سوپای عێراق رەتیدەكاتەوە هێزیان لەكەركوك‌و خورماتوو كشابێتەوە

عیراق

17/07/2018‌ 351 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەمید یەحیا زوبێدی وتەبێژی هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق دەڵێت: هیچ هێزكیان لەكەركوك و خورماتوو نەكشاندووەتەوە بۆ باشووری عیراق، چونكە هەر خۆی هێزی پێویست لەناوچەكانی باشوردا هەن.

قسەكانی عەمید یەحیا زوبێدی وتەبێژی هێزی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو دەشڵێت: "هیچ بڕیارێكی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە، ئەو بڕیارە ڕاست نییە یەكە سەربازییەكانمان ئێستا لەكەركوك و شوێنەكانی تردا هەن، هیچ بڕیارێك نییە بۆ كشانەوەی ئەو یەكە سەربازیانەمان، خۆی لەناوچەكانی باشوور یەكەی تەواوی سەربازیمان هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سیستم پێویست بەكشانەوەی هێز ناكات لەشوێنەكانی تر. "

لەبارەی دیمەنی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا لەدوزخورماتوو؟ عەمید یەحیا دەڵێت: "ئێمە هیچ بڕیارێكمان نییە بۆ كشانەوەی هێز نە ‌لەكەركوك نە لەخورماتوو، یەكەكانمان لەوێن، ئەركیان پاراستنی هەموو هاووڵاتییانە بەهەموو نەتەوە و مەزهەبەكانییەوە،  بۆ دڵنیایی هەمووان لەئێستادا هەموو یەكە عەسكەرییەكانمان لەشاری كەركوك و ناوچەكانی دەوروبەری كەركوكن، هیچ جوڵیەكیان بە ئاڕاستەی كشانەوە پێ نەكراوە. "

وتەبێژی هێزە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان باسی لەوەشكرد ، ‌ئەو خۆپیشاندانانە داوای ڕەوای هاووڵاتییانە، بەڵام "ئێمە وەك یەكە سەربازییەكان و یەكە هاوبەشەكان ئەركمان پاراستنی هاووڵاتییانە، لەهەمانكاتدا ئەركمان پاراستنی پڕۆژە ئابوورییەكان‌و دامودەزگا حكومییەكانە، هەرچەندە هەندێك هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكان بەرە و گێرەشێوێنی ببات، بەڵام ڕێگە نادەین بەهیچ كارێكی گێرەشێوێنی دژی هیچ دامەزراوەیەكی دەوڵەت یا مەدەنی و ئابوری، هەركەس بیەوێت ئەو كارانە بكات بێگومان وەڵامی توندمان دەبێت، لەهەمان كاتدا ئێمە چاودێری دەكەین، هەوڵی هەواڵگریمان هەیە،سەبارەت بەهەموو ئەو كەسانەی دەیانەوت داخوازییە ڕەواكانی خەڵك بە ئاڕاستەی كاری گێرەشێوێنی ببەن، هەروەك ئاماژەم پێدا وەڵامی توندمان هەیە بۆ هەركەس بیەوێت زیان بە سەلامەتی هاوڵاتیان و دامودەزگاكان و هەروەها دامودەزگاكانی حكومەت و ئابوری و مەدەنی بگەیەنێت. "

هـ ـ ح