سعودـیە سزای لە سێدارەدانی بەسەر 7 كەسدا جێبەجێكرد

جیهان

17/07/2018‌ 497 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی فڕانس پـرێس بڵاویكردەوە، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە لە شاری جەددە سزای لە سێدارەدانی بەسەر 5 كەس جێبەجێكردووە.

ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو 7 كەسە بریتیبوون لە 2 كەسی سعودی و 3 كەسی خەڵكی چاد، ئەو كەسانە تۆمەتباربوون بە لێدان و ڕفاندن و كوشتنی پاسەوانی عەمبارێك بە ئامانجی دزیكردن، كە بەهۆیەوە پاسەوانە كوژراوەكە كە بەرەگەز پاكستانی بوو.

هەروەها هەمان سزا بەسەر 2 كەسی دیكە لە ناوچەی تەبوكی باكوری ڕۆژئاوای وڵاتەكە جێبەجێكراوە، كە یەك لە سزادراوەكان بەنزینی بەسەر كەسێكی سعودیدا كردبوو و گڕی تێبەردابوو و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدابوو، تاوانبارەكەی دیكەش لوبنانی بووە و بە قاچاغ حەبی كاپتاگۆنی قەدەغەكراوی هێناوەتە وڵاتەكە.

عەرەبستانی سعودیـیە سزای لە سێدارەدان بە سێ شێوە جێبەجێ دەكات، كە بریتین لە سەر پەڕاندن یان گولـلەبارانكردن یانیش ڕەجمكردن.

لە ماوەی ئەمساڵدا ئەوە یەكەم جارە لە ڕۆژێكدا لە سعودیـیە ئەو ژمارە زۆرەی تاوانباران لە سێدارەبدرێن، بەڵام بەپێی ئامارەكان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 73 كەس لە سێدارەدراون.

عەرەبستانی سعودیـە یەكێكە لەو وڵاتانەی ساڵانە ژمارەیەكی زۆر سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت و ساڵی ڕابردووش 141 كەس، ساڵی 2016ش 150 كەس لەسێدارەدراون.
ه.م

بەپەلە