گەریلاكانی پەكەكە هێزەكانی سوپای توركیایان لەهەرێم گەمارۆداوە

کوردستان

15/07/2018‌ 6031 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سوپای دەوڵەتی توركیا لەمانگی كانوونی یەكەمی ٢٠١٧ بەپێی پیلانێك هێرشەكانی بۆ سەر باشووری كوردستان و ناوچەی برادۆست دەستپێكردووە، بەڵام ئێستا گەریلاكانی پەكەكە سوپاكەیان گەمارۆداوە.

ئاژانسی فورات نیوز بڵاویكردەوە، كە سوپای توركیا بۆ داگیركردنی هەرێمی برادۆست دەربازی ناوچەكانی ئاوی حەجی بەگ، كانی ڕەش، گەلی ڕەش، گردی سیرۆ، گوندی بەرمەیزە و چەند گوندێكی تر بوون.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، لەمانگی نیسانی ئەمساڵدا داگیركەرییەكەیان فراون كردو سەربازەكانیان لە ڕێی ئاسمانەوە لەناوچەی عەلی درێژ، چیای لێلیكان و چیای عبدول كۆڤی لەسیدەكانی پارێزگای هەولێر دابەزاند.

بەپێی زانیارییەكانی ناوەندی راگەیاندنی هەپەگە، لەبەرانبەر ئەو داگیركەرییەدا هێزكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) تەنیا لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا لە گەرو، عەلی درێژ و چیای لێلیكان ٧٣ چالاكییان لەدژی ئەو سوپا داگیركەرە ئەنجامداوە، بەهۆی ئەو چالاكییانەوە ٢٦١ سەربازی توركیا كوژران و ٤٢ سەربازی تریش برینداربوون.

 بەپێی ئەو زانیارییانە، چالاكییەكانی گەریلا لە دژی سوپای داگیركەری توركیا بەچەندین شێوە ئەنجام دەدرێن، بەشێك لەو شێوازی چالاكیی گەریلاكان خۆیان لە چالاكی نیشانە شكێنی، هێرشی چوونە سەر بنكە سەربازییەكان و گەمارۆدانیان، هاوەنبارانكردن و بۆسە دانان بۆیان، هێرشی مووشەكی و دانانی بۆمب لەسەر رێگاكانی هاتوچۆكردنیان لە خۆ دەگرێت. 

لەدوای ئەو چالاكییانە سوپای توركیا لە ناوخاكی باشوری كوردستان نەیتوانیوە هێچ پێشڕەوییەك بكات و ئەو شوێنانەی، كە سەربازانی توركیا داگیریان كردووە لەلایەن گەریلاوە گەمارۆدراون.

 سەرچاوە هەریێمیەكانی گەریلا دەربارەی دۆخی سەربازانی توركیا بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) رایانگەیاند: "تاكو ئێستا سەربازانی توركیا لە ڕێی زەمێنییەوە نە هیزیان گۆڕیوە نە پیداویستییان بۆ چووە، بەڵكو لە ڕێی ئاسمانییەوە سەربازەكانی خۆیان ئاڵوگۆڕ پێدەكەن و كوژراو و بڕیندارەكانیان دەگوازنەوە. لە كاتی گواستنەوەی هێزەكانیان و برینداران و كوژراوەكانیاندا، بەردەوامی سێ فڕۆكەی بێفۆۆكەوانی سیخوڕی بە ئاسمانی ئەو ناوچەیدا دەسوڕێنەوە و هاوكات فڕۆكەی جەنگی دەست دەكات بە بۆرومانی سنووری ئەو شوێنانە و لە ژێر چاودێریی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و فڕۆكەی جەنگیدا سەربازەكانیان و كەلوپەل و پێداویستی و خۆراك لە رێگەی كۆپتەرەوە دەگوێزنەوە، بەڵام بەڵام سەرەڕای بەكارهێنانی ئەو تەكنەلۆژیا سەربازییەش، سەربازانی توركیا ناتوانن لە ترسی چالاكیی گەریلاكانی هەپەگە لەسەنگەری خۆیان سەر دەربێنن. ئەو ‌هێزانەی لە ناوچەكە جێگیركراون بەهۆی ترسی زۆریان لەهێزی گەریلا و لاوازییان بۆ مانەوە، هەموو ٢ رۆژێك جارێك لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە ئاڵوگۆڕێیان پێدەكرێت".

هەروەها سەرچاوە هەریێمیەكانی گەریلا، كاتێك گەریلا ڕووبەڕووی سەربازانی توركیای داگیركەر دەبێتەوە چالاكییان لە دژی ئەنجام دەدات، لە رووی دەروونییەوە تێكدەچن و بەشێوەیەیكی كوێرانە لە ڕێی فڕۆكە و كۆپتەرەوە ناوچەكانی گوندی لێلیكان، ناوچەی كەورتی، كوێستانەكانی كێلەشین بۆردومامن دەكەن. ئەو كارەش بۆ ئەوە دەكەن خەڵكی ناوچەكە بترسێنن و لەسەر ماڵ و موڵكی خۆایان دەریان بكەن، بەڵام خەڵكی ناوچەكە سەرەڕای ئەوەی، كە زەرەر و زیانیكی زۆریان پێگەیشتووە ئامادە نین دەستبەرداری ناوچەكانی خۆیان بن.

هـ ـ ح