پرۆژەكەیان رەتدەكەنەوە
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێم ئامادەنین گفتوگۆ لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی بكەن

کوردستان

17/07/2018‌ 1461 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لایەنە ناڕازییەكانی هەرێمی كوردستان ئامادەنین گفتوگۆ لەگەڵ پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتنانی بكەن‌و پرۆژە هاوبەشەكەی ئەو دوو لایەنەش رەتدەكەنەوە.

لایەنە ناڕازییەكان، لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و یەكگرتووی ئیسلامی پێكهاتوون، كە لەئەنجامی هەڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردووی پەرلەمانی كوردستان ناڕازین.

بەپێی دوو سەرچاوەی جیاوازی ناو گۆڕان‌و هاوپەیمانی، ئەو لایەنانە جۆرێك لەلێكتێگەیشتنیان هەیە، كە لەئێستادا هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ پارتی‌و یەكێتی نەكەن.

هەر بەپێی سەرچاوەكان بۆ شارپرێس، لایەنەكان لەئێستادا چاوەڕێی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن، دوای ئەوە لەبارەی گفتوگۆكانەوە هەڵوێستی هاوبەش رادەگەیەنن.

ئەوە لەكاتێكدایە، رۆژی دوو شەممە پارتی ‌و یەكێتی كۆبوونەوەو رایانگەیاند، دەیانەوێت گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە ناڕازییەكان بكەن، بۆ ئەوەی هەموو لایەنەكان لەسەر پرۆژەیەكی هاوبەش رێكبكەون، كە پرۆژەكە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەبێت، بۆ بەشداری كورد لەحكومەتی داهاتوو.

ئەو سەرچاوانە جەختیشیان كردەوە، كە ئەوان پرۆژەكەی پارتی‌و یەكێتی رەتدەكەنەوەو ئەگەر بەشداری حكومەتی داهاتوو بكەن، ئەوە پرۆژەی تایبەت بەخۆیان دەبێت، بەبێ‌ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكەن.

گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و هاوپەیمانی ‌و یەكگرتوو بەبیانووی ئەوەی پارتی‌و یەكێتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "ساختەكاری"یان لێكردوون، بۆیە ئامادەنین گفتوگۆیان لەگەڵ بكەن.

هـ ـ ح