هەڵبژاردەی فەڕەنسا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2018

جیهان

15/07/2018‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەڵبژاردەی فەڕەنسا بە بردنەوەی لە هەڵبژاردەی كرواتیا بووە پاڵەوانی مۆندیالی 2018ی روسیا.

ئێوارەی ئەمڕۆ دوایین یاریی مۆندیالی 2018ی روسیا لە نێوان كەڵەشێرەكانی فەڕەنساو كرواتیا بەڕێوەچوو، كوڕانی دیشامپ بە 4 گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ یارییەكەیان بردەوەو بوونە پاڵەوانی مۆندیال.

لە خولەكی 18 دا فەڕەنسا سوودی لە لێدانێكی راستەوخۆ بینی كە ماندۆزۆكیج هێرشبەری كرواتیا بە لێدانی سەرو بە هەڵە گۆڵی لە خۆیان تۆماركرد، بەڵام دوای 10 خولەك كرواتیا ئەنجامەكەی لە رێگەی ئیڤان پرێسیچ-ەوە یەكسانكردەوە.

هێشتا گێمی یەكەمی یارییەكە كۆتایی نەهاتبوو ئەنتۆنیۆ گریزمان هێرشبەری كەڵەشێرەكان بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی بۆ هەڵبژاردەكەی تۆماركردو ئەو گێمە بەو ئەنجامە كۆتایی هات.

لە گێمی دووەمیشدا كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا باشتر دەركەوتن و پۆڵ پۆگبا لە خولەكی 59 دا گۆڵی سێیەمی تۆماركرد، دوای حەوت خولەك لەو گۆڵەش مپاپێ واژۆی لەسەر گۆڵی چوارەمی كەڵەشێرەكان كردو كرواتیای بەتەواوی بێهیواكرد.

هەرچەندە ماندۆزۆكیچ لە خولەكی 69 دا سودی لە هەڵەی گۆڵپارێزی فەڕەنسا وەرگرت و گۆڵێكی تۆماركرد، بەڵام ئەو گۆڵە بەس نەبوو بۆ رزگاركردنیان هەڵبژاردەكەی لەو شكستە، بەو ئەنجامەش كەڵەشێرەكانی فەڕەنسا بوونە پاڵەوانی مۆندیال و كاسەكە لەگەڵ خۆیان بەرەو پاریس دەبەنەوە.
ه.م