پارتی ‌و یەكێتی دەرگا بەڕووی لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم دەكەنەوە

کوردستان

16/07/2018‌ 423 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی دەرگای گفتوگۆیان بەڕووی لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان كردەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی بەپێكەوەیی بچنە بەغدا.

مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبوونەوەو دوای كۆبوونەوەكە سەعدی ئەحمەد و مەحمود محەمەد كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیان ئەنجامداو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە لەمیانی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە رایگەیاند، ئەوان لەسەر رەشنووسێك رێكدەكەون، كە پرۆژەیەكە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو.

سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند، پارتی‌و یەكێتی لەكۆبوونەوەكە بڕیاریانداوە، بانگهێشتی لایەنەكانی تریش بكەن، كە لەئەنجامی هەڵبژاردن ناڕازین.

ئەو لایەنانەی لەئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ناڕازین، لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتوون، كە گوایە "ساختەكاری"یان لێكراوەو پارتی‌و یەكێتیش بە بەرپرسیار دەزانن.

لای خۆیشییەوە مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكە رایگەیاند، كە ئەوان وەك ئەو لایەنانە نابن‌و دەرگایان بەروودا دەكەنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكەن‌و لەسەر پرسەكان بگەنە رێككەوتن.

هـ ـ ح