وردەكاری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكەی پێشمەرگە و هاوپەیمانان لە چیای قەرەچووغ

کوردستان

17/07/2018‌ 1488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فەرماندەیەكی هێزەكانی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، دوو بنكەی داعش لە چیای قەرەچووغ هەبوون، كە لە شێوەی ئەشكەوتە و ئاویان تێدای، زۆربەی ئەو گەلییانەی كە ئەشكەوتی تێدابووە لەو ناوچەیە ئەوا سوودیان لێ بینیووە، بەڵام ئێستا هیچ بوونییان نەماوە.

دووشەممەی رابردوو هێزەكانی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنێكیان لە چیای قەرەچووغ ئەنجامدا، كە تیایدا سێ پێشمەرگە شەهید و شەشی دیكەش برینداربوون، ئەمڕۆش تەواوی ئەو شوێنەی كە داعش خۆی لێ حەشاردابوو، لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە خاپووركرا و تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.

لیوا ئەرسەلان مام وسو، فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە بە ئاژانسی ئەنادۆڵ-ی تورکی راگەیاند، سەرەتا ئۆپەراسیۆنەكە لەسەر چیای قەرەچووغ بۆ دامێنی چیاكە دەستیپێكردووە بەپێی زانیاریییەكانی هێزی پێشمەرگە، لە خوارووی ئەو چیایە داعش لە چەند شوێنێك خۆی حەشارداوە و جموجۆڵی هەیە، بۆیە لە رۆژی دووشەممەوە هێزەكانی پێشمەرگە دەست دەكەن بە كێوماڵیكردنی ناوچەكە، لەكاتی نزیكبوونەوەیان لە شوێنێك كە هاوشێوەی ئەشكەوتە، شەڕ و پێكدادان روودەدات و چەكدارانی داعش لەو شوێنە خۆیان حەشاردابوو.

بەپێی ئاژانسەکە، لە لە ئۆپەراسیۆنەكەی پێشمەرگەو هێزەكانی هاوپەیماناندا سێ پێشمەرگە شەهیدبوون و شەشی دیكەش برینداربوون، ئەمڕۆ سێشەممەش تەواوی شوێنەكە بەسەر چەكدارانی داعش خاپوور كرا.

لە ئۆپەراسیۆنەكەدا هێزەكانی هاوپەیمانان لە رێگای فڕۆكە جەنگییەكانەوە بۆردوومانی ئەو شوێنانەیان كردووە و ئەمڕۆ سێشەمەش هێزەكانی پێشمەرگە هەردوو شوێنەكەیان خاپووركردووە، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە نەبێتە شوێنی چەكدارانی داعش، چونكە بەپێی وتەی فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە، لە تەواوی ئەو بیابانەدا تەنیا لەم شوێنە ئاو هەبووە كە داعش وەكو ئەشكەوت و تونێڵ بەكاری هێناوە.

چیای قەرەچووغ دەكەوێتە 60 كیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری هەولێر و دەڕوانێتە سەر شارەدێی مەخموور.
ه.م