"یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان"

مەلەفی تایبەت

15/07/2018‌ 4390 جار خوێندراوه‌ته‌وه


یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥ لــە ٧/٦/٢٠٠٥) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوێندراوە. بەپێی ماددە (٢٠) یاساکە  لەرۆژی دەرچونیەوە کاری پێدەکرێ و لە رۆژنامەی رەسمی)وەقایعی کوردستان( ژمارە (٥٥ لــە ١٠/٧/٢٠٠٥) بڵاوکراوەتەوە. واتە جێبەجێکردنی شێوازی بە پەلەی لەخۆگرتووە.

"هۆکاری دانانی یاساکەدا هاتووە"
"لەبەر ئەوەی لە هەر سیستەمێکی سیاسیدا سەرۆکێك هەیە یەکیتی گەل و ووڵات بەرجەستە دەکات‌و بە ناوی ئەوەوە لەسەر ئاستی سیاسی و نێو دەوڵەتی دەدوێت و وەك سەرۆکی باڵای ڕاپەڕاندن چاودێری بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان دەکات و پاڵپشتێکی سەرەکی یە بۆ سەقامگیری باری سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا، لەبەرئەوەش کە باری ناوخۆی پێشوو لە کوردستاندا ڕێك و لەبار نەبوو، بۆ تەواو کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی  ))ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی(( بە پێی یاسای ژمارە ) ١( ی ساڵی) ١٩٩٢( کە ئێستا بە پایەی سەرۆکی هەرێم ناودەبرێ، دواجار پێویستی کرد بە یاسای ژمارە) ١٠ ( ی ساڵی ) ١٩٩٧ ( دەسەڵاتەکانی دابەش بکرێت بەسەرۆکی ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستان عیراق (پەرلەمان)و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمدا، لەبەرئەو گۆڕانکارییە گرنگانەش کە لە عیراقدا ڕوویاندا لە ئەنجامی ڕووخانی ڕژێمی سەددام حوسێنی دیکتاتۆرو دەرچواندنی )) یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنەوە(( کە سیستەمی فیدراڵی بۆ عیراق چەسپاندو، سەرکەوتنی هەڵبژاردنە گشتیییەکان لە عێراقدا کە بووە هۆی پێکهێنانی یەکەم کۆمەڵەی نیشتیمانی هەڵبژێردراوی عیراق و بەشداری کردنی کورد لە دەسەڵاتەفیدراڵییەکاندا تا دەگاتە سەرۆکایەتی کۆماریش و، لەبەر ئەوەی قۆناغی داهاتوو پێویست دەکات هەڵوێسیت و تواناکان یەك بخرێن بۆ بە دیهێنانی ویستەکانی گەلی کوردستان عیراق لە ئازادی و دیموکراسی و فیدراڵی دا، بۆیە ئەم یاسایە دانرا.

"یاسایی دژ بەیەک و بەراورد کاریان"
لەکاتێکدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەرقاڵی کێشمەکێشی نوسینەوەی دایکی یاساکان (دەستوری هەمیشەی عێراق) بوو بۆ پێکهاتەکانی گەلانی عێراق لە دوای هەڵبژاردنی (٣٠/١/٢٠٠٥)، نەتەوەی کورد کاریگەری تەواوی هەبوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هۆی پێگەی سیاسی و هەرێمایەتی و کاریگەری سەرکردەکانی لەگەڵ ژمارەی کورسیەکانی کە لە کۆی (٢٤٥) کورسی ئەنجومەنی نوێنەران، (٧٨) کورسی کوردبوو.
لەو کاتەدا سەرکردایەتی سیاسی کورد لە بغدادی پایتەخت لە هەوڵی چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی بون لە دەستوری هەمیشەی عێراق، لەهەمان کاتدا لە پەرلەمانی کوردستان یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان دەرکرد. کە کە جیاوازی زۆر هەیە لە دەسەڵاتەکانی سەرۆکەکان و جۆری سیستەمی حوکم، کە لە دەستوری عێراقی پەرلەمانیە، لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم سیستەمی سەرۆکایەتیە. ئەمیش پێچەوانەی بنەماکانی دەستوری عێراقە، ماددە (١٢٠: هەرێم دەستوورێک بۆخۆی دادەڕێژێت، هەرەمی دەسەڵاتەکانی هەرێم و میکانیزمی بەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتانە دیاریدەکات بەمەرجێک ناکۆک نەبێت لەگەڵ ئەم دەستوورەدا(، واتە نەک نابێت یاسای هەرێمەکان دژی دەستور بێت،  بەڵکو نابێت دەستوری هەرێمەکانیش پێچەوانەی دەستوری هەمیشەی عێراق بێت.

"جێبەجێکردنی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان"
١- خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا بڕیاری ژمارە 3ی ساڵی 2005 ی پەرلەمانی كوردستان-عێراقە كە لە (12/6/2005) دەرچووە ، بەپێی دەقی ماددەی (١٧) لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی (٢٠٠٥): (سەرۆکی هەرێم، لە لایەن پەڕلەمانی کوردستان- عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەکانی هەڵدەبژێردرێت بۆ(ویلایەتی) یەکەم).
بە پێی ئەم  دەقە بەڕێز (مسعوود مستەفا بارزانی) بۆ یەکەم جار وەک سەرۆکی هەرێم لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە لە (١٢ی حوزیرانی ٢٠٠٥) بۆ ماوەی (٤) ساڵ لە نێوان ساڵانی (٢٠٠٥ بۆ ٢٠٠٩).
٢- خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق، لە پرۆسەی هەڵبژاردنی (٢٥/٧/٢٠٠٩) کە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، لە کێبرکێی نێوان پاڵێوراوانی پۆستی سەرکی هەرێم بەرێز (مەسعود مستەفا بەرزانی) دووبارە متمانەی زۆرینەی دەنگی دەنگدەرانی هەرێمی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بەدەستهێنا بەرێژەی (٦٠.٦٩%). واتە بۆ دوو خول ویلایەتی سەرۆکی هەرێم لەلایەن بەرێز(مەسعود مستەفا بەرزانی)ەوە بەرێوە برا.

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ماددە {) :3ویلایەتی( سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵە و دەشێ بۆ جاری دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە}. واتە بەرێز(مەسعود مستەفا بەرزانی) دوای ئەو دوو خولە مافی نەما خۆی بپاڵێوێت بۆ ویلایەتی سەرۆکی هەرێم، کە دواین ماوەی کۆتایی ویلایەتەکانی لە (٢٠/٨/٢٠١٣) بوو.
پێویست بوو لەگەڵ هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژاردن، هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم ئەنجام بدرێت، پاڵپشت ماددە (٤)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەموارکراو، (دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە کات وساتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورستان عیراقدا ئەنجام دەدرێت). بەڵام ئەنجام نەدرا بەهۆی درێژکردنەوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم.

٣- پەرلەمانی کوردستان ولایەتی سەرۆکی هەرێمی درێژکردوە بە یاسای ژمارە (١٩ی ساڵی ٢٠١٣) بۆ ماوەی (٢) ساڵ لە (٢٠/٨/٢٠١٣ بۆ ١٩/٨/٢٠١٥).
لەلایەک ئیرادەی سیاسی نەبوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ناو هۆڵی پەرلەمان، بەهەمان شێوەی ئیرادە نەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ویلایەتی سێهەمی سەرۆکی هەرێم لەناو هۆڵی پەرلەمانەوە هاوشێوەی خولی یەکەمی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم.
پەرلەمانی کوردستان نەخشە رێگەی پێش وەختی نەبو بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە چاوەروان کراوە، پێش کۆتایی‌هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم پەرلەمانی کوردستان لەهەوڵی هەموواری سێهەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدابوو. بەڵام دواجار بەهۆی کرژی و لێک نەگەشتنی فراکسۆنەکان، پەرلەمانی کوردستان بەزەبری هێز لەکارخرا، رێگە نەدرا بە سەرۆکی پەرلەمان بچێتە هەولێری پایتەخت.
٤- درێژکردنەوەی جاری دووم لە ویلایەتی دوەمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان:
ئەنجومەنی شورای هەرێم لە رادەربرینێکیان بە ژمارە (٣٠/٢٠١٥ لــە ١٧/٨/٢٠١٥)  واتە تەنها (٢) رۆژ پێش تەواوبوونی ماوەی درێژکراوەی سەرۆکی هەرێم، لە پرسی تەواو بوونی ویلایەتی سەرۆكی هەرێم ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ (٢) ساڵی تر درێژکردوە لە (١٩/٨/٢٠١٥ بۆ تاهەڵبژاردنی خولی پێنجەمی کوردستان).

سەرەرای ئەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی خۆی درێژکردوە بۆ دوو خولی گرێدان، واتە (١) ساڵ. بەڵام سەرۆکی هەرێم ئامادەنەبوو سێ بارە خولی دووەمی ویلایەکەی درێژ بکرێتەوە و دەستبەرداری پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

"پەرلەمانی کوردستان گەشتن بە چارەسەرێکی کاتی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمی"
پەرلەمانی کوردستان بەیاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠١٧) تەمەنی خۆی بۆ دوو خولی گرێدان درێژکردوە لە (٦/١١/٢٠١٧)وە. سەرۆکی هەرێم دەستبەرداری پۆستی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بووە، واتە لەماوەی ئەو دوخولی گرێدانەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دامەزراوەی سەرۆکی هەرێم بێ سەرۆک دەبێت.
پەرلەمانی کوردستان بریاری دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دا بە یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکان ژماره‌ (2ی ساڵی 2017)، کە سەرجەم دەسەڵاتەکانی لە ماددە (١٠) لەیاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەموارکراو هاتبوو دابەشیکرد بەسەر دامەزراوە دەستوریەکانی (پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران) باقیاتی دامەزراوەکە وەک خۆی هێشتەوە.
ئەم درێژکردنەوەی بەردەوام بوو، سەرجەم دامەزراوەکان و لایەنە کوردستانیەکان هاورابوو لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی هەرێم لەگەڵ وادەی دیاریکراو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستان. سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە جێگرەوەی دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە بۆ دیاریکردن و راگەیاندنی رۆژی هەڵبژاردن بە پێی یاسای ژمارە (٢ی ساڵی ٢٠١٧) لە نوسراویان ژمارە (٥٤٤٥ لــە ١٧/١٢/٢٠١٧) کە ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی دەکات و وێنەیەکی ئاراستەی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی کردوە، جەخت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات لە ماوەیەک لە (٣) مانگ تێپەر نەکات بۆ ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان. واتە خودی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە بروای وابووە کە دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم ئەنجام بدرێت.
بەڵام لە مانگی (ئایاری/٢٠١٨) بۆچونەکان گۆرانکاریان بەسەردا هاتووە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نادات لە کاتێکدا پێویستە هەردوو هەڵبژاردنەکە لە یەک رۆژدا ئەنجام بدرێت بە پێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەموارکراو، (دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم لە کات وساتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کورستان عیراقدا ئەنجام دەدرێت).


"رێکەوتنی چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمان کرا بەیاسا"

پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی (١١/٧/٢٠١٨) یاسای هه‌ڵپه‌ساردنی دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی کوردستانی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەندکرد.
بەپێی ماده‌ی یه‌كه‌می یاساكه‌ كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم دواخرا، کە دەبوو لە (٣٠/٩/٢٠١٨) ئەنجام بدرایە. 
بەپێی ماده‌ی دووه‌می یاساکە، کارکردن بە ‌یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم بەسەر دامەزراوە دەستوریەکان ژماره‌ (2ی ساڵی 2017) بەردەوام دەبێت و زیادكردنی بڕگه‌یه‌ك بۆ گرێدانی كاره‌ كارگێڕى‌و ئیدارییه‌كانی دیوانی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانه‌وه.
بەپێی مادده‌ی سێ‌هەم چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له‌ماوه‌ی دوو خولی گرێدانی یه‌كه‌می په‌رله‌مانی داهاتوو یەکلایی بکرێتەوە.

"ئەنجامی قەیران و کێشمەکشی پێنج ساڵی رابردوو"
١- شکاندنی هەیمەنەتی هەرێمی کوردستان لەپێش چاوی دۆست و دوژمنانی.
٢- لەکارکەوتنی پەرلەمان و وەستاندنی لە دەرچواندنی یاساو چاودێری لایەنی جێبەجێکارو دەستە سەربەخۆکان.
٣- لە بۆ شایی دەسەڵاتی چاودێری پەرلەمان دەیان بریار لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچووە، کە لەبنەرەتدا پێویست بوو بەیاسا رێکبخرێت، دیارترینیان داهێنانی سیستەمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران‌و زیادکردنی رسومات لەسەرهاوڵاتیان.
٤- لاوازبوونی رۆڵی دامەزراوەکان لە جەنگی دژ بە داعش و جەنگی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند، کە بووەهۆی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان بەهەدەرچونی خوێنی هەزاران پێشمەرگەی گیان‌فیدا لەو پێناوەدا.
٥- هەرێمی کوردستان بێ سەرۆک مایەوە: بوونی سەرۆک گرنگی تایبەتی هەیە بۆ ئەم قۆناغەی هەرێمی کوردستان. ئەگەر پۆستی سەرۆکی هەرێم گرنگی نیە؟ بۆچی دەسەڵاتەکانی هەڵناپەسترێت کە بەیاسای ژمارە ((٢ی ساڵی ٢٠١٧) دابەشکراوە، لەگەڵ خودی پۆستەکە؟ ئەگەر پۆستەکە هەڵدەپەسترێت بۆچی قورسایە دارایەکان لەسەر بودجەی گشتی هەڵناپەسترێت؟!
دەزانن لەبەشێک لە هۆکارەکانی دانانی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هاتووە: (لە هەر سیستەمێکی سیاسی‌دا سەرۆکێك هەیە، یەکیتی گەل و ووڵات بەرجەستە دەکات‌ و بە ناوی ئەوەوە لەسەر ئاستی سیاسی و نێو دەوڵەتی دەدوێت و وەك سەرۆکی باڵای ڕاپەڕاندن چاودێری بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان دەکات و پاڵپشتێکی سەرەکی یە بۆ سەقامگیری باری سیاسی و پێشکەوتنی کۆمەڵگا).
دەپرسین لە (١٣) ساڵی رابردو ئەم دەقە لە یاسا جێگیرکراوە بۆ چاوبەستی هاوڵاتیان بووە، یان بە فیعلی پۆستی سەرۆکی هەرێم کاراکتەرێکی واقیعی بووە؟  وەڵامتان بەهەربارێکدا بێت؟!! بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و ویژدانیتان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکی لە (٥) ساڵی رابردوو کۆمەڵگاتان بەرەو هەڵدێرو لێکترازان برد.
٦- کێشەکانتان بەهەڵپەستراوی هێشتەوە بۆ ئەوەی لە سەرەتای ساڵی یەکەمی خولی پێنجەمی پەرلەمان دووبارە دەستبکەن بەدروستکردنی پشێوی و شیرو تیرساوین لەیەکتر کە هیچی لە بەرژەوەندی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان نیە. مەرجی یەکلایی کردنەوەی چاره‌نووسی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم له‌ماوه‌ی دوو خولی گرێدانی یه‌كه‌می په‌رله‌مان، هیچ جیاوازیەکی نیە لەگەڵ مەرجی درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی دووەمی سەرکی هەرێم لەبەرامبەر گەرانەوەی دەستور بۆ پەرلەمان و چارەسەرکردنی بە سازان بە یاسای ژمارە (١٩ی ساڵی ٢٠١٣).
٧- دەرکەوت لە هەرێمی کوردستان یاسا بە بەرگی کەسێکی تایبەت دەردەچوێنرێت و دوای تەواو بوونی مهامی کەسە یاساکە دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت بەبێ لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل.
٨- خەرجیە دارایەکانی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی بەردەوامی هەیە لەژێر چاودێری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیراندا، لەکاتێکدا هاوڵاتیان لەژێر هێڵی هەزاریدا دەناڵێنن.





"زانیاری لەسەر یاسای سەرۆکایەتی و ویلایەتەکانی"

هەمووان دەزانین یەکێتی نیشتمانی بەهۆی ئەو درێژکردنەوەی ولایەتی سەرۆکی هەرێم کەوتە بەر تۆڵەی دەنگدەرانی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان کە تەنها (١٨) کورسی بەدەست هێنا بە بەراورد بە خولی پێشو خاوەنی (٢٩) کورسی بووە.

لە دوای هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان رێکەوتنی بزوتنەوەی گۆران و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێک هێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان(لەسەر بنەمای یەکێتی نەماوە). دەنگدەرانی یەکێتی بە هۆش هاتن و لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان گورزێکی گەورەیان گەیاند بە بزوتنەوەی گۆران بەجۆرێک دەنگەکانی گۆران هاتەخوارەوە کە بەبێ رێکەوتن لەگەڵ لیستەکانی تردا نەیتوانی پۆستەکانی ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی وەربگرێت.
"پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان"
پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە (١٦ی ساڵی ٢٠٠٨)  دەرچوێندرابوو کەبخرێتە راپرسی گشتی، دواتر بەپێی مەرجی درێژکردنەوەی ولایەتی سەرۆکی هەرێم ژمارە (١٩ی ساڵی ٢٠١٣) پێویست بوو پرۆژە یاسای دەستور بگەرایتەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان.

"کاری لەپێشێنەو نەخشە رێگەی چارەسەرکردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەخولی چوارەم"

لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی بزوتنەوەی گۆران بووە. پێویست بوو کاری لە پێشینەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کارکردنێکی خێرا بوایە بۆ گەراندنەوەی پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان لە رووی کاتەوە!!
چونکە هەرێمی کوردستان لە دوای تێپەربوونی (٢) ساڵ ویلایەتی سەرۆکی هەرێم روبەروی بۆشایی یاسای دەبێتەوە بەپێی یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) هەمووارکراو بە یاسای ژمارە (١٩ی ساڵی ٢٠١٣)، کاری سەرۆکایەتی پەرلەمانە نەخشە رێگەی چارەسەرکردنی پێش وەختی ئەم گرفتەی هەبوایە.



"چارەسەرکردنی کۆتایی بۆ ئەو قۆناغە"

درێژکردنەوەی ماوەی ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بۆ (٢) ساڵی داهاتوو، لە بەرامبەر دارشتنەوەی ناوەرۆکی پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان لە سیتەمی سەرۆکایەتی بۆ سیستەمی پەرلەمانی لە ژێر رۆشنای بنەماکانی دەستوری عێراقی فیدراڵ لە ساڵی (٢٠٠٥) ماددە (١٢٠).
چەسپاندنی سیستەمی پەرلەمانی و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی  سەرۆکی هەرێم، پۆستەکە لە پۆستێکی سیادیەوە دەبوو بە پۆستێکی تشریفی، هیچ هێزو لایەنێک شەریان لەسەری ئەو پۆستە نە دەکرد.

"هەڵسەنگاندنی کارەکانی پەرلەمان سەبارەت بەیاسای سەرۆکایەتی هەرێم"

خولی چوارهەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم کاری هەموواری سێهەمی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٥) بە یاسای ژمارە (١ی ساڵی ٢٠١٤ لــە ١٣/٥/٢٠١٤)، لەدوای ساڵێک دووبارە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی چوارەمی هەمان یاسا کرد.
دەپرسین لەسەرۆکایەتی پەرلەمان کە  یاسای سەرۆکایەتی هەرێمتان هەمووارکرد بۆجاری سێهەم، بۆ بە یەکجار سەرجەم کەم و کوریەکانی یاساکەتان لەبەرچاو نەگرت، لەکاتێکدا ئاگاداربوون گرفتنی بۆشایی یاسایی لە پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێ لە (١٩/٨/٢٠١٥)؟

"یاسای ئامادەکردنی پرۆژەی دەستوری کوردستان – عێراق"

یاسای ئامادەکردنی پرۆژەی دەستوری کوردستان – عێراق بۆ راپرسی بە ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٥) لە دانیشتنی ژمارە (٨ لــە ١٣/٤/٢٠١٥) دەرچوێندرا. بەڵام هەنگاوەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان درەنگ کەوت، کات بەشی جێبەجێکردنی نەخشە رێگای دارشتنەوەی پرۆژەی دەستوری هەرێمی کوردستانی نەکات، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دووچاری بۆ شایی یاسایی دەبێتەوە.
بەروانین لە ماوەی یەکەم یاسای خولی سێهەمی پەرلەمان لەرووی کاتەوە (١٣) مانگ جیاوازیان هەیە لەگەڵ یاسای ئامادەکردنی پرۆژەی دەستور، واتە تەنها (٤) مانگی ماوە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم بکەوێتە بۆشای یاسایی لە (١٩/٨/٢٠١٥).
بەتێرامان لە رێکارەکانی یاسای ژمارە (٤ی ساڵی ٢٠١٥) کەتێدا هاتووە لیژنەیەک هەڵدەبژێردرێت لە (٢١) کەس زیاتر نەبێت، بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان کە دەکرێت ئەندامی پەرلەمان بن، یان لەدەرەوەی پەرلەمان، بەمەرجێک پسپۆر یان خاوەن ئەزموون بن‌و رێژەی ژنان و نوێنەرایەتی پێکهاتە نەتەوەیەکان لەخۆبگرێت.
پێویستەبوو لیژنەکە لە ماوەی (٣٠) رۆژ لە رۆژی دەرچونی یاساکەوە پێک بهێنرێت واتە تا (١٣/٥/٢٠١٥)، ماوەی کاری لیژنەکە دیاریکرا کە لە (٩٠) رۆژ زیاتر نەبێت لە رێکەوتی پێکهێنانی کارەکانی تەواو دەکات لە (١٣/٨/٢٠١٥)، واتە تەنها (٧) رۆژ کات دەمینێت بۆ دروست بوونی بۆشای یاسای لە ویلایەتی سەرۆکی هەرێم.
هەروەها لەیاساکەدا هاتووە ئەگەر لیژنەکە کارەکانی تەواو نەکرد پەرلەمان بۆی هەیە بەپێی پێویست ماوەیەکەی بۆ درێژ بکاتەوە.
بەتەنها کاری لیژنە کۆتایی‌ بە رێکارە یاسایەکان ناهینێت کە پێویستە دواتر پرۆژەکە بگەرێتەوە پەرلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی بۆ بکرێت و پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات. هەروەها لە رێکەوتی ناردنی یاساکە بۆ سەرۆکی هەرێم لەماوەی (١٥) رۆژدا فەرمانی سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەربچێت. دواترلە وەقائعی کوردستان بڵاو بکرێتەوەو پاشان کۆمەڵانی خەڵکی پێ‌ئاشنا بکرێت و رۆژی راپرسی دیاری بکرێت و کۆمیسۆن ئامادەسازی بکات بۆ ئەنجامدانی راپرسی و دواجار دادگای پێداچونەوە ئەنجامەکان پشت راست بکاتەوە. سەرجەم ئەو رێکارانە کاتی پێویستە و ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم لە بەردەم بۆشای یاسای دەبێت، لە ئەگەر نەمانی شەرعیەتی پۆستی سەرۆکی هەرێم، پەرلەمانی کوردستان یاساکانی رادەوستێت؟
کەواتە سەرۆکی هەرێمی هەرکەسێک بێت و لەهەرلایەنێک بێت بەپێی یاسایی ژمارە (١ی ساڵی ٢٠٠٠٥) زەرورەتێکی حەتمیە و ئەبێت بەردەوامی هەبێت.
پێویست بو فراکسیۆنەکان لە بەرامبەر بەرژەوەندیە باڵاکانی گەل و لەپێناو بەدەستهێنانی دەستوری هەرێمی کوردستان کە سیستەمی سەرۆکایەتی تێدا بگۆرایە بەسیستەمی پەرلەمانی، بە جۆرێک سازشی بکردایە لەسەر درێژکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم بۆ ماوەی (٢) ساڵی داهاتووی خولی چوارەمی تەمەنی پەرلەمان لەجێگەی ئەنجومەنی شورای هەرێم. چونکە بە تێپەراندنی پرۆژە یاسای دەستوری هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەهۆڵی پەرلەمانەوە سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردراو ودەسەڵاتەکانی لە سیادیەوە دەبوو بە تشیرفاتی.   ئومید جاف