سیروان بارزانی: لەهەندێك شوێنی كەركوك شەوانە داعش لەحكومەتی عێراق بەهێزترن

عیراق

18/07/2018‌ 531 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان (میحوەری گوێر و مەخمور) دەڵێت: ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە وەك جاران پایتەخت و خەلافەتیان نەماوە ئێستا زیاتر شەڕی پارتیزانی‌و گەریلایی دەكەن، بەڵام لەهەندێك شوێنی دەوروبەری كەركوك شەوانە داعش لەحكومەتی عێراق بەهێزترن.

لەدوو ڕۆژی ڕابردوودا لە قەزای مەخمور و چیای قەرەچوخ ئۆپراسیۆنێكی هاوبەشی هێزەكانی پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان ئەنجامدرا، سیروان بارزازنی فەرماندەی باڵای پێشمەرگ،ە كە بەرپرسی میحوەرەكەیە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ دەنگی ئەمریكا باسی لە ئۆپراسیۆنەكە كرد و وتی: "ئۆپراسیۆنەكە هاوبەش بوو لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دژی جموجۆڵی چەكدارانی داعش كە لەو ناوچانە هەبوون زۆرجار دەپەڕینەوە بۆ حەویجە و ئەوناوچانە زۆر جار بەهەماهەنگی لەگەڵ فڕۆكەی هاوپەیمانان زانیاریان لەسەر كۆكراوەتەوە و لێیان دراوە، ئەمجارەش بەهەماهەنگی هاوپەیمانان وەزارەتی پێشمەرگە پێش وەختە كۆكردنەوەی زانیاری لەڕێگای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە زانیاری لەسەر جموجۆڵ و تونێل و شوێنی مانەوەیان پەیداكرا لەو ناوچە شاخاویە بۆیە بڕیاردرا ئۆپراسیۆنێكی هاوبەش بۆ ڕوماڵكردنی ئەوناوچانە دەست پێبكرێت."

بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەكانی پێشمەرگە وتیشی: "لەئۆپراسیۆنەكە توانرا نزیكی (٣١) خاڵی داعش بۆردومان بكرێت و شوێنی مانەوەیان، كە بریتی بوو لەتۆنێل و ئەشكەوتی بچوكی مانەوە ژمارەیان (١٥) شوێن بوو هەموویان خاوێن كرانەوە."

هەروەها وتی: "هاوكاری هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە بەردەوامە بەتایبەتی لەئۆپراسیۆنەكەی دوێنێ بۆ یەكەمجاربوو هەلی كۆپتەری ئاپاتچی بەكاربهێنن لەبۆردوومانكردنداو یەكەمجاربوو هێزە تایبەتیەكانیان لەگەڵ پێشمەرگە بڕۆن."

لەبارەی هاوكاری و بەشداری چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، كە لەمەخمورن لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكەی پێشمەرگە و هاوپەیمانان؟ سیروان بارزانی وتی: "ئەوان هیچ هاوكاریەكیان نەكردوین ‌و هیچ پەیوەندیمان بەیەكەوە نییە، نازانین ئەو چەكدارانەی، كە لەپێشتردا هاتن بۆ پاراستنی كەمپەكەی كوردانی باكوور لەوێ ماون یاخود نا؟ بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەوێ ماون بەڵام هیچ هاوكاری و هەماهەنگیەكمان نییەو نەبووە."

بەبڕوای سیرون بارزانی، داعش ئەو هێزەی جارانی نەماوەو وتیشی: "داعش ئێستا زیاتر شەڕی پارتیزانی و گەریلایی دەكەن، هەروەها لەهەرێمی كوردستان ئەو هێزەیان نییە، كە بتوانن شارێك یا شارۆچكەیەك بگرن، بەڵام ڕەنگە لەشوێنەكانی دیكە بەتایبەت شارۆچكە بچوكەكان ئەوانەی خەڵكیان لەگەڵە بتوانن شوێن داگیر بكەن."

پێشتر سەباح نوعمانی وتەبێژی دەزگای دژەتیرۆری عێراقی ڕایگەیاندبوو: "داعش لەڕووی سەربازییەوە لەعێراق كۆتایی هاتووە، بەڵام لەڕووی بیروباوەڕەوە هێشتا لەعێراقدا ماون، دەزگای دژەتیرۆر و وەزارەتەكانی دەوڵەت بەرنامەی تایبەتیان هەیە بۆ لەناوبردنی ئەو بیروباوەڕانە."

بەڵام سیروان بارزانی بەرپرسی میحوەری شەشی هێزەكانی پێشمەرگە بۆوچونی پێچەوانەتری هەیە ئەو پێی وایە تا عێراق یەك پارچە بێت ئەم گروپەتوندڕەوانە لەعیراقدا دەمێنن لەو ڕووەوە وتی: "داعش و قاعیدە و ئەو فكرە توندڕەوانەی لەعیراقدا دروست بون ئەو مەجالەی بۆیان دروست بووە ئەو كێشانەی بەداخەوە لەعیراقدا بونیان هەیە ئەوە هەروەك خۆی بەردەوامە بۆیە ئەو فكرەیە ناڕوات تا عیراق بەم دۆخە بێت یەكپارچە بێت ئەم كێشانە چارەسەر نابن هەموو دنیا ئەمە دەزانن."

بارزانی وتیشی" ڕاستە داعش لەڕووی سەربازییەوە وەك جاران پایتەخت و خەلافەتیان نەماوە، بەڵام بڵێین جموجۆڵی عەسكەریان نەماوە نەخێر ناڕاستە، بەتایبەت لەهەندێك لەناوچەكانی كەركوك و حەویجە بەتایبەت لەو ناوچانە بەشەو داعش بەهێزترن لەحكومەتی عیراقی لەسەر ڕێگای كەركوك - بەغدا خەڵك دەگرن سەردەبڕن لەماوەی ئەو دوو مانگەی ڕابردوو بەدەیان خەڵكیان گرتووە و سەریان بڕیووە."

هـ ـ ح