پەكەكە ڤیدیۆی كوشتنی ٤٥ ئەندامی هێزە تایبەتەكانی توركیا بڵاودەكاتەوە

کوردستان

14/07/2018‌ 7842 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گەریلا تیڤی ڤیدیۆی چالاكی گەریلاكانی پەكەكەی لەدژی هێزی تایبەتی یەكەی هەواڵگری سوپای توركیا لە ناوچەی بازیدی ئاگری بڵاوكردەوە، كە ٤٥ ئەندامی ئەو هێزە تایبەتە هەواڵگرییەی تێیدا كوژران.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فورات نیوز، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی ئەو چالاكییەوە رایگەیاند "كاتژمێر ٠٧:٣٠ رۆژی ٢٠ی ئایاری ٢٠١٨ هێزەكانمان لەچوارچێوەی هەڵمەتی سەركەوتوانەی شۆڕشگێڕیدا لەشارۆچكەی گیوربولاكی ناوچەی بازیدی پارێزگای ئاگری لە دژی سوپای توركیای داگیركەر چالاكییەكی بەرفراوانیان ئەنجامدا".

هەپەگە راشیگەیاندووە "هێزەكانمان لە دوای دەستكەوتنی زانیاریی تایبەتی هەواڵگری، چاودێریی پاسێكی سوپای توركیایان كرد، كە یەكەی تایبەتی جەندەرمەی (JOH)ی تیادا بوو. بە ئیرادەیەكی بەهێز و بەپێداگرییەوە، ئەو پاسە كە یەكەی تایبەتەكەی تیادا بوو كرایە ئامانج. ئەوەندەی سەلمێنراوە لەو چالاكییەدا ٤٥ ئەندامی یەكەی تایبەتی ئەو هێزەی سوپای توركیا كوژراون".

 هەپەگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای چالاكییەكە سوپای كۆماری توركیای داگیركەر بە ئۆتۆمبیلی زرێپۆش دەستێوەردانی لە شوێنی چالاكییەكەكردووە، بەڵام هێزەكانمان بەشێوەیەكی سەركەوتوانە زرێپۆشەكانیش كردە ئامانج و لێیاندان و بەو هۆیەوە ناچار بە كشانەوە كران. هەروەها ٢ كۆپتەری هێرشبەری جۆری ئاتاك كە دەیانویست لە ئاسمانەوە دەستوەردان لە شوێنی چالاكییەكە بكەن، كرانە ئامانجی هێزەكانمان و سەركەوتوانە لە كۆپتەرەكانیان دا و بەهۆی پێكانیانەوە ناچاربوون بكشێنەوە. سوپای كۆماری توركیای داگیركەر لە نیوەرۆەوە تاوەكو كاتژمێر ١٦:٠٠ی ئێوارە بە تۆپخانە و هاوەن دەستیكرد بە تۆپبارانكردنی ئەو ناوچەیە و دواتر سەربازە كوژراو و بریندارەكانیان بە كۆپتەر جۆری سكورسكی و ئامبولانس گواستەوە. هەروەها پارچەكانی ئەو پاسەشیان كۆكردەوە و لەگەڵ خۆیان بردیان، كە پارچە پارچە بوو بوو.

لێرە كلیك بكە بۆ بینینی ڤیدیۆكە..