ئەندامێكی ئەنجومەنی بەرژەوەندییەكانی نیزام: دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لە بەرژەوەندییمان نییە

جیهان

16/07/2018‌ 338 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نیزام رایگەیاند، پێشنیاری دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە هەلومەرجی ئێستادا لە بەرژەوەندیی وڵاتەكەیدا نییە، داواشی لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كرد "متمانە بە ژیریی" رێبەری باڵای ئێران بكەن بۆ تێپەڕبوون لە قەیرانەكان.

حوجەتولئیسلام ناتق نووری بە ئاژانسی میهر-ی ئێرانی راگەیاندووە، "پێشنیاری هەندێك لە چالاكوانی سیاسی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریكا لە هەلومەرجی ئێستادا ڕەنگە پراتیكی بێت، بەڵام لە بەرژەوەندیی وڵاتدا نییە، بە گشتی ئەو پێشنیارەی ئەوان كە بە مەبەستی دڵسۆزی كراوە حەرام نییە و ئاساییە، كە بڕیاردان و هەڵسەنگاندنی كۆتایی ئەو پرسانە لە ئەستۆی رێبەری باڵای شۆڕش دایە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "ئەو بنەما و هەلومەرجانەی كە لە ساڵانی ڕابردوو ڕەخسا ناوبژیی وڵاتی عەمان و مۆڵەتدانی رێبەری باڵا بە بەرپرسانی نیزام بۆ دانوستان لە گەڵ ئەمریكا بووە بنەمایەك بۆ ڕێككەوتنی مێژوویی ئەتۆمی، كە ئەوەش بەشێك بوون لە پلانە وردبینانەكانی نیزام".

ئەندامی ئەنجومەنی دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی نیزام وتیشی، "سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەكی و ئاستەنگەكانی بەردەمی دەبێت هەموو گەلی ئێران لە پێناو سەربەرزی و شەڕافەتی وڵاتەكەمان بە یەكگرتوویی تەواو و دەست لە دەستی یەكتر متمانە بە ژیریی رێبەری باڵا بكەن بۆ تێپەڕبوون لە قەیرانەكان".
ه.م