كارمەندێكی پۆلیسی سلێمانی 40 هەزار دۆلار بۆ خێزانێك دەگەڕێنێتەوە

کوردستان

16/07/2018‌ 962 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردەوە، كارمەندێكی بنكەی پۆلیسی كوردسات لە سلێمانی 40 هەزار دۆلار واتا (4 دەفتەر)ی بۆ خێزانێك گەڕاندووەتەوە، بەوهۆیەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەوە سوپاس كراوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە، "هاوڵاتییەك لە گەڕەكی‌ هاوكاری‌ كۆتایی بەژیانی‌ خۆی‌ هێناوە، بەڵام ئەو كارمەندەی پۆلیس لەوكاتەدا ئێشگر بووەو چووەتە شوێنی رووداوەكە، بەشێوەیەكی‌ یاسایی كارەكانی‌ ئەنجامداوەو لە ژووری‌ كۆچكردوودا بڕی‌ 40 هەزار دۆلاری‌ دۆزیووەتەوە، لەكاتێكدا هیچ كارمەندێكی‌ بنكەی‌ پۆلیسی ئاگاداری‌ دۆزینەوەی‌ ئەو بڕە پارەیە نەبوون‌و بنەماڵەی‌ كۆچكردووەكەش بێ ئاگابوون كە كورەكەیان ئەو بڕە پارەیەی هەبووە".

 ڕێباز حەمە فایەق، لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی كوردسات

راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، لە بەرامبەر ئەو كارەی كارمەندەكەی پۆلیسدا ئاسۆ تەها عەبدولكەریم، بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌ سوپاس‌و پێزانینی خۆی‌ ئاڕاستەی‌ كردووەو هیوای‌ خواستووە نموونەی‌ ئەو كارمەندە لەناو هێزەكانی‌ پۆلیسدا زۆربێت.

 بەپێی راگەیەندراوەكەی پۆلیسی سلێمانی كارمەندەكەی پۆلیسی سلێمانی ناوی‌ ڕێباز حەمە فایەق حەمە عارف-ەو لە بنكەی پۆلیسی كوردستاتە، جەختیلەوەكردووەتەوە، ئەم كارە ئەو ڕاستییە دووپاتدەكاتەوە كە هێزەكانی پۆلیس بەوپەڕی دەستپاكی و ئەمانەتەوە كارەكانیان ڕادەپەڕێنن.
ه.م