بەرپرسیکی سەربازی پەکەکە داوا لە خەڵکی باشوری کوردستان دەکات دژی لەشکرکێشی تورکیا چالاکی ئەنجام بدەن

کوردستان

17/07/2018‌ 903 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێك لە فەرماندەکانی هەپەگە ڕایدەگەێنێت "بانگ لە گەلی خۆمان و پێشمەرگە دەكەین لەباشوری کوردستان چالاكی دژی سوپای تورکیا  ئەنجام بدەن".


عەگید كەلار، یەكێك لە فەرەماندەكانی فەرماندەكانی هێزەكانی پاراستنی گەل هەپەگە لە چاوپێكەوتنێكدا بە  ئاژانسی هەواڵی فورات ڕاگەیاندوە "هێرشی توركیا بۆ سەر باشوری كوردستان لە سەرەتای بەهارەوە بە چڕیی بەردەوام دەكات، لەم ماوەیەی دوایشدا توركیا دەیەەوێت هێرش بكاتە سەر قەندیل و پەكەكەش وەكو بەهانە نیشان دەدەن، ئامانجی توركیا ئەوەیە هەموو باشوری كوردستان داگیر بكات، نەك تەنها قەندیل، لە ڕۆژئاوای كوردستان ئەوە بە ئاشكرا دیار بوو، كە ئامانجەكەی داگیركردنە، لە باشوری كوردستانیشدا بەو شێوەیە، لە سەرەتای بەهارەوە لە هەرێمی برادۆست لە خواكورك لە بادینان ئەو داگیركارییە بەردەوام دەكات".


عەگید كەلار فەرماندەی ‌هێزەکانی پاراستنی گەل ئاماژەی بەوەداوە "هەڤاڵانی ئێمە لە دژی ئەو داگیركاریە لەنێو پاراستنی باشوری كوردستاندان، هەڤاڵانی ئێمە باشوری كوردستان دەپارێزێن، ئاشكرایە كە ئاكەپە چووەتەسەر هێڵی مەهەپە، مەهەپەش پارتییەكی فاشیستە، ئاكەپە ئاكەپەی جاران نییە، ئەردۆغان ئێستا لەسەر خەتی دەوڵەت باخچەلیە، كە هیچ شتێك لەسەر ناوی كورد پەسەند ناكات، بۆیە پێویستە هەموو كەسێك لەو ڕەوشە ئاگادار بێت، ئێستا ئاكەپە و مەهەپە هیچ جیاوازییەكیان نییە، بۆ ئەوەش هیچ شتێك لەسەر ناوی كورد قەبوڵ ناكەن".


فەرمانداری هەپەگە وتی "پەكەكە لە هەمان كاتدا جوڵانەوەی باشوری كوردستانیشە، كەس ناتوانێ‌ ئەوە ئینكار بكات، هەڤاڵان بەشداری شەڕی جەلەولا بوون و بۆ ڕزگاركردنی جەلالەولا دژی داعش شەڕیان كرد، لە كەركوك لە دژی داعش شەڕیان كرد و لەوێ‌ هەڤاڵی ئێمە شەهید بوون، لە شەنگال هەڤاڵان لە دژی داعش شەڕیان كرد و ئێستاش بەرخۆدان بەردەوامە بۆ گەلی باشوری كوردستان، واتا پەكەكە لە هەمان كاتدا جوڵانەوەیەكی باشوری كوردستانیشە، ئەوە سەلما كە پەكەكە تەڤگەرێكی باشوری كوردستانیشە، هەركاتێك هێرش لەسەر باشور دروست ببێت پەكەكە باشوری كوردستان دەپارێزێت.


عەگید كەلار ئەوەشی وتوە "شەڕی قەندیل شەڕی پاراستنی تەواوی باشوری كوردستانە، بۆیە پێویستە بابەتەكە وەكو خۆی شڕۆڤە بكرێت، نیشاندانی پەكەكە وەكو داگیركەریی خزمەتی داگیركەران دەكات، ئێستا هەندێك دەنگی جیاواز دەردەكەون و پەكەكە وەكو داگیركەر نیشان دەدەن، بەڵام ئەوە هیچ پەیوەندییەكی بە ڕاستییەوە نییە، ئێمەش خەڵكی باشوری كوردستانین".


عەگید كەلار باسی لەوەکرد "دەوڵەتی تورك دەیەوێت بە داگیركردنی باشوری كوردستان پەیوەندی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببرێت، هەروەها دەیەوێت كەركوك و موسڵ-یش داگیربكات، بۆ ئەو ئامانجانەشی پەكەكە دەكاتە بیانوو، ئەو پیلانانەی توركیا ڕوونە و هەموو كەس دەیزانێت".


فەرماندەکەی هەپەگە ئەوەشی خستەڕوو "توركیا دەیەوێت پەیوەندی نێوان باشور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببڕێت، هێرش لەسەر برادۆست بەو واتایەت دێت كە ڕۆژهەڵات و باشور لەیەك دابڕن، بۆیە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیشەوە هەڵوێست نیشان بدرێت، واتا داگیركاریی توركیا بە بەهانەی پەكەكە، بۆ ئامانجی زیاترە، دەبێ گەلی ئێمە ئەوە باش بزانێت".


فەرمانداری هەپەگە وتین "ڕۆشنبیران و گەنجانی باشوری كوردستان دەبێت هەڵوێستی جدیان هەبێت، نەك تەنها قەندیل، پێویستە بچنە برادۆستیش، بەو شێوەیە دەتوانرێت باشوری كوردستان بپارێزرێت، گەریلا بە ڕۆڵی خۆی هەڵدەستێت و بۆ ڕێگریكردن لە داگیركاریی توركیا ئامادەیە فیداكاریی مەزنتریش بكات، گەریلا هێزێكی نەتەوەییە، لە چی شوێنێكی كوردستان پێویست بێت ئامادەیە، نەك تەنها جەلەولا، ئەگەر پێویست بێ‌ ئێمە لە كرماشان-یش دەبین لە ئورمیەش دەبین".


فەرماندەی هەپەگە جەختی لەوە کردووە "ئەو كەسانەی خۆیان بە پێشمەرگە دەزانن، چۆن لەگەڵ هەڤاڵانی ئێمە لە جەلەولا و كەركوك و شەنگال لە دژی داعش شەڕیان كرد، ئێستاش لە دژی داگیركاریی توركیا شەڕ بكەن، لەبەرئەوەی داگیركاریی توركیا ئێستا زۆر جیاوازە، ئێمە بانگ لە گەلی خۆمان دەكەین كە چالاكی ئەنجام بدەن و بانگ لە پێشمەرگە دەكەین كە لەگەڵ گەریلا لە سەنگەرەكان بەرخۆدان بن، ئێمە بانگ لە گەنجان دەكەین كە چالاكی خۆیان زیاتر بكەن، تەنها لە قەندیل نەوەستن و ڕوویان لە برادۆست و خواكورك و هەرێمی بادینان بكەن، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە كار و تێكۆشانی گەنجان كەم نابینین، دەستخۆشی لە ئەوان دەكەین، بەڵام پێویستە بگەنە ئەو ئاستەی كە پێش لە داگیركاریی بگرن و چالاكییەكان فراوانتر بكەن."
هـ ـ ر