ئێران دەست بەسەر چەندین ملیۆن دۆلاری بازرگانانی سلێمانی دەگرێت

کوردستان

17/07/2018‌ 4554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چەندین ملیۆن دۆلاری بازرگانانی سلێمانی لەئێران دەستی بەسەر دادەگیرێت، بەرپرسێكیش ئاشكرایدەكات خەڵكێكی ساختەكار لەئێران لە بابەتەكە تێوەگڵاون.

یاسین رەحیم، جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی هەفتەنانەی (باس)ی  راگەیاندووە "بڕە پارەیەكی خەڵكی سلێمانی لەئێران دەستی بەسەرگیراوە".

یاسین رەحیم راشیگەیاند "بڕێك پارەی بازرگانانی سلێمانی ئەوانەی كاری ئاڵوگۆڕی دراو دەكەن لەئێران دەستی بەسەرداگیراو لەهەوڵداین بۆ گڕاندنە‌وەی ئەو پارەیە".

هەروەها راشیگەیاند "لەسەر ئەو دۆسییەیە چەند جارێك لەگەڵ بەرپرسان ئێرانی كۆبوونەوەمان كردووە، لەگەڵ سەركونسوڵی ئێران كۆبووینەوە و لەئێرانیش لەگەڵ چەندین بەرپرس دانیشتووین، داوامان لێكردوون چارەسەری ئەو دۆسیەیە بكەن، چونكە ئەوانەی كاری حەواڵەی پارە لەسلێمانی دەكەن لەو پرسە تاوانبار نین، بەڵكو هەندێك خەڵكی ناو ئێران، كە ساختەكارن ئەو كارەیان كردووە".

یاسین رەحیم ئاماژەی بە وردەكاری بابەتەكە كرد ورایگەیاند "بابەتەكە بەو جۆری بووە، كە هەندێك لەبازرگانانی سلێمانی لەرێگەی خەواڵەوە پارەیان داوە بە بازرگانانی ئێران، بەڵام لە ئێران پارەكە دەستی بەسەرگیراوە، ئەوەش لە كاتێكدایە، كە پێشووتر رێكەوتن لە نێوان ئێمە و ئەوان هەبووە كە كاری حەواڵە كاری لە نێوانماندا كاری پێ بكرێت".

ناوبراو هەروەها رایگەیاند "خەڵكانێك هەن لە ئێران، كە كاری سەختەكاری دەكەن، كاتێك بازرگانێكی سلێمانی پارەی ئەو كاڵایە دەنێرێت كە دەیەوێت بیكڕێت، سكاڵای لەسەر تۆمار دەكەن بەبیانووی ئەوەی پارەیان لای بارزگانەكە هەیە، دادگاش دەستبەسەر پارەكەدا دەگرێت و ناتوانرێت هیچ مامەڵەیەكی پێوە بكرێت".

یاسین رەحیم، ئاشكرایشكرد خەڵكێكی زۆری سلێمانی، كە خەڵكی سەرمایەدار و بازرگانی ناوداریشی تێدایە زیانیان پێكەوتووە "بە گشتی چەندین ملیۆن دۆلاری ئەو خەڵكە  لە لایەن  دادگای ئێرانەوە دەستی بەسەرگیراوە تا ئەو كاتەی بابەتەكە یەكلایی دەكرێتەوە".

جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ئەوەشی ئاشكراكرد، خەڵكێكی ساختەكار لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی پارە بۆ بازرگانای سلێمانی داوای پارە دەكەن‌و رایگەیاند "هەندێك كەسی ساختەكار لەبەرانبەر گەڕاندنەوەی پارەكە داوای پێدانی پارە دەكەن، كە ئەوەش ساختەكارییە و نایاساییە".

ئەو پێیوایە، ئەو جۆرە بابەتانە كاریگەری لەسەر پەیوەندییە بازرگانیەكانی هەردوولا دەكات و متمانە ناهێڵێت و وا دەكات كاری حەواڵە بوەستێت، ئەوەی راگەیاند "لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا بانك هەیە، بەڵام چونكە بانكەكانی رسوماتیان زۆرە بۆیە لە رێگەی حەواڵەوە دەكرێت كە ئەوەش شەرعیەتێكی هەیە، بۆیە لەئەگەری پێنەدانەوەی پارەكان بە خاوەنەكانیان و بەردەوامبوونی ئەو حاڵەتە، ناتوانین وەكو پێویست كارە بازرگانییەكانمان لەگەڵ ئێران ئەنجامبدەین".

هـ ـ ح