لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپییەكانیش گفتوگۆی لەسەر دەكەن
ناوەڕۆكی پرۆژەی پارتی و یەكێتی بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا ئاشكرادەكرێت

عیراق

16/07/2018‌ 2180 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسانی باڵای پارتی و یەكێتی چاوەڕێی ئەنجامی خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق‌و كاردانەوەكانی ناكەن و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە 16/7/2018 كۆببنەوە بۆ ئامادەكردنی پاكێجی هاوبەشی دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان. بەرپرسێكی پارتیش دەڵێت: ئەو پاكێجە تەنیا بۆ دانوستاندن نییە لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان "بەڵكو لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپییەكانیش گفتوگۆی لەسەر دەكەین".

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەڵێت: لەگەڵ یەكێتی زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە بۆ رێككەوتن، بەرلەوەی دەرگای دانوستاندن بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق بكرێتەوە لە نێوان لایەنە براوەكاندا، بۆیە حیزبەكەی دوای كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتی‌و ئامادەكردنی پاكێجێكی هاوبەش، جارێكی دیكە دەستپێشخەری بۆ بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانی و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی رادەگەیەنێت: "بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە نێو هاوپەیمانییەكە و بەشداری بكەن لە نووسینەوەی پرۆژە هاوبەشەكەدا و لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بكرێت".

وەك ئەو بەرپرسەی پارتی باسیكرد، تاوەكو ئێستا هەر گفتوگۆیەك لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان كرابێت "فەرمی نەبووەو تەنیا حیسابی دیداری دۆستانەی بۆ دەكرێت"، چونكە وەك ئەو دەڵێت: "هێشتا دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردن نەداوە. سەرباری ئەو رەوشە ناهەموارەی بەهۆی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی دانیشتووانی باشووری عێراقەوە دروستبووە".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی بۆ ژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممەی هەفتەنامەی رووداو دەڵێت: "ئێمە چاوەڕێی دامركانەوەی خۆپیشاندان ناكەین و لەگەڵ یەكێتی پرۆژەی هاوبەشی خۆمان ئامادە دەكەین، دواتر پەیوەندی بە چوار حیزبەكەوە دەكەین، پرۆژەكە دەخەینە بەردەستیان بۆ ئەوەی ببێتە پرۆژەی هاوبەشی هەموومان، ئەگەر هەرسووربن لەسەر ئەوەی بەشداریی نەكەن، ئەوكات دەبێت پارتی و یەكێتی پێكەوە خۆیان ئامادە بكەن".

چەند سەعاتێك دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی رایگەیاند دەستپێشخەری دەكەن بۆ ئەوەی هەموو حیزبەكان پێكەوە بچنە بەغدا.

سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، وای دەبینێت، كە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی ئێستای شارەكانی باشووری عێراقەوە ئەستەمە باس لەدانیشتن و گفتوگۆ بكرێ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان‌و دەڵێت: "جارێ گفتوگۆكان دەوەستن، بەغدا بە حاڵی نێوخۆیەوە سەرقاڵە. هەركات بچینە بەغدا، پڕۆژەیەكی نیشتیمانی هەیە و هەموو داخوازی كوردی تێدایە".

ئەو بەرپرسەی یەكێتی دەشڵێت: "هەركەس و لایەنێك ئامادەبێت داخوازی كورد جێبەجێ بكات، پاڵپشتی ئەو لایەنە دەكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت".

بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەكە لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتییەوە وەریگرتوون، ئەو پرۆژەیەی پارتی و یەكێتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئامادەی دەكەن پێكدێت لە چەند خاڵێك، كە گرنگترینیان ئەوانەن:  جێبەجێكردنی ماددەی 140 و ئەنجامدانی راپرسی بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنووسی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، چارەسەری دۆسیەی نەوت و غاز، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، دروستكردنی حكومەتێكی هاوسەنگ لە نێوان شیعە و سوننە و كورد، تەواوی بڕیارەكان و یاساكانی پەرلەمان بە تەوافوق دەربچن نەك زۆرینە و كەمینە، پۆستەكانی نێو حكومەت بەشێوەی هاوسەنگ دابەش بكرێنەوە".

بەرپرسێكی یەكێتی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ لەگەڵ پارتی وا رێكدەكەون، كە تەنیا بیر لە داخوازییەكانی خەڵكی كوردستان و پرسە گرنگەكان بكەنەوە، بەڵام "باشترە هەموو حیزبە كوردستانییەكان پێكەوە بن، جارێكی دیكە هەوڵیان لەگەڵ دەدرێتەوە، بەڵام ئێمە دڵنیاین ئەوان نایەن".

بڕیار بوو شاندی هەریەكە لە هاوپەیمانییەكانی نەسر و سائیروون، سەردانی هەولێر بكەن بۆ دیدار لەگەڵ بارزانی و مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی، بەڵام خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بۆ كاتێكی نادیار سەردانەكەیان دواخست. 

ئاراس حەسۆ میرخان دەڵێت، بارزانی لەو ماوەیەدا دیداری لەگەڵ ئەمریكی‌و بەریتانی‌و ئەوروپییەكان هەبووە و پێیوتوون: "ئارام گرتنی ئێمە لەبارەی كەركوك و ناوچەكانی دیكەوە هەروا بەردەوام نابێت، ئێمە چارەسەری ئەو ناوچانە دەبەستینەوە بە بەشداریمان لە پێكهێنانی حكومەت و دەبێ ئێوە رۆڵی خۆتان ببینن بەرلەوەی بێدەنگیی ئێمە كۆتایی بێت"، وتیشی هەر لەبەر ئەوەیە ئەو پرۆژەیەی ئێمە ئامادەی دەكەین: "دەبێ لەگەڵ ئەمریكی و بەریتانی و ئەوروپیەكانیش گفتوگۆی لەبارەوە بكەین.

هـ ـ ح