گەورەترین سوودمەند ئێران دەبێت
پێشبینیدەكرێت نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 200 دۆلار بەرزبێتەوە

کوردستان

15/07/2018‌ 1425 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێشبینیدەكرێت نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 200 دۆلار بەرزبێتەوەو سوودمەندترین لایەنیش لەو بەرزبوونەوە ئێران دەبێت.

دكتۆر مەمدوح سەلامە، كە شارەزای بواری نەوتی جیهانییە، پێشبینی كردووە، نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 200 دۆلاری ئەمریكی بەرزبێتەوە.

دكتۆر مەمدوح سەلامە، لەمیانی لێدوانێكی رایگەیاندووە، رووداوەكانی ئەم دواییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  هۆكار دەبێت، بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بۆ ژمارەیەكی پێوانەیی.

ئەو شارەزایەی بواری نەوت، خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی ناوچەكانی عێراق، بەتایبەتی بەسرە بەنموونە هێناوەتەوە، كە راشیگەیاندووە، ئەگەر هەناردەی نەوتی عێراق كێشەی بۆ دروست بێت، ئەوە نرخی نەوت دەگاتە ئەو ژمارەیە.

هەروەها باسی لەوەش كردووە، ئێران بەهۆی ئەو گەمارۆ ئابوورییەی لەسەریەتی گەورەترین سودمەندی ئەو بەرزبوونەوەیە دەبێت‌و سعودییەش توانای ئەوەی نابێت هەناردەی زیاد بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند رۆژێكە لەشارەكانی باشووری عێراق، بەتایبەتی بەسەر خۆپیشاندان بەرێوەدەچێت، كە لەو شارەوە رۆژانە 3 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، ئەو ژمارەیەش رێژەی 80%ی هەناردەی نەوتی عێراقە.

هـ ـ ح