کرواتیا vs فەرەنسا.. سبەینێ فیکەی کۆتا یاری جامی جیهانی ڕوسیای ٢٠١٨ لێدەدرێت

وەرزش

14/07/2018‌ 683 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
 یارییەکانی جامی جیهانی ٢٠١٨ی روسیا بەرەو کۆتایی دەچن و هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنسا و کرواتیا بۆ یاریی کۆتایی سەرکەوتون.

سبەینێ یەکشەممە  ١٥ی تەمموزی ٢٠١٨ کاتژمێر ٦:٠٠ بەکاتی باشوری کوردستان لە مۆندیالی ٢٠١٨ روسیادا هەردوو هەڵبژاردەی فەرەنساو کرواتیا لە یاریی کۆتایی و ڕوبەڕوی یەکتر دەبنەوە.


کەڵەشێرەکانی فەرەنسا لە قۆناغی ١٦ی مۆندیالدا هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیان تێپەڕاند کە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانابو و هەروەها لە قۆناغی هەشت تیمیشدا بردنەوە بەسەر هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای دەهێنێت و کە یەكێکن لە بەهێزترینەکانی ئەمەریکای لاتین و لە قورسترین تاقیکردنەوەشدا لە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕنی جامی جیهانی ٢٠١٨  روسیادا لە هەڵبژاردەی بەلژیکای بردەوە و و ئێستاش بۆ رووبەڕووبوونەوەی کرواتییەکان ئامادەیی تەواویان هەیە.

لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی  کرواتیاش هاوشێوەی فەرەنساییەکان جەنگی چەندین هەڵبژاردەی گەورەیان بردووەتەوەو لە قۆناغی ١٦ مۆندیالدا بردنەوەیان بەسەر هەڵبژاردەی دانیمارک بەدەستهێناو لە قۆناغی هەشت تیمیشدا لە هەڵبژاردەی روسیای خاوەنی ماڵی بردەوەو لە چوارگۆشەی زێڕینیشدا لەسەر حسابی سێ شێرەکەی ئینگلتەرا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویاندا بۆ کۆتا یاری جامی جیهانی سەرکەوتن.

هەردوو هەڵبژاردە بەهێزەکەی کیشوەری ئەوروپا چەندین ئەستێرەی بەهێزیان هەیەو لەسەر چیمەنی یاریگاکانی ئەوروپا لە پێکهاتەی سەرەکیدان و پشت بەتواناکانیان دەبەسترێت، نموونەش بۆ سەلماندنی ئەو راستییە یاریزانانی وەک گریزمان و مباپێیە لە هەڵبژاردەی فەرەنسا و لە هەڵبژارەی کرواتیاش یاریزانانی وەک مۆدریچ و راکیتیچ و ماندزۆکیچ دەبیندرێن جگە لەوەی چەندین ئەستێرەی دیکەی گەورەیان هەیە.

 هـ ـ ر