سەرەكییەی  جێبایەخی حزبە سوننە بەشداربووەكانی كۆبوونەوەكە بوو، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بوو كە بۆ سوننە تەرخان كراوە‌و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی كاندیدی سوننە بۆ ئەو پۆستە كرا، كۆبوونەوەكانیش بەردەوام دەبن لەپێناو سازان لەسەر یەك كەسایەتی تا لەبەردەم حزبە شیعە‌و كوردیەكاندا بە هەڵوێستێكی یەكگرتوو نەك لەبەریەكهەڵوەشاو دەربكەون".

لەناوەڕاستی مانگی رابردوودا موقتەدا سەدر كە هاوپەیمانییەكەی "سائیرون" پلەی یەكەمی لە هەڵبژاردندا بەدەستهێنا، هەمووانی تووشی شۆك كرد‌و بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ هاوپەیمانی "فەتح" بە سەرۆكایەتی هادی عامری راگەیاند ئەویش دوای ساڵانێك لە دژایەتی نێوان ئەندامانی هەردوو هاوپەیمانییەكە‌و جیاوازی بەرفراوان لە هەڵوێستە سیاسییەكانیاندا.

پێدەچێت ئەو هاوپەیمانییە رەوشی باش نەبێت، ئەویش لە ئەنجامی ئەو گوشارانەی كە ئێران لەسەر موقتەدا سەدر پەیڕەوی كردووە كە ساڵانێكە هەوڵی سەربەخۆبوونی بڕیاری عێراق‌و دووركەوتنەوە لە هەژموونی ئێران‌و دەوڵەتانی دیكەی دراوسێ دەدات، بۆیە سەدر هێشتا سوورە لەسەر هەڵوێستی دژایەتیكردنی مالیكی كە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیرییەكی فراوانی لێدەكرێت.

چەند رۆژێك لەمەوبەریش سەدر رەشبین دەركەوت بەرامبەر دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت‌و چەند تویتێكی بڵاوكردەوە كە ئاماژەیان بۆ ئەو گوشارە گەورانە دەكرد كە لەدژی خۆی‌و هێزە سیاسییەكان پەیڕەو دەكرێن، دووشەممەی رابردووش لە تویتێكدا لە "تویتەر" وتی: "دەبێت كوتلە سیاسییەكان گفتوگۆ سەبارەت بە پێكهێنانی هاوپەیمانییەكان لەگەڵ ئەمریكا‌و دەوڵەتانی دراوسێ رابگرن، ئەمە تەنیا كاروباری ئێمەی عێراقییە‌و هی كەسی دیكە نییە".

هەفتەی رابردووش سەدر بەزمانێكی توڕە وتی: "رێگە نادەین عێراق لەودیو سنوورەوە بەڕێوەببرێت، عێراق بەدەستی عێراقی نیشتمانی پوخت‌و بە هاوپەیمانییە بێگەردەكان‌و دوور لە پشككاری تایفی بەڕێوەدەبرێت".

تائێستا هاوپەیمانی رەسمی لەنێوان حزبە عێراقییەكاندا لەئارادا نییە‌و هێشتا هەمووان چاوەڕوانی ئەنجامی پرۆسەی ژماردنەوە‌و جیاكردنەوەی دەستی دەنگەكان دەكەن لەلایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەوە كە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری عێراقەوە پێكهێنراوە، هەر كە دادگای فیدراڵیش ئەنجامەكانی پەسەند كرد، گەڕێكی نوێ‌و یەكلاكەرەوەی دانوستان دەستپێدەكات بۆ یەكلاكردنەوەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ.

بەپەلە