نوسینگەی سلێمانی كۆمسیۆن داوا لە هاوڵاتیان دەكات سەردانی بنكەكانیان بكەن

کوردستان

16/07/2018‌ 387 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوسینگەی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم داوا لە هاوڵاتیان دەكات لە ماوەی مانگێكدا سەردانی بنكەكانیان بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

رێبین ئەبوبەكر، بەرپرسی نوسینگەی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تۆمارێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دانراوەو لە 11ی ئەم مانگەوە 84 بنكەی لاوەكی لە سەنتەری سلێمانی و دەورووبەری كراونەتەوە تاوەكو هاوڵاتیان سەردانیان بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان.

 ئاماژەی بەوەشكرد، "داوا لە هاوڵاتیان دەكەین لە ماوەی مانگێكدا سەردانی بنكەكانمان بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوەكو مافی دەنگدانیان هەبێت".

رێبین ئەبوبەكر وتیشی، هاولاتیان خۆیان بەرپرسیاردەبن لە نەدۆزینەوەی ناوەكانیان لە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا.

بەپێی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی هەرێم لەكاتی سەردانیكردنی هاوڵاتیان بۆ بنكەكانی دەنگدان پێویستە (ناسنامەی باری شارستانی، ڕەگەزنامەی عێراقی، كارتی نیشتیمانی، پاسپۆرت) پێبێت بەمەرجێك ماوەكەی بەسەرنەچوبێت.

بڕیارە 30ی مانگی (ئەیلول/9) هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆش كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تیروپشكی بۆ ژمارەی لیست و قەوارەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا.
ه.م