سكرتێری پەرلەمان نەما
شارپرێس گۆڕانكارییەكانی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بڵاودەكاتەوە

کوردستان

17/07/2018‌ 1839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانی كوردستان كۆبووەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی تایبەت كرد بە گفتوگۆكردن لەسەر پەیڕەوخۆی پەرلەمانی كوردستان و كۆمەڵێك گۆڕانكاری لەوبارەیەوە ئەنجامدا.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەكاتی بانگهێشتكردنی وەزیرەكانی هەرێم ئەگەر ئامادە نەبوو بچێتە پەرلەمان، ئەوا پەرلەمان دەتوانێت بە شێوەی غیابی لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكات، تا دەگاتە دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی، هاوكات ئەگەر لەكاتی پشوودا بودجە گەیشتە پەرلەمان، پێویستە پەرلەمان پشووەكەی كۆتایی پێبهێنێت و تاوتوێی بودجە بكات.

هەربەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سكرتێری پەرلەمان نەما و بوو بە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، هەروەها لەمەودوا ئەنجومەنی دادوەریش دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشكەشبكات.

لە پەیڕەوی نوێی ناوخۆی پەرلەماندا هاتووە، پێویستە لە پۆستەكانی دەستەی سەرۆكایەتی یەكێكیان ژن بێت، هەروەها ئەوەش هاتووە، دەكرێت فراكسیۆنێك لە پەرلەمانتارێك پێكبێت، هاوكات هەر پەرلەمانتارێك لە پەیڕەوی فراكسیۆنەكەی لابدات یاخود جیابێتەوە، فراكسیۆنەكەی بۆی هەیە دووری بخاتەوە و بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن كەسێكی تر لە شوێنی دیاریبكات.
ه.م