پۆتین: كۆبوونەوەكەمان راشكاوانە بوو
ترەمپ: پەیوەندییە بازرگانییەكانمان پەرەپێدەدەین

جیهان

16/07/2018‌ 495 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆكی روسیا رایگەیاند، كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ "راشكاوانەو گرنگ" بووە، دۆناڵد ترەمپیش رایگەیاند، لەگەڵ روسیا پەیوەندییە بازرگانییەكان پەرەپێدەدەن.

دوای تەوابوونی كۆبوونەوەكەیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڤلادیمێر پۆتین وتی، "لەگەڵ سەرۆك ترەمپ هاوڕابووین لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ چارەسەكردنی كێشەكان، كۆبوونەوەكەمان راشكاوانەو گرنگ بوو، گرنگە ئاشتی بۆ ناوچەكە بگەڕێنینەوە".

ئاماژەی بەوەشكرد، "روسیا هیچ دەستێوەردانێك لە پرسە ناوخۆییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا ناكات و دەمانەوێت پەیوەندییە ئابووریەكانی نێوانمان پەرەپێبدەین".

لەبارەی دۆخی سوریاوەكە كە وڵاتەكەی پشتیوانی مانەوەی حكومەتی بەشار ئەسەد دەكات، پۆتین وتی، "دەمانەوێت چارەسەر بۆ دۆخی سوریا بدۆزیینەوە".

هاوكات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، "كۆبوونەوەكەمان سەرەتایەكی باش بوو لە نێوانماندا و  لەگەڵ روسیا پەیوەندییە بازرگانییەكانمان پەرەپێدەدەین".

ئاماژەی بەوەشكرد، "لەكۆبوونەوەكە دۆسیەی ئێران و دەستێوەردانەكانی ناوچەكە تاوتوێكراون و پەیوەندییەكانمان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچن".

لەوەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی پەیوەندییە سەربازییەكانی واشنتۆن و مۆسكۆ ترەمپ وتی، "پەیوەندییە سەربازییەكانمان باشرن لە پەیوەندییە سیاسییەكانمان".

 ه.م