خۆپیشاندانەكان نرخی دۆلار لەعێراق‌و نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بەرزدەكاتەوە

عیراق

15/07/2018‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نرخی دۆلار لەبەرانبەر دیناری عێراقی بەرزبوونەوەی تۆماركردووەو بەپێی شارەزایەكی بواری دارایش هۆكاری بەرزبوونەوەكە خۆپیشاندانەكانی شارو شارۆچكەكانی عێراقە.

بەپێی كەناڵی سۆمەرییە نیوز، لەكۆتا مامەڵەكانی رۆژ نرخی 100 دۆلار لەبازاڕەكانی عێراق بە 120.750 دینار مامەڵەی پێوەكراوە، كە ئەوەش بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە لەچاو رۆژانی رابردوو.

عادل مەحمود شیكەرەوەی ئابووری لەپەیمانگای چاكسازی ئابووری لەعێراق رایگەیاندووە، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار پەیوەندی بەخۆپیشاندانەكانی عێراقەوە هەیە.

چەند رۆژێكە، لەشارو شارۆچكەكانی باشووری عێراق، تەنانەت بەغدای پایتەختیش خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت، كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە گرژی دروست بووە.

خۆپیشاندەران لەچەند ناوچەیەك، بەتایبەتی لەشاری بەسرە، هێرشیان كردووەتە سەر كێڵگە نەوتییەكان، كە ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان.

عادل مەحمود راشیگەیاندووە، ئەگەر هەناردەی نەوت لەبەسرە كێشەی بۆ دروست بێت، ئەوە بەدڵنیایی كاریگەری نەرێنی لەسەر نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان دادەنێت‌و زیاتر نرخەكەی بەرز دەبێتەوە، چونكە رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لەكێڵگەكانی ئەو شارەوە هەناردە دەكرێت.

هـ ـ ح