ئەژماركردنەوەی دەنگەكان.. پارتی چاوەڕێی زیادبوونی دەنگەكانی لەموسڵ دەكات

عیراق

16/07/2018‌ 516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لەپارێزگای موسڵ رایگەیاند، دەنگەكانیان زیاد دەكات و لەنێو موسڵیش دەنگیان ھەیە بۆ ژماردنەوە.

مەناف حەسەن، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەكانی پارتی دیموكرتی كوردستان لەموسڵ بۆ پێگەی فەرمی پارتەكەی راشیگەیاند "لەشاری دھۆك ٢٢٧ سندوقی ئاوارەكانی موسڵ و شنگالی لێیە و لەگەڵ ٣١ سندوقی دەنگی تایبەت، كە ھەموویان دەكاتە ٢٥٨ وێستگە، كە رۆژی شەممە دەست كراوە بە ژماردنیان و ھەتا ئێستا كارمەندانی كۆمسیۆن ھیچ ئەنجامێكیان بەبریكارەكانی ئێمە رانەگەیاندووە، چونكە ئەوان دوای تەواوبوونی پڕۆسەكە ئەنجامی كۆتایی بە بریكاری لایەنە سیاسییەكان دەدەن.. دوێنێ تەنیا ٢٧ سندووق ژمێردراون ئەمڕۆ یەكشەممەش پڕۆسەی ژماردنەوەی دەنگەكان بەردەوامی ھەیە.''

جگە لەو سندووقانەی ئاوارەكانی موسڵ و شنگال، كە لە شاری دھۆك دەژمێردرێنەوە، سەدان سندووقی دیكەی ناو مووسڵ و دەوربەریشی ھەن و بڕیارە ئەوانیش بژمێردرێن و ئەنجامەكەشی ئاشكرا بكرێت.

بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە موسڵ  هەروەها رایگەیاند، "لە نێو شاری موسڵ ٦٧٨ سندوق تانەی لێ دراوە و بڕیارە پڕۆسەی بە دەست ژماردنەوە بیانگرێتەوە، كە لەو ژمارەیە ١٦٢ سندووق رەوانەی شاری بەغدا كراون و ٥١٦ سندووقیش لە مووسڵ ماون، ئەوانیش ھەموو ئەو سندووقانەن كە تانەیان لێدراوە و ھەژمار نەكراون.

مەناف حەسەن ئەوەشی راگەیاند "بەگوێرەی داتاكان، نزیكەی ٤٥ ھەزار دەنگ لەنێو ئەو ٢٥٨ سندوقەی موسڵدان، كە ئێستا لە شاری دھۆك دەژمێردرێنەوە، ئێمە بەپێی ئەو زانیاری و پێشبینیانەی ھەمانە، ٢٠ ھەتا ٢٥ ھەزار دەنگی بۆ لیستی ٢٨٤ی پارتی دیموكراتی كوردستانە، كە بەوەش گەشبینین دەنگی پارتی زیاد دەبێت و لەوانەیە كۆرسییەكی دیكە ببەینەوە، بەڵام بۆ ئەو ٥١٦ سندووقانەی نێو مووسڵ بێگومان دەنگی پارتی تێدایە، بەڵام نازانین رێژەیان چەند دەبێت.''

هـ ـ ح