پێكهێنانی حكومەت دوادەكەوێت
خۆپیشاندانەكانی عێراق گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا رادەگرێت

عیراق

15/07/2018‌ 538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خۆپیشاندانەكانی عێراق گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدای راگرتووەو بەو هۆیەوە پێكهێنانی حكومەتیش دوادەكەوێت.

چەند رۆژێكە لەشاری بەغدای پایتەخت‌و شارەكانی باشووری عێراق دەست بەخۆپیشاندانی ناڕازایی كراوەو بەردەوامیشی هەیە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە.

ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان لەكاتێكدایە، لە 12ی ئایاری رابردووەوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچووەو لایەنەكان دەستیان بەگفتوگۆی سەرەتایی كردبوو بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی‌و پێكهێ،انی حكومەت.

بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەكان، ئێستا گفتوگۆكان بەشێوەیەكی گشتی‌و گفتوگۆكانی نێوان لایەنە عێراقییەكان‌و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەستاوەو دیارنییە، كەی دەست بەگفتوگۆكان دەكرێتەوە.

لەو بارەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی‌و وتەبێژی ئەو حیزبە بۆ شارپرێس وتی: "خۆپیشاندان دۆخێكی وەهای هێناوەتە پێشەوە سەرجەم گفتوگۆكانی راگرتووە، بەتایبەتی ئێستا لایەنی عێراقی سەرقاڵی جێبەجێكردنی داواكاری خۆپیشاندەرانە".

سەعدی پیرە وتیشی: "راگیرانی گفتوگۆكان دەبێتە هۆی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت، كە ئەوە خۆی هۆكاری كێشەكانی ئێستایەو ئەگەر پەلەش نەكرێت، لەپێكهێنانی، ئەوە كێشەكان زیاتریش دەبن".

وتەبێژەكەی یەكێتی جەخیتكردەوە، كە ئەوان بەرچاویان روون نییە، كەی دەست بەگفتوگۆ دەكرێتەوەو رایگەیاند، هەركاتێك لایەنی عێراقی ئامادەیی هەبوو، ئەوان ئامادەن‌و شاند دەنێرنە بەغدا.

لەهەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوو هیچ لایەنێك نەیتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەرێتەوە، بۆیە دەبێت لایەنەكان گفتوگۆ بكەن بۆ دروستكردنی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی، تا لەو رێگەیەوە حكومەتی داهاتوو دروست بكەن.

هـ ـ ح