وەزارەتی تەندروستی فرۆشتنی چەند دەرمانێكی لە بازاڕەكان قەدەغەكرد

کوردستان

16/07/2018‌ 638 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكەوت حەمەرەشید، وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، فرۆشتنی چەند دەرمانێكیان لە بازاڕەكاندا قەدەغەكردووە، بەهۆی ئەوەی ئەو دەرمانانە ماددەی "ڤالسارتان"یان تێدایە.

رێكەوت حەمەڕەشید لە فەیسبووكی خۆی نوسراوێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندووە، "دوای بەدواداچوونی فەرمانگەی كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەرێمی كوردستان، دەركەوتووە دەرمانی هەریەكە لە جۆری exart, exart plus, diostar, diostar plus, newstar, senergy, anginet, co anginet, valcor, co valcor و valcodin كە هەموویان ماددەی ڤالسارتان لە دروستكردنیان هەیە، لە بازاڕەكان دەكێشنەوە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، دەركەوتووە جگە لەو لیستەی دەرمان كە ناویان هاتووە و كە چەند كۆمپانیایەكی دیاریكراو هێناویانن هیچ گرفتێك لە دەرمانی ڤالسارتان نییە و دڵنیایی لە بەكارهێنانی دەرمانەكە دەدەن.

ڤالسارتان، یەكێكە لەو ماددانەی كە بە شێوەیەكی سەرەكی بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن بەكاردەهێندرێت، هەروەها لە چەندین حاڵەتی دیكەی وەك سست بوونی دڵ و درێژكردنەوەی تەمەن دوای جەڵتەی دڵ بەكاردێت.
ه.م