داوای كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت

کوردستان

18/07/2018‌ 1220 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
داوای كەمكردنەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت‌و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت: ئەگەر ژمارەی كورسییەكان كەم بكرێنەوە خەرجییەكانیش كەمدەبنەوە، رێككەوتن و سازانی فراكسیۆنەكانی زیاتر دەبێت و دەوامكردن و تەركیزكردنیش زیاتردەبێت.

لەعێراق نرخی هەر پەرلەمانتارێك نوێنەرایەتی نزیك بە 100 هەزار كەس دەكات، لە هەرێمی كوردستان ئەم ژمارەیە نیوە و كەمتریشە.

لەساڵی 1992 سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی لیژنەیەكی راسپارد بۆ ئامادەكردنی یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان - عێراق "پەرلەمانی كوردستان"، لێژنە 15 كەسییەكە لەماوەی نێوان 23ی كانوونی یەكەم تا 28ی كانوونی دووەم، واتە لە 35 رۆژدا پڕۆژە یاسای ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان - عێراقیان نووسییەوە، كە لە حەوت دەروازە پێكدەهات. 

پەیوەست بە ژمارەی كورسییەكانی ئەو ئەنجوومەنەوە كە ئێستا پەرلەمانە لەماددەی یەكەمی دەورازەی یەكەمی ئەو پڕۆژە كە دواتر یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەڵگرت و لە هەشتی نیسان پەسەندكرا هاتووە "ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان - عێراق لە ئەندامان پێكدێت
، كە ژمارەیان لە 100 ئەندام كەمتر نەبێت و لەسەر بنەمای هەر نوێنەرانێك بۆ 30 هەزار كەس دەبێت".

لەماوەی 26 ساڵی ئەزموونی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان تەنیا یەكجار دەستكاریی كراوە، ئەویش بۆ پێكهاتەكان بووە، بەڵام لەئێستادا ژمارەی ئەو كورسییانە كە 111 كورسیین بەزۆر دەزانرێت و هەندێك وای بۆ دەچن كە لەساڵی 1992 لەسەر بنەمایەكی تۆكمە دیاری نەكراوە و ئێستا پەرلەمانی كوردستانیش وەكو دامەزراوەیەكی یاسادانانی چاودێری بووە بە "بارێكی قورس" لەرووی زۆریی ژمارەی كورسییەكانی، خەرجییەكانی، هەروەها كاریگەرییەكانیشی، بۆیە داوای كەمكردنەوەی كورسییەكانی دەكرێت لەپێناو "كاراكردنی" ئەدای پەرلەمان. 

عومەر عینایەت ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێش ماوەیەك پڕۆژەیەكی لەبارەی چاكسازیی لەپەرلەماندا پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو، پێشنیازی كردووە ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمان لە 111 كورسییەوە بۆ لەنێوان 56 بۆ 61 كورسی كەمبكرێتەوە، كە پێی وایە بۆ هەرێمی كوردستان ئەو ژمارەیە بەسە و ئەوەشی ئێستا هەیە زۆرە و بارێكی قورسە بەسەر خەڵكەوە.

عومەر عینایەت لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ باس لە پڕۆژەكەی دەكات، كە بەقسەی خۆی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستخۆشییان لێكردووە دەشڵێت: "یەكێك لە بڕگەكانی ئەو پڕۆژە چاكسازییەی پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانم كردووە ئەوەیە، كە ژمارەی ئێستای كورسییەكانی پەرلەمان هیچ بنەمایەكی نییە و دەبێت روون بێت، كە لەسەر چی بنەمایەك ئەو ژمارەیە دەستنیشانكراوە، پێشنیازیشیم كردووە، كە ژمارەكە بۆ لەنێوان 56 بۆ 61 كورسی بێت‌و بۆ ئەمەش پشتم بەخەمڵاندنی سەرژمێری دانیشتوان بەستووە، كە ئەگەر بۆ هەر 100 هەزار كەس یەك نوێنەر هەبێت كەوایە ئەو 111 كورسییە زۆرە، ئەگەر گریمانی ئەوەش بكەین، كە هەرێمی كوردستان شەش ملیۆن كەس بێت ئەوا 60 كورسی پەرلەمانمان دەبێت، بۆ ئەوەشی، كە ژمارەكە تاك بێت ئەوا 61 ئەندام بۆ پەرلەمان تەواوە".

عینایەت، كە چەندین هاوڕای لەم بۆچوونەیدا لەنێو پەرلەمان و دەرەوەشیدا هەیە لە حزب و لایەنە سیاسییەكان و خەڵكیش دەشڵێت: "ئەوە هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان".

هـ ـ ح